خەنزیر: زمانێک بۆ زەمینەسازی جینۆسایدکردن و پاکتاوی کورد لە حەلەب

2 كاتژمێر لەمەوپێش



د.ئاریان رەئوف 

مێژووی مرۆڤایەتی پێمان دەڵێت کە هیچ کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێک لە بۆشاییەوە دەست پێناکات. پێش ئەوەی گولەکان جەستەی مرۆڤەکان بپێکن وشمشێرەکان سەرببڕن،  سەرەتا زمان دەبێتە ئامرازی کوشتن. کاتێک گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەڕع (جۆلانی) لە حەلەب، چەمکی (خەنزیرەکانی قەندیل) بەرامبەر بەکورد بەکاردەهێنن، ئێمە تەنها لەبەردەم جنێوێکی بازاڕیدا نین، بەڵکو لەبەردەم پڕۆسەیەکی سیاسی و دەروونی مەترسیداین کە خۆی دەبینێتەوە لە پیرۆزکردنی تاوان کە لە زانستی جینۆسایدناسیدا بە  داماڵین لە مرۆڤبوون  Dehumanization -ناودەبرێت.  بە مانایەکی تر ئەم زمانە تەنها جنێو  نییە، بەڵکو بەشێکە لە پڕۆسەیەکی سیستماتیک بۆ زەمینەسازی کۆمەڵکوژی و گۆرینی دیمۆگرافیا.

هەروەک چۆن نازییەکان جووەکانیان بە مشک، رەگەزپەرستەکانی ڕواندا توتسییەکانیان بە سیسرک، جۆلانی و گروپەکەشی هەمان میتۆد بەکاردێنن بۆ ئەوەی جەستەی کورد حەڵاڵ بکەن. ئەم زمانە، درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ڕژێمی بەعس پەیڕەوی دەکرد. لەو سەردەمەدا، دەوڵەتی بەعس وشەی مخرب (تێکدەر) یان جاسوسی بێگانە... هتد ی وەک مۆرکێک بەهەموو کوردێکەوە دەنا. لە فەرهەنگی بەعسدا، مخرب تەنها وشەیەک نەبوو بۆ نەیاری سیاسی، بەڵکو کۆدێک بوو بۆ ڕەوایی دان بە سڕینەوەی فیزیکی. کاتێک کورد بوو بە مخرب، ئیتر مافی ژیانکردنی نەما و جینۆسایکردنی( ئەنفالکردنی) بوو بە پڕۆسەیەکی نیشتمانی. ئەمڕۆش، لە حەلەب، چەمکی خەنزیر و قەندیل هەمان ئەرک دەبینن؛ ئەوان دەیانەوێت سیفەتی مرۆڤبوون لە هاوڵاتییەکی کوردی دانیشتووی شێخ مه‌قسود یان ئەشرەفیە دابماڵن و وەک ئافاتێکی پیس وێنای بکەن کە دەبێت ناوچەکە لە پیسییەکەی پاک بکرێتەوە.

بۆ تێگەیشتن لە مەترسیی ئەم چەمکە، دەبێت لە ڕەهەندی ئایینیی وشەی خەنزیر وردبینەوە. لە فەرهەنگی ئیسلامیدا، خەنزیر تەنها ئاژەڵێکی کێوی نییە، بەڵکو هێمای نەجاسەتی ڕەهایە. گۆشتەکەی حەرامە، جەستەی بە پیس (نەجس) دادەنرێت و بەرکەوتنی پێویستی بە دەستنوێژگرتنەوە و پاکبوونەوە هەیە. کاتێک بکوژێک شوناسی مرۆڤبوونی کورد دەگۆڕێت بۆ شوناسی خەنزیر، لە ڕاستیدا فەتوایەکی ناڕاستەوخۆ دەردەکات: کە ئەم بوونەوەرە شایستەی ژیان نییە و کوشتنی نەک هەر تاوان نییە، بەڵکو جۆرێکە لە پاککردنەوەی وڵاتەکە.

لە ڕوانگەی گریگۆری ستانتۆن، پسپۆڕی جینۆساید، قۆناغی  لە مرۆڤداماڵین یەکێکە لە مەترسیدارترین قۆناغەکان. کاتێک گروپێکی باڵادەست نەیارەکانی بە ئاژەڵ ناودەبات، بەربەستی ویژدانی لای بکوژ لادەبات. بکوژێک کە باوەڕی وایە بەرامبەرەکەی خەنزیرە، ئیتر هەست بە تاوانی کوشتن ناکات، بەڵکو وا هەست دەکات خەریکی ڕاوکردن یان پاککردنەوەی پیسیە. بەکارهێنانی وشەی خەنزیر کە لە فەرهەنگی ئایینی و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیەدا وەک نزمترین و پیسترین ئاژەڵ سەیر دەکرێت، هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ ئەوەی جەستەی کورد حەڵاڵ بکرێت و هیچ سۆز و بەزەییەکی مرۆیی بۆ نەمێنێتەوە کوشت و دەرکردنی پرۆسەیەکی ئاسایی و پیرۆزبێت.

لە لایەکی تریشەوە خاڵێکی تری ترسناک هەیە، ئەویش (بەکۆمەڵکردنی تاوان)ە. بەستنەوەی هەموو کوردێکی حەلەب بە قەندیلەوە، ستراتیژیەتێکە بۆ ئەوەی جیاوازی نێوان مەدەنی و سەربازی نەمێنێت. ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە کە بەعس دەیوت هەموو پێشمەرگەیەک تێکدەرە و هەموو کوردێکیش گومانی پێشمەرگەی لێ دەکرێت. کاتێک جۆلانی و سوپاکەی هەموو کوردێک بە قەندیلی دەبینن، ئیتر منداڵێکی ساوا و پیرەژنێکی پەککەوتەیش دەبنە ئامانجی ڕەوا. ئەمە ڕێگەیەکە بۆ شەرعیەتدان بە پاکتاوی ڕەگەزی؛ چونکە کاتێک تۆ ناوچەیەک وەک هێلانەی خەنزیرەکان ناوزەد دەکەیت، وێرانکردنی ئەو ناوچەیە و دەرکردنی خەڵکەکەی لە چاوی لایەنگرانتەوە دەبێتە سەرکەوتنێکی پیرۆز.

ئەم زمانە توندوتیژە، تەنها ڕەنگدانەوەی کینە نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسییە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا. گروپە توندڕەوەکان دەزانن کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردییەکان، پێویستیان بەوەیە شوناسی نیشتەجێبوونی کورد بشکێنن. بە نامۆ ناساندنی کورد لە خاکی خۆیدا و بەستنەوەی بە شوێنێکی دوورەدەستی وەک قەندیل ، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کورد وەک داگیرکەر یان میوانێکی نەخوازراو نیشان بدرێت، نەک وەک خاوەن ماڵ, کە ئەمەش دێژکراوەى هەما ئەدەبیاتی میژووی بەعسیەکانە کە خەڵکی سوریایان پێ تەلقینکردوە لە سەرەتایی هاتنە سەر دەسەڵاتیان.

لە کۆتاییدا، پێویستە کۆمەڵگەى کوردی بەگشتی و ناوەندە سیاسیى و ئەکادیمیەکان و بەتایبەت رەوەندی کوردی  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە ئەکادیمییەکان لەم پرسە ئاگاداربکەنەوە و بە دۆخێکی کاتی و هەڵچونێکی دۆخی شەر نەیبینن.ئەوە بخەینە روو کە وتاری کینە لە سووریادا گەیشتووەتە ئاستی سوکایەتیکردن بە بوونی مرۆیی نەتەوەیەک. ئاماژەی بەوە بدەین ئەوەی ئەمڕۆ لە زمانی چەکدارەکانی ئەحمەد شەڕعەوە دەبیسترێت، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ جینۆسایدێکی نوێ. ئەگەر جیهان ڕێگری لەم زمانە نەکات، ئەوا سبەینێ دەبێت شایەدی تراژیدیایەک بێت کە کورد دەکرێنە قوربانی ئەو ناو و ناتۆرانەی کە ئەمڕۆ بەکاریان دەهێنن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار