لە بەردەم كوڕی پاشا و سوڵتانا
5 كاتژمێر لەمەوپێش
لەتیف فاتیح فەرەج
هیچ وەڵامێك نیە بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بۆ وا دەكەن، بۆچی ناتوانن یان نایانەوێت پێشمەرگە ڕادەستی حكومەت بكەن و لە چنگی خۆیانی دەربێنن، بۆچی بەو جۆرە كێشەی دیاریكردنی سەرۆك كۆمارێك دەكەنە گرێكوێرە و هەموو جار تێیدا كورد شەرمەزار دەكەن و لە بەردەم شیعە و سونە وەك خێڵ و هۆز و شەڕی بنەماڵە خۆیان نمایش دەكەن نەك وەك نەتەوەیەكی هەبوو، چەند شەرمە چوارچێوەی هەماهەنگی بەو هەموو برینەی خۆیەوە بە پارتی و یەكێتی بڵێت لەسەر كەسێك ڕێكبكەون، بەڵام ئەمان لەبری ئەوەی پێش داوای نەیار یان لانیكەم یاری بەرژەوەندیخواز داوایان لێبكات خۆیان ئەوە بكەن، سەیر ئەوەیە شیعە و سونە دەتوانن لایەنە كوردییەكان و بەتایبەت پارتی و یەكێتی بەسەر بەرەی خۆیاندا دابەشبكەن و دواتریش پشتیان تێبكەن، كەچی كورد ناتوانن پێكەوەبن، مالكی و حەلبوسی دوو نمونەی سەیری نیشاندەری پرش و بڵاوی و ناجۆری كوردن، ئەو دووانە ڕۆژێك لەمبەرن و ڕۆژێك لەوبەر، دەشزانن چی دەكەن، ئەوەی كە نازانێ چی دەكات كوردە.
سی ساڵە نەتوانراوە نەتەوەسازی بكرێت، سی ساڵە نەتوانرا پێشمەرگە وەك پێشمەرگەی كوردستان نەك وەك پێشمەرگەی حزب شوناسێكی پێبدرێت، وڵات لە سەر بنەمای دەسەڵاتی خێڵ دابەشكراوە، نەك هەر ئەوەندە، بەعس بەو هەموو ڕقەی خۆیەوە نەیتوانی كورد بەو جۆرەی ئێستا لە باشووری كوردستان لەت و پەت بكات وەك ئەوەی پارتی و یەكێتی كردیان، گرەو لە سەر شكاندنی یەك دەكەن، گرەو لەسەر بڕینی هەناسەی یەكتر، كۆتوبەندی ئابوری ناوچەی یەك، تەنانەت لەڕێی میدیایەكی زەبەلاح و بە پارە و قوتی خەڵك بونیادنراو، گرەو لەسەر ناشرینكردن و شێواندنی زۆنی یەكتر دەكەن، هەموو ئەو میدیاكارانەش كە لەو دەزگایانە كاردەكەن زۆر باش دەزان ئەو كارەی دەیكەن چەند ناشرین و قێزەونە، بەڵام دەیكەن، هەولێر و سلێمانی هەریەك بەشێوەیەك وەك دوو دنیای زۆر جیا نیشانی خەڵك دەدەن، كۆنەقینێكی مەترسیدار لەم بابەتەدا هەیە و بریتیە لە تۆڵەكردنەوە و ناونانی حاقیدانە.
لەم هەرێمە كوڕی پاشا و سوڵتان پێدەگەیەنرێت و دەكرێتە خودانی هەموو شت و، دۆخێك دەسازێنرێت كوڕی گشتە خەڵك بونیان هەر تەنیا بۆ ئەوەبێت لە خزمەتی كوڕی پاشا و سوڵتانا بن، كوڕی پاشا و سوڵتان كۆمپانیای نەوت و زەوی باش و میدیا و كچە مۆدێل و هونەر و سینەما و زانكۆ و هەمووشت دەبات و بیەوێت هەر كەس لە مەنگەنە دات بیخاتەبەر نەفرەتی ئەوانی تر دەیكات، لانی كەم دەتوانێت هەموو دەرگا و پەنجەرەكانی لێدابخات و تاڕادەی ئەوەی ناچاری بكات داوای كەمێك هەوایلێبكات بۆ هەناسەدان، تەنانەت ڕێگەدان بە بوون و ژیانیش دەبێت لە ڕێگەی كوڕی پاشا و سوڵتانەوە بێت، چونكە میدیای لارە مل دەڵێت ئەو هەوایەی هەڵیشیدەمژن دیاری كوڕیژگە ناسك و لوسەكانی پاشا و سوڵتانە، كەواتە مەمنون بن و توێكڵە شوتیەكە بكڕێننەوە، جارجاریش سەیری ئەوانە بكەن كە لە پێناوی كوڕی ئەواندا لاسایی سەگ دەكاتەوە، ئەمڕۆ ئەوان شوناس بە كەس و شت دەدەن، ئەو هونەرمەندە هونەرمەندە كە ئەوان ئاماژەی بۆ بكەن، ئەو میدیاكارە، ڕۆژنامەنوسە، نوسەرە، فەیلەسوفە، مامۆستا ئاینییە ئیدی ئەوان دەتوانن شار بكەن بە گوند و گوند بكەن بە لاس فیگاس، گرنگ بۆ هەموو ئەوانە لەشكرێكیان هەبێت بۆ دوو شت، شكاندنی ئەوانەی ئەوان دەیانەوێت بشكێن و پیاهەڵدانی خۆیان.
ئەم دنیایەی ئێمە بەم جۆرە تاسەر درێژە ناكێشێت، گێڕانەوەی شكۆ و شوناس بۆ هەموو ئەو ناوەند و بوونانەی شكۆ و شوناسیان شكێنراوە ئەركی ئاكاری هەموولایەكە، دەبێت شكۆ و شوناس بۆ پێشمەرگە بگێڕدرێتەوە، بۆ زانكۆ، بۆ میدیا، بۆ نەتەوە گێڕانەوەی ئەم شكۆ و شوناسە بەر لە هەر كەس و لایەنێك خزمەت بە خودی پارتی و یەكێتی دەكات، ئەو دوو هێزەی كە دەبێت نەشتەرگەری ئاوەزیان بۆ بكرێت و پێیان بوترێت پێویستە ئاكار بۆ سیاسەت بگێڕنهوه.
