مەلای تورك دەڵێن: دەبێت حوکمی تورك بگات بە وڵاتانی بالکان لە ئەوروپا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕابون مەعروف

بۆ سەدان ساڵ، ئامەد و وان و ئیلام و کرماشان و ورمێ و حەسەکە و کەرکوك و هەولێر،.. لە لایەن تورك و عەرەب و ئێرانیەکانەوە، نەك هەر حوکم کراون، بەڵکو زوڵم لە دانیشتوانەکەی کراوە و زەلیل کراون، بەڵام هەرگیز بیستوتانە، مەلایەکی تورك بڵێت: 

نابێت، تورك حوکمی ئامەد و وان و شارە کوردیەکان بکات؟! هەرگیز بیستوتانە، مەلایەکی عەرەب بڵێت: نابێت عەرەب، حوکمی کەرکوك و هەولێر و سلێمانی و حەسەکە و قامیشلۆ بکات؟! هەرگیز بیستوتانە، مەلایەکی ئێرانی بڵێت: دەبێت کورد خۆیان حوکمی شارەکانی خۆیان بکەن؟! مەلا عەرەبەکان، زیاتر دەڕۆن، دەڵێن: دەبێت تەنانەت ئیسپانیاش عەرەب حوکمی بکات.

وەك ئەوەی لە ئەزەلەوە ئیسپانیا وڵاتی عەرەبەکان بوبێت! مەلای تورك دەڵێن: دەبێت حوکمی تورك بگات بە وڵاتانی بالکان لە ئەوروپا، وەك ئەوەی وڵاتانی بالکان، لە ئەزەلەوە تورک بوبن! هەرگیز بیستوتانە، مەلایەکی تورک بڵێت: لەبەر ئەوەی سیستەمی حوکمڕانیی تورکیا علمانیە و لە ئەستەنبوڵ هێندەی هەمو دونیا باڕ و مەیخانە و لەشفرۆش هەیە، کەواتە کوژراوەکانی سوپای تورکیا شەهید نین و نابێت لاوانی تورك هاوسۆزی تورکیا و دەوڵەتەکەیان و سوپاکەیان بن؟.

هەرگیز بیستوتانە، مەلایەکی تورك بیکات بە شاتە شات و چەنەبازیی باسی ئەوە بکات کە تورکیا و شارە تورکیەکان پیرۆز نین؟! ئەی بەڵا و عیلەتەکە چیە، تەنها مەلای ئیسلامیی سیاسیی کورد لە بیانو ئەگەڕێن بەڵکو لاوانی کورد هانبدەن بێز لە شوناس و وڵاتی خۆیان بکەنەوە؟ لەبەر چی تەنها مەلای ئیسلامیی سیاسیی کورد، لاوانی کورد هان دەدەن، بە چاوی سوك سەیری سیمبۆڵی نەتەوەیی کورد و کوردستان و مێژوی بەرخۆدان و قوربانیدانیی کورد بکەنەوە؟! ئیسلامیی سیاسیی بەشێکی راستەقینە و سروشتی کورد و کوردستان نین. 

ئەوە بەشێك لە پۆپۆلیزم و رۆشنبیرە گەمژەکانی کورد، ئەو زەمینەیەیان ساز کرد، ئیسلامیی سیاسیی کورد، کە جاشی ئەعراب و پاشکۆی ئەتراکن، ئاوا دەمدرێژ و بێحەیا دژیی کورد و بەرخۆدانی کورد شاتە شات بکەن!  کورد ناتوانێت، لە پێشەوەی بەرەی جەنگ دژی داگیرکەر سەرکەوتو بێت، تا نیشتیمان و وڵات لە ناوەوە لە دوژمنە ناوخۆییەکان پاکنەکاتەوە. ئیسلامیی سیاسیی درێژکراوەی داگیرکەر و دوژمنە، دەبێت، نەتەوەی کورد حەق و حیسابی خۆی لەگەڵ ئەو دوژمنە ناوخۆییە یەکلا بکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار