کورد و "ئەڵاهوئەکبەر"

2 كاتژمێر لەمەوپێش



مەعاز فەرحان

کاتی خۆی کە سەڵاحەدینی ئەیوبی بۆ رزگارکردنی قودس سوپای فرەنەتەوەی تەیار کرد، خەلیفەی عەباسی و عەرەبەکان کۆمەکێکی ئەوتۆیان نەکرد، بەشێکی بەهۆی لاوازی سیاسییەوە بوو، بەشە زۆرەکەی لەبەرئەوە بوو شکۆمەندی فەتحی قودس بۆ موسڵمانێکی غەیرە عەرەب نەبێت. بەکورتییەکەی بۆ کورد نەبێت.

 لە دوای سەڵاحەدین ئەوەى پێدەوترێت جیهانى ئیسلامى و ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی خەلافەت و سەڵتەنەتی جۆراوجۆری بەخۆوەبینی، بەڵام هەرگیز نەیتوانی لە بەرامبەر دونیای ڕۆژئاوا خاوەنی شکۆمەندی بێت و ئێستاش لەوپەڕی زەلالەتدایە.

سەڵاحەدین لە پاڵ رۆحە کوردییەکەی ڕێک گەڕایەوە سەر پەیمانی مەدینە، بەڵام لە دوای ئەو، لەناو دونیای ئیسلامدا ڕۆحی ڕەگەزپەرستی و عەقڵییەتی کۆیلە و سەردار، جێگەی برایەتی ئیمانی و قبوڵکردنی جیاوازییەکانی گرتووەتەوە، 
لەئوممەتی ئیسلامییەوە گۆڕدراوە بۆ عروبییەت و تۆرانییەت.

 لە دوای سەرهەڵدانی بیری نەتەوەیشەوە، ناسیۆنالیزمى عەرەبى هەر جارە و لەژێر ناوێکدا یان لە پەناى سەرکردەیەکدا بە ئایدۆلۆژیاى جیاوازەوە خەون بە گێڕانەوەى شکۆ بۆ ئەو سەرزەمینە دەبینێت گوایە هی دونیای ئیسلام و عەرەبە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا سەدام گەورەترین ڕێبەری ناسیۆنالیزمە عەرەبییەکە بووە، لە دواى کەوتنى سەدامەوە، ناسیۆنالیزمى عروبەیی - جیهادیى هەتیو کەوتووە، بەڵام عەرەبى سوننە دەستبەردارى خەونە ناسیۆنالیزمەکەى نەبووە و هەر جارە و ئومێدەکەى بەکەسێکدا هەڵواسیووە، جارێک قـــ ەرزاوى و ئینجا داعــ ـش و ئێستاش جۆلانى.

ڕژێمی ئێستاى سوریا کۆپییەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەڵام بە فۆڕمێکی عروبەیی-جیهادیی، داڕێژەری پلان و بەرنامەکانیشی میتی تورکیایە، مەرجەعە فیکرییەکەشى کەناڵى جەزیرە و ڕۆژنامەنووسەکانى وەکو؛ فەیسەڵ قاسم و ئەحمەد زێدانن.

هەر چۆنێک بێت ئەم ناسیۆنالیزمە نوێیە زۆر بێ فەرهەنگ و هەمەجییە، بۆمبێکی تەوقیتکراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەکۆی تیرۆریی نێودەوڵەتییە.

ئەم ڕەوتە نوێیە، هاوشێوەى ڕەوتە شکستخواردووەکانى دیکەی ناسیۆنالیزمى عوربەیى-جیهادیی، کورد وەک سەرچاوەی مەترسی لەتبوونی نیشتمانەکەیان دەزانێت.

لەلاى ئەم ناسیۆنالیزمە جیهادییە -عروبییە کورد هێشتا فەتح نەکراوە و جەنگاوەرەکانى دەتوانن بە دروشمى ئەڵاهوئەکبەر لەبەرامبەریدا بجەنگن، هەروەک ئەوەی لە حەلەب ڕوویدا.

ئەم ناسیۆنالیزمە 100 ساڵ زیاترە لەناو شکستدایە، بەڵام بەرامبەر کورد هەر دڕە، لە دواى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیل لە 48ـەوە، ناسیۆنالیزمى عوربەیى-جیهادیی زیاتر لە شەش جەنگی گەورەی لە دژی ئیسرائیل دۆڕاندووە دواهەمینیشیان جەنگى غەززە بوو، کە بە تەواوەتى قەزیەى فەڵەستیینان دانا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار