مۆدێلی ریسایکڵ (Recycle)ی سوریا؛ ئایا لە ئێران دووبارە دەبێتەوە؟

4 كاتژمێر لەمەوپێش



نیاز برایم
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سیناریۆیەک لە سوریا هاتە کایەوە کە جێگەی تێڕامانە. ئیدارەی ترەمپ و ئیسرائیل، ڕژێمێکیان لابرد، بەڵام مۆدێلێکیان خستە جێگەی کە نەک هەر دیموکراتیتر نەبوو، بەڵکو لە زۆر لایەنەوە "هۆڤیتر" و توندوتیژتر دەرکەوت. ئەم ئەزموونە پرسیارێکی گەورە لەسەر داهاتووی ئێران دروست دەکات: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە دوای ئەوەی  ئاشکرابوو کە عەلی خامنەئی کوژرا و لە مەشهەدی سیاسی ئێران و ناوچەکە نەما، هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە؟

دۆزینەوەی "جۆلانی"یەکی ئێرانی؟
سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل زۆرجار لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی ئەمنی" دادەڕێژرێت نەک "بەهاکانی دیموکراسی". لە سوریادا، کەسایەتییەکی وەک جۆلانی قبوڵکرا، نەک لەبەر ئەوەی نوێنەری گەل بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئامادەبوو تەنازول بۆ ئەجێندای دەرەکی بکات. لە ئێراندا، ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەست کەسایەتییەک یان گرووپێکی توندڕەوی تر (جا چ لە ناو سوپای پاسداران بێت یان ئۆپۆزسیۆنێکی دەستکرد)، کە ئامادەبێت بەرنامەی ئەتۆمی ڕادەست بکات و دەست لە هەژموونی هەرێمی هەڵبگرێت لە بەرامبەر مانەوەیدا لەسەر کورسی، ئەوا دوورنییە ترەمپ و نەتانیاهۆ پێشوازی لێ بکەن. ئەمە بریتییە لە "ڕیسایکڵکردنی دیکتاتۆریەت" بە بەرگێکی نوێ.

کاردانەوەی گەلانی ئێران و کورد
لە نێو پێکهاتەکاندا جیاوازیی گەورە لە نێوان سوریا و ئێراندا هەیە، ئاستی هۆشیاری و ڕێکخستنی کۆمەڵگە جیاوازە، لە سوریا بە هۆی تەدەخولی ١٢ ساڵە تورکیا کۆمەڵگایەکی سونی هۆڤی تیرۆریست دروستبوو، کە ئێستاش کێشەی گەورەیە لە سوریا، کورد مۆدرێنترین کۆمەڵگایە لە سوریا. گەلانی ئێران، بەتایبەت کورد، ئەزموونێکی دوورودرێژیان لەگەڵ گۆڕینی ڕژێمەکان هەیە (لە شا بۆ کۆماری ئیسلامی) کە هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەریی لە ژیانیاندا دروستنەکرد. بۆیە، ئەستەمە ڕازی بن بە گۆڕینی "مێزەر" بە "کڵاو" یان بە پێچەوانەوە. هێزە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی پڕۆژەی دیموکراتیک و دیدگایەکی ڕوونن بۆ داهاتوو؛ ئەوان تەنها بەدوای ڕووخانی ڕژێمەوە نین، بەڵکو بەدوای گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و دانپێدانان بە مافەکانیاندان.

مەترسیی دووبارەبوونەوەی مێژوو:
هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی مۆدێلێکی هاوشێوەی جۆلانی بەسەر ئێراندا، وڵاتەکە بەرەو ئاژاوەیەکی گەورەتر دەبات. کورد و گەلانی تری ئێران (بەلووچ، ئازەری، عەرەب) قبوڵی ناکەن ببنە قوربانیی مامەڵەیەکی ژێربەژێری نێوان زلهێزەکان و دەسەڵاتخوازێکی نوێ. ئەگەر ئامانج تەنها گۆڕینی سەری ڕژێم بێت بەبێ گۆڕینی ماهیەتەکەی، ئەوا ئێران دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن، چونکە کۆمەڵگەی ئێرانی لە قۆناغی "شۆڕشی ژینا"وە پەیامێکی ڕوونی داوە: "نا بۆ دیکتاتۆریەت، چ پاشایەتی بێت چ ئایینی".

لەکۆتاییدا، مۆدێلی ڕیسایکڵی سوریا وەک فەشەلی هێناوە و دەهێنێت، لە ئێرانیش سەرکەوتوو نابێت، چونکە ئیرادەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ناو گەلاندا زۆر لەوە بەهێزترە کە بە گۆڕینی دەموچاوەکان خامۆش بکرێت. کورد وەک پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییە، ڕێگەنادەن خەونی ئازادییان لە بازاڕی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەرزانفرۆش بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار