وتارەکەی ترەمپ پێش زریانەکەی دژی ئێران

3 كاتژمێر لەمەوپێش



خه‌بات كورده‌

به‌ر له‌وه‌ى لە شاری جنێفی سویسرا دوا کۆبوونەوەی نائاسایی و نابەرامبەر لە نێوان وەفدی دانوستکاری ئێران و ئەمریکا گرێبدرێ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وتارێکی ئاگرینی دژی دەوڵەتی ئیسلامی شیعەگەرایی ئێران پێشکەشکرد.

ترەمپ لە وتارەکەیدا هێرشێکی توندی کردەسەر ئێران و، بە مەترسییەکی گەورەی دژ بە ئەمریکای ناوزەند کرد و، گەڕایەوە بۆ ئەو رۆژانەی کە قاسم سولەیمانی چەندین هەزار سەربازی ئەمریکی کوشتوە لەڕێی بۆمبی تەنیشت شەقامەکانەوە و بە خوای ئەو کارە قێزەوەنەی هەژمارکرد.

ترەمپ نەیشاردەوە کە ساڕوخە دوورمەودایەکانی ئێران دەگەنە بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە و لە هەوڵی ئەوەشدان کە ئەو ساڕوخانە بگەنە ناو خاکی ئەمریکاش . هەروەها ئاماژەی بە ترسی بۆمبی ئەتۆمی ئێرانیش کرد و رایگەیاند، ئەگەر ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چۆن هەڕەشەمان لێدەکەن ئەوکاتە .!

ترەمپ لە وتارەکەیدا بە هیچ جۆرێ ناوی ئیسرائیلی نەهێنا و دوورنیە وەکو بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە حساباتی بۆ نەکردبێ .!

هەرچەندە چەند جارێک دوپاتیکردەوە کە نایەوێ سەربازەکانی پەلاماری ئێران بدەن و وڵاتەکە کاول بکەن، بەڵام نەشیشاردەوە کە ئایا چ گەرەنتیەک هەیە ئەگەر رازی بوون بە خۆبەدەستەوەدان و لە دوایدا پەشیمان ببنەوە خاڵەکان جێبەجێ نەکەن، بۆیە تەواو بڕوای وایە کە دانیشتنەکەی جنێفیش، چارەنووسی هەمان دانیشتنەکانی پێشووی دەبێ.!

ئایا لێدانی ئێران تەنها بۆ رازی بوون یان رووخانی رژێمەکەیە یان گۆڕەپانێکی تری چەکە پێشکەوتووەکانە؟

وتارەکەی ترەمپ هاوکات بوو بە یادی چوار ساڵەی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و، تاقیکردنەوەی توانا سەربازییەکانی روسیا و ئاشکراکردنی کۆمەڵێ چەکی پێشکەوتووی تازە و لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی دووەم گەورە دەوڵەتی جیهانی لە رووی سەربازییەوە کە روسیایە.

ئەو پەلامارەش بەپێی ئەوەی ئێران دەوڵەتێکی گەورەیە لەڕووی پێوانەوە و رۆژانەش پارەیەکی خەیاڵی دەدات بە چەکی پێشکەوتووی روسی و چینی و کۆریای باکوور، دووبارە گۆڕەپانێک دەبێ کە نیشانی ئەو دەوڵەتانەی دەدات کە ئەمریکیەکان هەر پێشەنگن لە داهێنان و هێنانەکایەی چەک و جبەخانەی سەربازیی پێشکەوتوو. 

بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە ناڕازین لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕە؟
سعودیە و قەتەر و تورکیا و میسر، ئەو چوار دەوڵەتەن کە چاک دەزانن ئەگەر رژێمی ئێران بڕوخێ، ئەوانیش بۆ خۆیان دەتاوێنەوە و هیچ گرنگییەکیان نامێنێ و لە کۆتاییدا دەبن بە خۆڵەمێش و بە بایەک دەتوێنەوە.

ئەوە بێجگە لە دەوڵەتانی چین و کۆریای باکوور و پاکستان و روسیاش کە دەبێ دووبارە بگەڕێنەوە دواوە و هیچی تر و، هەتا ماوەیەکی درێژخایەنی تر نەتوانن دژایەتی بۆ ئەمریکا دووبارە بکەنەوە، چونکە چەند رۆژێکە دانوستانەکان دەربارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی درێژەی هەیە و دەوڵەتانی خاوەن بۆمبی ئەتۆمی دژ بە ئەمریکاش رازی نین بگەڕێنەوە ژێر باڵی سیاسەتی بەرهەم نەهێنانی زیاتری چەکی ئەتۆمی.

چی روودەدا دوای زریانەکە؟
هیچ قسەی لەسەر نیە ئەگەر هێرشەکە ئەنجام درا ، دەبێ ئەمریکا سەرکەوتنێکی سەروەری بە دەستبهێنێ لە ڕووی جیهانیەوە و پۆرتی پیشەسازیی سەربازیی هەرچی دەوڵەتی دژ بە ئەمریکایە بشکێنێ و، بۆ چەندین ساڵی تریش هیچ زلهێزێک نەڵێ ئەوە چەکە تازە و کاریگەرەکانی منە و دژایەتی چەکی ئەمریکی دەکەم لە هەموو روویەکەوە.

دوای زریانەکە یەکەم دەوڵەتێ کە چۆکدادات و شەڕی چوار ساڵەی لەگەڵ ئۆکرانیا رادەگرێ روسیایە.!

بێ هیچ بەرگرییەک، هەرچی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بە هەر دە پەنجەکەیان مۆری دەکەن و دەبنە کۆیلەی ئەمریکا و چۆن بیانگۆڕێ و لەسەر نەخشە بیانسڕێتەوە، هەر بڵێن بەڵێ گەورەم.

ئێستا یارییەکە کوڵیوە و هیچ کاتێکی بۆشایش نەماوەتەوە و کاتژمێری سفریش دیاریکراوە و ئەوەی ماوە سەرانی ئێرانی بگەنەسەر کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکەی ئەمریکا لە دەریای عەرەب، هاوشێوەی ئیمپڕاتۆری یابان بە هەر دە پەنجەیان خۆیان رادەست بکەن، یان دەماری کەرایەتی بیانگرێ و لافاوی گۆڕانکاری و راماڵینی میر و سوڵتانەکانیش لە ناوچەکە لەگەڵ خۆیان رابماڵن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار