جوداخوازی و حەکایەتی ئامادەی کوڕی شا و حەکایەتی نەبووی کورد
2 كاتژمێر لەمەوپێش
✍️کاوە دەستوورە
ئەگەر رەزا پەهلەوی ئەمڕۆ هاوپەیمانی چەند حیزبی ڕۆژهەڵاتی بە جوداخوازی ناوزەد دەکات لە دوو ڕەهەندەوە جێگای تێڕامانە.
ڕەهەندی یەکەم: ئەم پەیامەی کوڕی شا بە چ مانایەکە؟
ڕەهەندی دووەم: بۆ کوڕی شا بە خۆی ڕێگا دەدات پەیامی وەها بڵاوبکاتەوە؟ یانی هۆکاری بنەڕەتی ئەمە لە چیدایە؟
ڕەهەندی یەکەم:
ئەم پەیامەی کوڕی شا لە تێکنیکە هەرە باوەکانی دەسەڵاتە؛ شتی وەها سەدان جار، لە سەدان وڵات دووبارە بووەتەوە و هەمووجارێکیش بۆ کورد لە هەموو شوێنێک دووبارە دەبێتەوە؛ باوک و باپیری هەر ئەم "شازادەیە" چەندەها جار لەسەر کورد و نەتەوەکانی دیکە پەیڕەویان کردووە. ئەم تێکنیکەی دەسەڵات ناوی بەکەمینەکردنە؛ یان باشترە بڵێین بەکەمینەهێشتنەوە. بەکەمینەکردن، ئەوکاتەیە کە بۆ یەکەمجار ڕوودەدات؛ بەکەمینەهێشتنەوە، ئەوکاتەیە کە دووپات دەبێتەوە. لەم دۆخەدا بە کەمینەهێشتنەوەیە، چوونکا دەیان جارە بەسەر کورددا هاتووە؛ لەم شیکارییەی خوارەوەدا کورد کەمینەیە و ئێرانییەکان زۆرینەن. تێکنیکەکە بریتییە لە بەئامرازکردنی بەڕواڵەت "کەمینەیەک" بۆ ئەوەی کە هاوکات چەند ئامانج بپێکێت. ئیتر کار لەوەدا نییە بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێت؛ ئەم سوپەرمەنە بەتەمایە بە بەردێک چەندین چۆلەکە بکوژێت، جا با هەرکامیشیان لە دۆڵێک بن.
ئامانجی یەکەم: ڕەوایی بەخشینە بە خودی خۆی لای ئەو ئێرانییانەی کە ئەو بە سەرکردە نازانن یان هێشتا دوودڵن بەرانبەری؛ تاکوو وەک سەرکردەی پارێزەری بەرژەوەندییەکانی وڵات دەرکەوێت. لە لای ئێرانییەکان ئەم پیاوە لای هەموو کەس ڕەوایی نییە، بەڵام ئەم، بە گەورەکردنی هاوپەیمانییەک کە دیار نییە چییە و چۆنە، دەیەوێت بە ئێرانییەکان بڵێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانتان لە مەترسیدایە؛ بۆیە من پارێزەریانم و دەتوانم وڵات بپارێزم.
ئامانجی دووەم؛ تازەکردنەوەی ڕەوایی خۆی لای ئەو لایەنگرانەی کە پێشتر بە ڕزگارکەری دەزانن؛ ئەم جۆرە لە تێکنیکی دەسەڵات بۆ ئەوانیش پێوویستە، چوونکا جەماوەری لایەنگری دەبێت بەردەوام حەکایەتێکیان بۆ دروست بکرێت تاکوو لەدەسنەچن و هەر لە کەمپی خۆیدا بمێننەوە.
ئامانجی سێیەم: بەتاوانبار پیشاندانی ئەم حیزبانەیە تاکوو لای بەشێک لە "کەمینە" کە لێرەدا کوردە، ئەم حیزبانە ڕەواییان نەمێنێت یان ڕەواییەکەیان کەم بێتەوە. لەم ڕووەوە کوڕی شا زۆر چاوی لە کرماشان و ئیلامە کە بە تازەیی گیانێکی نەتەوایەتی تێدا جوڵاوە.
ئامانجی چوارەم: وەدەرنانی ئەو کەمینەیەتە (کورد) لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە داهاتوودا، لە ڕێگای وەدەرنانی ئەو حیزبانەی کە دەیانەوێت نوێنەرایەتی ئەو "کەمینەیە" بکەن.
ئامانجی پێنجەم: ڕەوایی بەخشین بە خود لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان وەک کەسێک کە لە داهاتوودا دەتوانێت وەک بەدیل و ئاڵتیرناتیڤ ببینرێت؛ کەسێک کە دەتوانێت وڵات (ئێران) لە شڵەژان و فەوزا بپارێزێت. لەم ڕێگاوە دەیەوێت ئەو پەیامە بە دراوسێکانی ئێرانی ئێستا وەک تورکیا، عێراق و پاکستان بدات کە ئەم دەتوانێت نەخشەی ناوچەکە وەک خۆی بهێڵیتەوە، کەواتە با کەس نیگەرانی ئێرانی داهاتوو نەبێت؛ "کەس زەرەری تێدا ناکات ئەگەر بەدیل من بم". لەم ڕێگاوە دەیەوێت ئەو پەیامەیش بە ئامریکا بدات کە هێرشی ئیحتمالی ئەو زۆر کێشە دروست ناکات ئەگەر بەدیلەکەت من بم.
دەرئەنجامی ئەم بەشە: ئەم پەیامەی کوڕی شا هەرچەند بەڕواڵەت دژایەتی چەند حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی پێوە دیارە، بەڵام ئەو خەونی گەورەی هەیە و دەیەوێت ئەم ڕووداوە وەک هەلێک بقۆزێتەوە بۆ شتی گەورە. یەک لە یاساکانی دەسەڵات وایە: داتاشینی کەمینەیەک پێوویستە تاکوو بتوانییت قسەت بەسەر زۆرینەدا بڕوات. ئامانجی کوڕی شا بەرلەوەی لێدان بێت لە کورد، گرتنی ئێرانییەکانە؛ تۆکمەکردنی خۆیەتی لەناویاندا وەک سەرکردەی ڕەواییدار. ئەگەر من فارس بوومایە لە هەموو کوردێک زیاتر ئەو پەیامەی کوڕی شام پێ ناخۆش دەبوو؛ چوونکا دەمزانی کەسێک دەیەوێت لە ئاوێکی لێڵ ماسی قەڵەو قەڵەو بگرێت بۆ دووبارەکردنەوەی دیکتاتۆرییەک. ئەم تێکنیکە بەشێکە لە ستراتێژێکی گەورە کە هەندێ کەس ناوی دەنێن حەکایەت؛ یان چیرۆک؛ یان گووتار، یان گێڕانەوە؛ بە فارسی پێی دەووترێت "روایت".
ڕەهەندی دووەم:
بۆ کوڕی شا بە خۆی ڕێگا دەدات ئێستا (لەم کاتەدا) ئەم هاوپەیمانییە کوردییە بگرێتە ئامانج؟ بۆ پێشتر بۆ نموونە هێرشی نەدەکردە سەر "ناوەندی هاوکاری" کە شتێکی هاوشێوەی ئەم پەیمانە تازەیەتە؟ بۆ من وەڵامەکە ڕوونە: کورد ئەمجارەیش هەر بە بێ حەکایەت سیاسەت دەکات؛ هەر بە بێ حەکایەت هاوپەیمانی دەکات؛ هەر بە بێ ئاسۆ پەیمانێک ڕادەگەیەنێت. ئەم جارە کە کوڕی شا بەم شێوازە پەیام دەدات بۆشاییەک دەبینێت لە بەرەی کوردیدا. ئەو پێشتر حسابی گەورەی بۆ کورد کردبوو؛ بەڵام کورد ئەمەی لەبیرچوو؛ چوونکا کورد هێشتا ڕانەهاتووە کە دەتوانیت چ ڕۆڵێک بگێڕێت. چوونکا کورد لەبیری چوو کە چوار ساڵ لەمەو پێش پێشەنگ بوو؛ ڕێزی هەبوو؛ خەریک بوو سەرەتاکانی دروستبوونی حەکایەتێکی جیاواز لە ئێران دەردەکەوت کە کورد جێدەستی تێدا دیارە. ئەوەی لە شۆڕشی ژینا ڕووی دا هەرچەند کاڵ و کرچ بوو، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر کوردی بەجیاواز هێنایە پێش. بە هەموو کەمووکورتییەکانیەوە، کورد دەیتوانی وەک هەوێنێکی بچووک بۆ حەکایەتێکی گەورە قازانجی لێ ببینێت.
پێدەچێت لە چوار ساڵی ڕابردوودا ڕۆژهەڵات لە پاشەکشێدا بێت تاکوو پێشەنگ بوون. بە ڕێکەوت یان بەپلان، ئەگەر شۆڕشی ژینا لەسەر پشتی کورد هەموو ئێرانی تەنییەوە، دەی خۆ تا ئێستا هیچ زیاد نەکراوە بەو دەسکەوتە، بەڵکوو لێیشی کەم کراوەتەوە. لەبەر ئەمەیە کە کوڕی شا بەخۆی ڕێگا دەدات پەیمانێکی وەها بەکار بێنێت؛ چوونکا ئەو باش بینی کە واژۆکەرانی پەیمانەکە دووبارە خۆیان بە کەمینە کردوەتەوە؛ واژۆکەرانی پەیمانەکە بەدەستی خۆیان خۆیان بچووک کردوەتەوە؛ پەیمانەکەیان هیچی پێوە دیار نییە لە داهێنانێکی گەورە بۆ سیاسەت کردن؛ هیچی پێوە دیار نییە لە زیاد کردن بە شۆڕشی ژینا؛ هیچی پێوە دیار نییە لانیکەم لە دەمکووتکردنی ئیحتیمالی نەیارەکانی. لێرەدایە کە حەکایەتی ئامادەی کوڕی شا براوە دەبێت چوونکا کورد حەکایەتی نەماوە، یان نەبووە، یان هەرشتێکی تر.
بۆ ڕوونکردنەوەی پەیامەکەم لێرەدا خێرا لە چەمکی کەمینە-زۆرینەی دۆلۆز-فوکۆ کەڵک وەردەگرم. کەمینە ئەو لایەنە نییە کە بە ژمارە کەمە؛ زۆرینەیش ئەوە نییە کە بە ژمارە زۆر بێت. کورت و کرمانجی: کەمینە ئەوەیە کە حەکایەتێکی نییە بۆ ووتن؛ زۆرینە ئەوەیە کە حەکایەتێکی هەیە بۆ ووتن. سەدان جار ڕووی داوە کە بەژمارە کەمێک حوکمی بە ژمارە زۆرێکی کردبێت. کەسێک کە وەک کەمینە دەردەکەوێت پێشوەختە لە هەموو یارییەکاندا دۆڕاوە چوونکا پێشتر قەبووڵی کردووە کە ئەو خاوەن ماڵ نییە؛ میوانە. چوونکا بە پێداگریکردن سەلماندوویەتی کە ئەو کەمینەیە. بەرگری، موقاومە، بەرخۆدان و هەر دەستەواژەی هاوشێوەی ئەمانە بەمانای قەبووڵکردنی دۆخی کەمینەیە بۆ خۆت.
ڕێگاچارە چی بوو؟ هەر ئەم حیزبانە دەیانتوانی بەجێگای واژۆکردنی پەیمانێک، لەسەر حەکایەتێک ڕێ بکەوون کە بە کاراترین شێوە کورد لە ئێران و ناوچەکە دەربخات؛ تاکوو کوڕی شا ئەم بۆشاییە نەقۆزێتەوە.
دوو تێبینی:
یەکەم: ئەزموونی شۆڕشی ژینا، و هوتافی "ژن، ژیان، ئازادی" حەکایەت نییە؛ تەنها بەشێکی بچووکە لە حەکایەتێک کە کورد دەبێت بۆ خۆی دایبهێنێت.
دووەم: ئەم نووسینە بۆ پاڵپشتی لەو لایەنە سیاسیانە نییە کە لەو پەیمانەدا نەبوون. بەڕای نووسەر، بەشێک لەو لایەنانەی کە لەو پەیمانەدا بوونیان نەبووە، بۆخۆیان تاڕادەیەکی باش بەرپرسن لە گەورەکردنی کوڕی شا وەک ئەکتەرێکی سیاسی کە هیچ شایانی نەبووە.
