مانیفێستی مەرەکەب و خوێن  (مەرسوومی ژمارە ١٣ لە تاقیگەی ستەمکاریدا)

5 كاتژمێر لەمەوپێش



د. کامەران محەمەد

 مەرسوومی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٦، کە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە سەبارەت بە مافەکانی کورد دەرچوو، لە ڕواڵەتدا وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و دانپێدانانێکی دەوڵەتی دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک لە ڕوانگەیەکی فینۆمینۆلۆژییەوە سەیری دەکەین، دەبینین ئەم دەقە نەک هەر بۆ چارەسەری کێشەی کورد نییە، بەڵکو (ئەندازیارییەکی نوێی ستەمکاری)یە. ئەمە ململانێی نێوان (مەرەکەب) و (خوێن)ە، مەرەکەبێک کە دەیەوێت بە ناونیشانی بریقەدار، ئەو خوێنە بشارێتەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە گەڕەکەکانی حەلەب و ئێستا لە دێر حافر دەڕژێت.

(مەرسووم) لە بەرامبەر (دەستوور): 

یەکەمین کێشەی بنەڕەتیی ئەم بڕیارە لە (فۆرم) و پێگە یاساییەکەیدایە. مافی نەتەوەیەک نابێت ببێتە بابەتی (مەرسووم). مەرسووم بڕیارێکی یەک لایەنەی سەرۆکە، واتە (دیارییەکی کاتییە) کە بە واژۆیەک دێت و بە واژۆیەک دەڕوات. مافە بنەڕەتییەکان دەبێت لەناو (دەستوور)دا وەک بەردی بناغەی دەوڵەت بچەسپێن، چونکە دەستوور (گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش)ە نەک (منەتێکی سیاسی). ئەحمەد شەرع بە ئەنقەست پەنای بۆ مەرسووم بردووە تا مافەکان لەژێر ڕەحمەتی ویستی کەسیی خۆیدا بهێڵێتەوە، ئەمەش ئەوە ئاشکرا دەکات کە ئەو هێشتا بڕوای بە هاوبەشیی ڕاستەقینەی کورد نییە، بەڵکو دەیەوێت کورد وەک (پاشکۆیەکی مەحکووم بە مەرسووم) بمێنێتەوە.

 کۆماری عەرەبی و کورد وەک (بەش) نەک (گەل):

مەرسوومەکە لەگەڵ شوناسی دەوڵەتدا کەوتووەتە دژایەتییەکی لۆجیکییەوە. چۆن دەکرێت لەناو چوارچێوەی (کۆماری عەرەبیی سووریا)دا، کە ناسنامەی دەوڵەت بۆ یەک ڕەگەز قۆرخ کراوە، مافی نەتەوەیەکی تر بچەسپێت؟ ماددەکانی یەکەم و دووەمی مەرسوومەکە بە زمانێکی ئینشائیی لێڵ نووسراون، کورد نەک وەک گەلێکی خاوەن مێژوو، بەڵکو تەنها وەک (بەشێک لە گەلی سووریا) پێناسە دەکەن. ئەمە هەوڵێکی (توانەوەی مۆدێرن)ە، دەیەوێت جیاوازییە نەتەوەییەکان لەناو قاڵبێکی یەکڕەنگی عەرەبچێتیی دەوڵەتدا بتوێنێتەوە و کورد تەنها وەک (ڕەنگێکی کەلتووریی بێ زیان) نیشان بدات، نەک وەک بکەرێکی سیاسیی هاوبەش.

 زمان وەک تەڵە: زاراوەی (ملحوظ) و ئیختیاریکردنی ماف:

لە فەلسەفەی یاسادا، زاراوەی لێڵ گەورەترین دوژمنی دادپەروەرییە. مەرسوومەکە مافی خوێندنی کوردیی کردووەتە (ئیختیاری) و بەستوویەتییەوە بە ڕێژەیەکی تێبینیکراو (ملحوظ). ئەمە گەورەترین فێڵی سیاسییە، چونکە کێ بڕیار دەدات ئەم ڕێژەیە چەندە؟ ئەم لێڵییە ڕێگا بۆ دەسەڵات خۆش دەکات کە لە هەر شوێنێکدا بیەوێت، بە بیانووی نەبوونی ڕێژەی پێویست، ڕێگری لە خوێندنی کوردی بکات. مافی زمان دەبێت (ئیلزامی) و (گشتگیر) بێت لە هەر شوێنێک کوردێکی لێ بێت، نەک وەک (خێر و سەدەقە)یەکی جوگرافی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

بێدەنگیی گوماناوی بەرامبەر (برینە قووڵەکانی خاک):

دادپەروەری بەبێ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکان تەنها نمایشە. ئەم مەرسوومە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە (گۆڕینی دیمۆگرافی، پشتێنەی عەرەبی و زەوییە زەوتکراوەکانی کورد) ناکات. پێدانی مافی زمانی بە نەتەوەیەک کە (خاک و ماڵەکەی) داگیرکراوە و عەرەبی هاوردەی تێدا نیشتەجێ کراوە، (شیزۆفینیا)یەکی سیاسییە. تا ئەو کاتەی عەرەبە هاوردەکان نەگەڕێنەوە و کورد نەگەڕێتەوە سەر موڵکی باوباپیرانی، هەر قسەیەک لەسەر زمان تەنها پاساوێکە بۆ شەرعیەتدان بە داگیرکاریی دیمۆگرافی.

 سڕینەوەی مافی سیاسی و شێوازی ئیدارەدان:

کورد تەنها کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیری یان فۆلکلۆری نییە، بەڵکو نەتەوەیەکە خاوەنی ئیرادەی سیاسییە. ئەم مەرسوومە تەنها (مافی کەلتووریی) دەبینێت و (مافی سیاسی) بەتەواوی پشتگوێ دەخات. باسی ئەوە ناکات کورد چۆن و بە چ شێوەیەک ناوچەکانی خۆی بەڕێوە دەبات؟ ئەم بێدەنگییە مانای وایە کە ئەحمەد شەرع دەیەوێت کورد وەک (کەمینەیەکی زمانیی) لەژێر سایەی (دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای ڕەها)دا بمێنێتەوە.

سیناریۆیەکی ئەزموونکراو:
 
ئەم مەرسوومە بە شێوەیەکی تراژیدی وەک حاکم شێخ لەتیف دەڵێت:« لە یاسای (حوکمی زاتیی کارتۆنیی) ساڵی ١٩٧٤ی ڕژێمی بەعسی عێراق دەچێت. سەددامیش لە لایەک یاسای بۆ کورد دەرکرد و لە لایەکی ترەوە بە دڕندانەترین شێوە شەڕی دژ بە کورد هەڵگیرساند.» ئەحمەد شەرعیش ڕێک هەمان تاکتیک پەیڕەو دەکات، لە کاتێکدا مەرسووم بۆ (کڕینی شەرعییەتی نێودەوڵەتی) دەردەکات، کەچی هێرشی سەربازی کردە سەر (هەسەدە) و گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و وێرانی کردن. تەنانەت هەر پێنج خولەک دوای بڵاوکردنەوەی پەیامە ڤیدیۆییەکە (واتە خوێندنەوەی مەسەلەکە)، هێرشی کرد سەر دێر حافیر، ئەمە هەوڵێکە بۆ (پەرتکردنی ناوماڵی کورد) و سڕکردنی بەرەی ناوخۆ تا ئەو کاتەی دەسەڵاتەکەی پێگەی خۆی قاییم دەکات.

بەرپرسیارێتیی عەقڵی سیاسیی کورد:

لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم مەرسوومە (تەڵەیەکی مێژوویی)یە کە لە نێوان (پێویستیی تەکتیکی) و (ستراتیژیی سڕینەوە)دا چنراوە. مافێک کە لە خوێنەوە نەهاتبێت، بە مەرەکێش ناپارێزرێت. ئەحمەد شەرع دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم کاغەزەوە، (شەرعیەتی خوێن) بۆ (شەرعیەتی یاسا) بگۆڕێت، بەڵام تا ئەو کاتەی ناوی دەوڵەت (عەرەبی) بێت و سوپای ئەو دەوڵەتە خەریکی ئاوارەکردنی کورد بێت، ئەم مەرسوومە تەنها وەک (مەکەیاژێکی سیاسی) دەمێنێتەوە. کورد نابێت مێژووی دوێنێ و ئازاری ئەمڕۆی حەلەب لەبەر خاتری (مەرسوومێکی بێ گەرەنتی) لەبیر بکات. مافی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە دەستوورێکی فرەیی دوور لە شۆڤێنییەت بچەسپێت، نەک وەک (ژەهرێک لە پیاڵەی شەکردا) پێشکەشی قوربانییەکە بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار