خامنەئیی: کۆتایی مۆدێلێکی سیاسی
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سهردار عهزیز
وەک نیویورک تایمز نوسیویەتی سی ئای ئەی دەیانزانی کە کۆبونەوەیەک لە ماڵی ڕەهبەر هەبوو و خودی ڕەهبەر تیایدا بەشداربوو، لەسەر بنەمای ئەم زانیارییە، سی ڕۆکێتیان بە ماڵەکەوە نا، بوبە مایەی کۆتایی خامنەیی.
خامنەئی تێکەڵەیەک بوو لە کۆمەڵێک هێز کە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت خۆی لێ ڕزگار بکات. خامنەئی بە ناوی دین و دەسەڵاتی ڕەها و توانای سەربازیی و پارە و گەندەڵی بێشومارەوە کاری دەکرد. لە سەر ئەم بنەمایانە جۆرێک لە دەسەڵاتیان بونیادنابوو کە وەها لە خۆی دەڕوانێت کە ناکۆتا یان ئەبەدیی بێت. دەسەڵاتداری ئەبەدی جۆرێکە لە دەسەڵاتداری تیولۆجی، کە دژ بە هەموو گۆڕانکاریی و گەشە و خواستە مرۆییەکانە. ئەسەدیش جۆرێک بوو لە خۆ بە ئەبەدیی بین. یەکێک لە خەسڵەتەکانی عەلمانیەت ئەوەیە کە مرۆڤ خودا نیە. مرۆڤ نابێت لاسایی خودا بکاتەوە، کە خۆی لە سەروی ئەوانیترەوە دابنێت و ناکۆتا بێت. بەڵکو دەبێت مایەی هەڵسانگاندن بێت لە میانەی کاتی دیاریکراودا.
دیارە ئەم دەسەڵاخوازە دینیانە عەلمانیەت ناشیرین دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان وەک خودا بە سەر مرۆڤە داماوەکاندا بسەپێنن.
هەر نیزامێکی سیاسی لە ئێران بێت دەبێت هەموو ئەمانە لە یەکتر داببڕێت.
لە ئێران سیستەمی سیاسیی هەبوو کە ئابوری بۆ خۆی و لایەنگرای قۆرغدەکرد و ئەوانیتری لێ بە دەر دەکرد. لە عێراقیش بە شێوازێکی کەمێک جوداتر هەمان سیستەمی ئابوری سیاسیی هەیە، بردنی سامانی وڵات و پێدانی بە لایەنگران. نە کەس پیرۆزە و نە ئابووری وڵات موڵکی کەسە.
ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کەرەستە و یادەوەریی و مێژووی زۆری هەیە گەر بتوانێت لێی سودمەندبێت. بەڵام ئەو ئۆپۆزسیونەی دەردەکەوێت زۆر فاشیست و خۆ بە باڵا زانە. ئێرانیەکان وەک ڕوسەکان توشی چەند گرێییەکی دەرونی قوڵ بوون. یەکەم، وەها دەزانن کە دەبێت ئیمپراتۆر بن. وەهای خۆیان دەبینن کە دەبێت خاوەنی ناوچەکە بن، یان ئەگەر خاوەنی ناوچەکە نەبن ئەوا دەپوکێنەوە.
نەمانی کۆماری ئیسلامی گۆڕانکاری زۆر دروست دەکات لە ناوچەکە، لە نێویاندا عێراق و باشوری کوردستانیش. ئێران یەکێک بووە لە سەرچاوەکانی هاوسەنگی هێز لە باشور. ئایا ئەم هاوسەنگییە چی لێدێت؟
