ئەمریکا بە تەمای چیە لە ئێران؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕزگار عومەر
ئەمریکا هیچ قوربانیەکی خەڵکی کوردستان و ئێرانی لا گرنگ نیە، بەڵام ئەمە بەم مەعنایە نیە کە نایەوێ ئەگەرەکانی کەوتنی ڕژێم ڕۆڵی تیا ببینێ نەك بە خاتری ئامانجەکانی ئەم شۆرشە، بەڵکو بۆ ئەوەی لە ئێستاوە نەخشەی داهاتووی ئێران بەو جۆرە دابتاشێ کە بەرژەوەندیەکانی خۆی و ئیسرائیل تیا پارێزراو بێت.
ستراتیژی ئەمریکا دوو ڕەهەندی هەیە؛ ڕەهەندێك بۆ ناوخۆی ئێران، رەهەندێك بۆ سیاسەتی نێو دەوڵەتی. بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی گرنگە کە دوای ڕوخانی ڕژێم "ئێرانێك" نەمێنێ کە سەنگی لە نێو هاوکێشە جیهانیەکان هەبێت چەشنی پاشکوی یان حەوشەی پشتەوەی زلهێزێك وەکو ڕوسیا،
هەروەها ئەو ئێرانە نابێ خاوەنی هیچ جۆرە موشەکێك بێت چەشنی ئەو موشەکانەی گرتی لە ئیسرائیل، ئەگەر جۆرێك لە موشەک و چەکی قورس بهێڵنەوە بە دەستی سوپای تازەی دوای ڕوخانی ڕژێم بۆ سەرکوتنی ناوەوە دەبێت!
واتە ڕەهەندی دووەم (کە خواستی ئەمریکایە) ڕژێمێك دەبێ گوێڕایەڵی ئەمریکا بێت، چەند ئەمریکا لەم خواستە سەر دەکەوێ پەیوەستە بەو میکانیزمەی ڕژێمی پێ دەڕۆخێ.
لە شارەکانی ئێران (کوردستانی لێ دەربچێ) سەرەڕای بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەهێزی دژە حکومەتی ئاینی و بوونی ڤێرژنێکی سنووردار لە سیکولاریزم، بەڵام پان ئێرانیزمێکی بەهێزیش ڕیشەی هەیە، کوڕی شا دەیەوێ سواری شەپۆڵی ئەم پان ئێرانیزمە ببێت، ئامادەشە کاغەزی سپی بۆ ئەمریکا واژۆ بکات!
سیناریۆیەکی موحتەمەڵ ئەوەیە، کە بەشێك لە سوپاو بەشێک لە دام و دەزگاکانی حکومەت( بە ئیتلاعاتیشەوە-چەشنی بەیعەتی ساواك بۆ خومەینی-بەیعەت بدەنەوە بە حکومەتێك ئەگەر کوڕی شا یان کەسانی لە بابەتی پان ئێرانیزمی وەکو ئەو دایبڕێژن) چونکە ئەمریکا ئەو هەڵەیەی لە عێراق کردی لە ٢٠٠٣ لە ڕوخانی ڕژێمی سەدام (هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و موخابەرات لە ئێران دووبارەی ناکاتەوە).
خەڵکی کوردستان نە ئاین وەکو ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی، نە پان ئێرانیزم لەناویاندا ڕیشەی هەیە، هەموو ئەو هێزانەی خۆیان بۆ جێگرتنەوەی ڕژێمی ئیسلامی ئامادە کردووە، جیاوازیەکانی کوردستان بە فەرمی ناناسن بە تایبەتی "مافی دیاریکردنی چارەنوس"،
لێرەدا پلاتفۆرمی سیاسی و حیزبی سەرکەوتوو (بە چاوپۆشین لە ئایدیۆلۆژیاکەی) چارە کردنی ئەو نیازە خۆڕسکەی دۆخی کوردستان و خەڵکەکەیەتی.
گرێ ی شۆرشی ١٩٧٩ "دزین و فرۆشتنەوەی" شۆڕشەکە بوو، ئەوەی ئێستا لە ٢٠٢٦ ڕوودەدات ئەوەیە کە هەردوو بژاردە چاوەڕوانی ئاکامی ئەو بزوتنەوەیە کە بۆ ڕووخانی جمهوری ئیسلامی دەستی پێکردووە، دەشێ ئەم بزوتنەوەیە بە هەر نوقسانیەك بێت ڕژێم بڕوخێنێ و نەهێڵێ دەستکەوتەکەی لێ بدزرێ،
دەشێ قوربانیەکی زۆر بدات و ڕژێمیش بڕوخێ و شۆڕشەکەی لێ بدزن، ئەگەر ئەمە ڕووبدات بۆ ٥٠ ساڵیتریش هەمان دۆخ دروست نابێتەوە!
