لەماوەی 20 ساڵی رابردوو، گۆڕانی گەورەی دیموگرافی لەعیراق و سوریا بووە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
✍️ سەرتیپ جەوهەر
دیمەنی ئەو تاوانە قبَزەونانەی لەماوەی دوو رۆژی رابردوو بینیمان كەلەلایەن چەتەو چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەشام (داش) دەرهەق بەهاوڵاتیانی كورد لەحەلەب بڵاوكرایەوە ماهیەتی رژێمەكەو هەقیقەت و سروشتی شەڕانگێزیی و دەمارگیریی شەقامی عەرەبی سوننەی سوریا بەرامبەر بەكورد بەروونی پێشاندا.
لەو تاوانانەی بەرامبەر كورد كران، تەنها چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لەشام بەشدار نەبوون، بەڵكو جگە لەرژێمی توركیا، دەیان دامودەزگای میدیایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی وەك سعودیەو قەتەر پشتیوانیی كۆمەڵكوژییەكانیان دەكردو بەهەموو توانایەكەوە شەقامی سوریایان پەمپ دەداو ژەهری رق و كینەی دەمارگیریی عەرەبیان دەبەخشیەوە. بەهەموو پێوەرو لۆژیكێك، تازە مانەوەی هاوڵاتیان كورد لەوشارە زۆر زەحمەت دەبێت بگرە كوردانی شام-یش رووبەرووی خراپترین دۆخی چەوساندنەوەی دەمارگیریی نەتەوەیی و دینی دەبنەوە.
لەماوەی 20 ساڵی رابردوو، بەهۆی دەمارگیریی قەومیی و توندڕویی ئاینی و مەزهەبییەوە، كۆمەڵگاكانی ناوچەكە رووبەرووی توندوتیژیی ماڵوێرانكەرو گۆڕانی گەورەی دیموگرافیی و نەمانی رەنگە جیاوازەكان بونەتەوە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، بەغداو بەشێك لەپارێزگاكانی عیراق كە لەزۆر ناوچە شیعەو سوننە بەیەكەوە دەژیان، بەڵام توندوتیژیی مەزهەبی و تایفی، بەتەواوی جیایكردنەوە. دەبینین ئێستا بەغدا كەمینەیەكی سوننەی لێیەو شارەكانی دیكەش بەهەمانشێوە رووبەرووی راگوێزانی بەكۆمەڵ بوونەوە. هەروەك مەسیحیەكانی ناوەڕاستی عیراق زۆربەی هەرەزۆریان یان هاتنە هەرێم یاخود روویان لەئەوروپاو ئەمریكا كرد.
لەدوای هاتنی دەوڵەتی ئیسلامیی لەعیراق و شام (داعش) لەشارە جیاوازەكانی داگیریانكردبوون، بەشێك لەپێكهاتە جیاوازەكان رووبەرووی كۆمەڵكوژیی یاخود ناچار بەكۆچی بەكۆمەڵكران.
لەسەرەتای دروستبوونی داعش لەسوریا بەتایبەت لەنێوان 2013 تا 2016 لەزۆربەی شارەكانی ناوەڕاستی سوریا وەك رەققە، گوندەواری حەسەكە، دێرزۆر..تد رووبەرووی لەناوبردو و بەزۆر كۆچپێكردن بوونەوەو تائێستا نەگەڕاونەتەوە.
هەروەك لەعیراق لەماوەی 2014 تا 2017 بەشێكی زۆری پارێزگای موسڵ رووبەرووی پاكتاوی رەگەزی زۆر مەترسیدار بوویەوە. دەبینین كوردانی ئێزدی لەباكوری پارێزگاكە لەشارەكانی شنگال و سنون و دەوروبەری رووبەرووی كۆمەڵكوژی گەورەو راگوێزان بوونەوەو تائێستاش بەشێكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە.
هەروەك لەوماوەیە لەناوەندی پارێزگای نەینەوا لەشاری موسڵ پێكهاتەكانی وەك مەسیحیی، سابیئە، كوردی ئێزدی، شەبەك، كاكەیی ..تد شارەكەیان جێهێشت و تائێستا زۆربەیان نەگەڕاونەوە. تەنانەت شارە مەسیحیەنشینەكانی دەشتی نەینەوا وەك بەرتلەو حەمدانیەو كرملێس و ..تد زۆربەیان نەگەڕانەوەو ئێستا بەشێكی چۆڵەوانییە.
لەداگیركارییەكانی عەفرین و سەرێكانیی و گرێ سپی لەماوەی 2018 - 2019 دانیشتوانی كوردی ئەو ناوچانە، رووبەرووی رگوێزانی بەكۆمەڵ بوونەوەو رژێمی توركیا دەیان هەزار عەرەب و توركمانی لەچوارچێوەی بەتورككردن و بەعەرەبكردن لەوناوچانە جێگیركرد.
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەدەو لەماوەی تەنها یەك ساڵی حوكمڕانیی دەوڵەتی ئیسلامیی لەشام، كۆتایی 2024 تا سەرەتای 2026 سێ كۆمەڵكوژیی و تاوانی راگوێزان دەرهەق بەعەلەوییەكان و دروزو دواترینیش كورد كراوە.
لەدوایین رووبەرووبونەوەی تاوانی كۆمەڵكوژیی و راگوێزانی بەكۆمەڵ لەسەردەستی چەتەو چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی لەشام، لەدزای 6ی كانونی دوەم تائێستا دەیان هەزار خێزانی كورد لەگەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب بەناچاری شارەكەیان جێهێشتووەو نازانن روو لەكوێ بكەن. لەمەش خراپتر، بەهەموو شێوەیەك لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لەشام رووبەرووی چەوساندنەوەی دەمارگیریی قەومیی دەكرێنەوە.
هەموو ئەو تاوانی كۆمەڵكوژیی و راگوێزان و خراپەكارییەی هەیە، بەبەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و ئەو وڵاتانەوە روودەدەن كە خۆیان بەپێشەنگی دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ دەزانن، لەوە خراپتر، بەشێك لەوڵاتانی بەناو پێشەنگی موسڵمانان وەك سعودیە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری ئەو دەوڵەت و گروپە تیرۆرستیانە دەكەن كە تاوان بەرامبەر گەلانی ناوچەكە دەكەن.
