دڵتێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی!

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

تۆ خۆت کێکی دامەزراندنی کۆمارێک ببڕیت کە جینۆسایدی زیلان و دەرسیم و ڕۆبۆسکی کردبێت، هەردوو سەعیدەکەتی کوشتبێ و گۆڕەکانیانی گومناوکردبێ، زمانەکەتی لە قوڕگتدا گرێ دابێ، تاهیر ئێلچی، موسا عەنتەر، ئەحمەد کایا، دەمیرتاش و سەدانی تری مەحکوم کردبێت، سوری ئامەد، حەسەن کەیف و شرناخی لەسەر نەخشە نەهێشتبێت، بە درۆنەکانی ڕۆژانە کێی بوێت بیکوژێت، شەست بازگە و قەرەقۆڵی لە وڵاتەکەتدا بە نایاسایی دروستکردبێت،  فسفۆڕی سپی، کیمیایی، بۆمبی هێشوویی و بایراکتاری لەدژت بەکار هێنابێت، موچەی موچەخۆرەکەتی پاشەکەوت و سەری بیرکەرەوەکەتی بڕیبێت، ئاسنی سارد دەکوتیت چاوەڕوانیت لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەبێت بێت نەهێلێت ئەو هێزە بەربەرییە داربەڕووەکانت بکاتە تەختەی کورسی و قەنەفە و دواتر بە دۆلار و نەوتی فەرهودکراوت پێتنەفرۆشێتەوە، هێزی نێودەوڵتتی غەشیم نییە، تۆ دەبینێت کە کێکی بۆ دەبڕیت ئەویش لەسەر تۆ خۆی پیاوخراپ ناکات.

ئەم نووسینە پێشکەشە بە هۆشیاری وڵاتێک لە یادی سەدساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا کێکی بۆ دەبڕێت!

کامبەر ئاتەش نەسڵسن!

پاش کودەتا خوێناوییەکەی گەورە فاشیستی سەدەی ڕابردوو: کەنعان ئێڤرەن لە ئەیلولی 1980، کامبەر ئاتەش وەک یەکێک لە قوربانیانی کودەتاکە دەخرێتە زیندانی تاوانە قورسەکانی ئامەد. چەند مانگی یەکەمی زیندانییەکەی کامبەر ئاتەش سەردانیکردن بەهەموو شێوەیەک قەدەخە دەبێت. بەزاراوەی گشتیی مواجەی نابێت. وردە وردە کودەتاچییەکان جێ پێی خۆیان قایم دەکەن و دەست بەسەر تەواوی دەوڵەت و جومگەکانیدا دەگرن و سەردانیکردنی زیندانەکان دەستپێدەکەنەوە.
 ئیپەک ئاتەشی٭ دایکی کامبەر ئاتەش یەکێک دەبێت لەو هەزاران دایکە دڵسوتاوەی بۆ بڕیارێکی لەم شێوەیە ڕۆژ دەداتە دەم هەفتەو مانگ. دەرچوونی بڕیارەکە وا شاگەشکەی دەکات ڕۆژانی مواجە پاش نوێژی بەیانی بەو سەرمایە لەبەردەم زیندانی تاوانە قورسەکانی دیاربەکری ئامەد ئامادە دەبێت. بەڵام کێشەیەکی زۆر گەورەتر لە قەدەخەی سەردانیکردن ڕوی تێدەکات، زانینی زمانی تورکی دەبێتە مەرجی سەردانیکردن. 

بەبیانووی ئاسایشی نیشتمانیی دەوڵەت زانینی زمانی  تورکی دەکاتە مەرج لەسەر ئەوانەی دێنە دیدەنی نزیکەکانیان. دایە ئیپەک یەکێکە لەوانەی تورکی نازانێت و بۆ ئەوەی زیاتر هەڵیقرچێنن پێی دەڵێن کە بۆی نییە لە زیندان بە کوردی لەگەڵ کوڕەکەی قسەبکات تا لە ڕۆژە درێژ و شەوە نەبڕاوەکانی کوڕەکەی بپرسێتەوە. گەر بهاتایە بە کوردی قسەی بکردایە بەبەرچاوی دایکییەوە توندترین سزای کامبەریان دەدا. پێشتر چەند جارێک بە چاوکانی خۆی ئەو سزا قورسانەی دیبوو کە کامبەر لەپای تەنها دوو وشەی کوردی ئەم دەبوو بیچەژێت.  
بەهەر دەردیسەرییەک بێت ئیپەک خانم خۆی فێری وشەی 
"کامبەر نەسڵسن " واتە "چۆنی کامبەر" دەکات و ئیدی کە دەهاتە دیدەنیی کوڕەکەی توند پەنجەکانی لەودیو تەل و شەبەکە دڕکاوییەکانەوە دەگوشی و لەبری هەموو قسەوباس و ئەحواڵ پرسییەک بەردەوام دەیگوت "ٚکامبەر ئاتەش نەسڵسن"، ئەو قسەیەی دوبارە و دەبارە و سەدبارە دەکردەوە بەبێ ئەوەی بتوانێت تەنها یەک وشەی دیکە لەگەڵ کوڕەکەی بڵێت. بێدەنگی کامبەر و ئیپەک تەواوی زیندانەکەی دەتەنی. لەدوای ئەم وشەیە کامبەر و ئیپەک بەبێدەنگی و چاوی پڕ فرمێسکەوە لەیەک ڕادەمێنن بەبێ ئەوەی کەسیان تەنها وشەیەک بڵێت. ئاخر هەموو وشەیەکی خاتو ئیپەک بە کوردی شەلاقێک یا ئوتویەکی داخکراو دەبوو لەسەر پشتە زامدارەکەی کامبەری کوڕی.

 بێدەنیگییەک وەک بۆمبا لەقوڵایی چاوی هەردوکیاندا دەتەقییەوە و  تەواوی زیندانەکەی بەخۆی ڕەنگدەکرد، ئەم بێدەنگییە وەک هەورە گرمەی بەهار سێڵاوی لە چاوەکانی ئیپەکی دایک ڕۆ دەکرد و نەیدەتوانی پێش بە گریانی خۆی بگرێت. 
بێدەگی ئەو دوانە زمانی خودا بوو هەموو فەرهەنگەکانی دونیا تا ئێستاش ئاتاج و دەستەوسانن لە تێگەیشتن لێی وتەرجەمەکردنی، نە نوسین و نە فیلم و نە حیقایەت توانای گواستنەوەی ساتی بێدەنگیی پاش پرسیاری "کامبەر ئاتەش نەسڵسن"یان نییە. ئەم بێدەنگییە  هاوارێکی ئەوەندە بەرز بوو بەڕوی فاشیزمە زۆربڵێ و چەنەباز و گوێنەگرەکەی دەوڵەتی تورکدا  دواجار دەنگی کەنعان ئێڤرەن و هاوەڵاکانی کپ کرد و خۆشی نەوەک  هەر ما و بەڵکو بوو بەنەعرەتە و ئیلهامی دروستبوونی دەیان شیعر و ڕۆمان و فیلم. 

ئێمە وەک کورد ناتوانین سەرمایەگوزاری لە تراژیدیاکانی خۆماندا بکەین و دواتر وەک هۆڵۆکۆست گارەنتی دوبارەنەبوونەوەیان بکەین. ئەوەی هەیە وەک ئەم نوسینەی بەندە نوزەنوزێکە لەژێر لێوەوە، کڕوزانەوەیە بە چێژی مەرگدۆستی، سەرڕێخستنی تراژیدیا بۆ هەستانەوە. شۆک نابین بەوەی بەسەرمان دێت، چونکە دووبارەن؟ بۆچی دوبارەن؟ چونکە سەرمایەگوزاریی لە ڕابردوو ناکەین و حەزمان بە سوڕانەوەیە لەهەمان بازنەی داخراوی دەرەوەی مێژوو.

ئەوانەشی بوونی پەکەکە دەکەنە پاساوی فاشیستبوونی سەرانی دەوڵەتی تورک و ڕژێمەکەی ئاردۆگان و پێیان وایە گەر پەکەکە نەبوایە ئاردۆگان و دەوڵەتەکەی دەبوونە مەسیحی کورد، دەبێت بزانن ئەم ڕووداوە پێش دروستبوونی شەڕی خوێناوی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە ڕوویداوە!

٭پێرێ خاتوو ئیپەک ئاتەش وەفاتی کرد و بەیەکجاری لە کەڵبە تیژەکانی ئەو فاشیزمە ئیسلامییە-نەتەوەییە ڕزگاری بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار