(شێخ مەقسود)یش دەڵێت: دۆستی کورد تەنها کوردە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاری قەرەداخی
سوپای سوریای ئێستا، یپێکهاتوە لەتێکەڵەیی ولەئاوێتەیی چەکدارانی ڕێکخراو وگروپەکانی ئیسلامی ژمارێک وڵاتی دەرەوەی سنوری سوریا وگروپەکانی ئیسلامی سیاسی ناوەوەی سوریا..!
ئەمانە؛ لەدوێنێی نزیکدا لەچوارچێوەی ڕێکخراوەکانی داعش، ڕێکخراوەکانی جەبهەت النوسڕە وزۆرێکی تر لەگروپ وتاقمی ئیسلامی کەلەلیستی ڕێکخراوە تیرۆرستێکانی جیهاندا تۆماربوون ولەلایەن (تورکیا)وە بەپارەی(قەتەر) لەسەردەمی سوریای بەشاڕ ئەسەددا بەخێودەکران، لەبەرامبەریشدا کورد لەدوێنێی نزیکدا لەبری هەمو جیهان بەرەنگاریان بوەوە، شەریانی کرد وڕاوی نان.! هەموجیهانیش لەڕێگای دەمڕاستەکانی وڵاتەکانیانەوە شانازییان بەکورد وشانازیان بەشەڕەڤانەکانەوە دەکرد وپشتیوانیش بون.!
ئەمڕۆیش، هەمان خودی ئەو گروپەئیسلامیانەن، لەچوارچێوەی ڕێکخراوەکانی داعش، ڕێکخراوەکانی جەبهەت النوسڕە وزۆرێکی تر لەگروپ وتاقمی ئیسلامی لەلیستی ڕێکخراوە تیرۆرستێکانی جیهاندا دەرهێنراون ولەلایەن (تورکیا)وە بەپارەی (قەتەر) لەسەردەمی سوریای ئەحمەد الشەرع دا بەخێودەکرێن، بەبەرچاوی هەمان هەمو جیهان وهەمان دەمڕاستەکانی وڵاتەکانیانەوە شاڵاوی پاکتاوسازی دژ بەهەمان کورد وهەمان شەڕەڤانان پیادەدەکەن..!
لەوەدەچیت؛ ڕوداوەکانی (شێخ مەقسود وئەشرەفیە) لێکەوتەێکی ناراستەخۆی وتوێژ ولیتێگەیشتنە سێ قۆڵێکەبێت کەلە 2026-01-06 لە(پاریس)ی فەرەنسادا لەنێوان(ئەمریکا، ئیسڕائیل وسوریا)دا بەڕێوەچو.
فاکتێک هەیە لەتەک لۆژیکدا دەڕوات ودەگونجێت، دەمانەوێ بڵێین: زۆر ئەستەمە بۆ(ئەمەریکا) وبۆ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەستبەرداری کورد بن لەدەڤەرەکە ولەسوریادا, بەتایبەتی دەستبەرداری(هەسەدە)، ئەمە، لەبەرئەوەی؛ پشتگوێخستنی کورد لەئەمڕۆدا لەبەرژەوندیاندا نییە، پێچەوانەکەی لەبەرژەونیاندایە، نەک لەبەرئەوەی حەزیان لەکوردە وبەدەستی خۆیان نییە وکوردیان خۆشدەوێت..! ئەوان، لەقەناعەتەوە دەزانن کورد وهەسەدە تاکە هێزی متمانەپێکراون لەناوچەکە ولەسوریادا بەرژەوەندی ئەمریکا وهاوپەیمانان بەبێ غەلوغەش دەپارێزن.! ئەمە لەلاێکەوە، لەلاێکی دیکەوە؛ ئیسرائیل وبیرمەندێتی جو؛ عەرەب وئایدۆلۆژیای ئیسلامی بەمەترسی ستراتیجی لەسەر داهاتوی جو وئیسڕائیل داناوە.
لەکاتێکدا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد وکیانی کوردی نەک مەترسی نییە ونابێت لەسەر ئیسڕائیل، بەڵکو لەبڕواێکدان کورد بەگشتی وەک نەتەوە، کوردستانیش وەک قەوارەی سیاسی(سەلامەت وبێوەیی ستراتیجی)ین بۆسەر جو وهەر پێکهاتەێک لەناوچەکەدا. کەواتا؛ ئیسرائیڵ، کەئەمڕۆ کاکی دەڤەرەکەیە، ڕازی نابێت وناهێڵێت کورد پشگوێ وپەراوێز بخرێت، ئەمریکا وهاوپەیمانانیش کۆکن لەسەر ئەو پێودانگ وهەڵوێستە..!
لێرەدا دەمێنێتەوە تیشک بخەینە سەر خاڵێک؛ کەهۆکارێکی هەمیشە نیگەرانی وناڕەحەتیە بۆئێمە، ئەویش، سروشتی بێباکی مامەڵەی سیاسی (ئەمریکا/ئیسرائیل)یە لەئاست هاوکێشەکاندا بەگشتی..! دیارە، شاری (حەلەب)، لەروی جوگرافییەوە هێندە نزیک نییە لەئیسڕائیلەوە تاهۆکاری نیگەرانی بێت لەوەی ئەمڕۆ لەوێدا دژی کورد لەئارادایە. هەروەها ئەوەی دەڕەوتێندرێت سەرچاوەی مەترسی پێکناهێنێت لەسەر غەرب ولەسەر ئەمریکا.!
دووفاقی وبێمۆڕاڵی سیاسەتی ئەودەوڵەتانە رون وئاشکرا لەمەیدانەکەدا هاواردەکەن، کەڕەنگە لەچوارچێوەی یەکێک لەسیناریۆ/تاکتیکاوێکانی ئەمریکی/ئیسرائیلیدا؛ لەپەراوێزی دیمانەکەی پاریسدا چاوپۆشی ناڕاستەخۆ لەلێدانی کورد وهەسەدە بکرێت لەجەبهەی(حەلەب)دا. بەڵام لەجەبهەکانی تردا هێڕشکردنە سەر کورد وهەسەدە لەهێڵی سوردا دەمێنێتەوە.
کێشەی سەرەکی کورد لەناکارامەیی مامەڵەی پراگماتیکیدایە لەسیاسەتدا؛ حزب ولایەنەسیاسێکانی کوردستان ناتوانن کۆدەنگیێک بڕەوشێنن بۆئەوەی خەباتی کوردستانی لەهاوسەنگیێكی سیاسیدا جێگیربێت، ڕاستە دۆخی جیۆسیاسی کوردستان ئاڵۆز وجیاوازە، بەڵام سیاسەتوان وسەکردەکانی کورد لەپاراستنی بەرژەوەندی ئەوانی ترەوە ئومێدی ڕەخساندنی بەرژەوەندی نیشتیمانی بۆکورد دەخوازن، کەرێک، دەبێت بەپێچەوانەوە بێت؛ دابینکردن وپاراستنی بەرژەوەندی سیاسی نیشتمانیمان سەنگی ڕەخساندنی بەرژەوەندی بێت بۆ ئەوانیتر..!
بەهەرحاڵ باببینین، لەناو فەزای ئەم بێکەسیەدا، تاچەند دەتوانین بەرگەی دەستدرێژی گروپەتیرۆریستە ئیسلامێکانی سوپای سوریا بگرین کە(تورکیای قەتەر) بەدڵ وبەگیان پشتیوانیان لێدەکات وزۆر مورتاحیشە پێیان، بەبێئەوەی بیرێک لەداهاتوی لەرزۆکی خودی وڵاتی تورکیا بکاتەوە.! با، بزانین ئاسۆ چی لەهەگبەکەیدا هەڵگرتوە بۆ ماوەکانی داهاتو..؟!
لەکۆتاییدا، لەبۆنەکاندا گوتومانە وئێستایش بەهەڵەی نازانین ئەگەر لەوبڕوایەدا بین کەدۆخی گشتی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاراستەێکدا ڕێڕەوگیرە؛ ئازادی گەلی کورد وسەبەخۆیی کوردستان لەژێرئاڵاکەماندا و بەماڕشی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبەوە خواستی میژو بێت.
