بەدەم ئازارەوە بیرکردنەوە: چی ڕوویداوە و بۆ ڕوویدا؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرنجێکی ئەفڵاتونیانە

هەرێم هادی حەسەن

ئەوەی دوێنێ ڕوویدا، ئازارێکی تاقانەی پێدام؛ ئازارێک کە سەر بە کاتێگۆریی (پۆلێنی) خۆیەتی: شکاندنی شکۆی نەتەوەیی. شوێنێکم دێشێت کە تا ئێستا بەو شێوەیە ئازار نەدراوە. هەستەکانم تێکەڵن؛ هەست بە تووڕەییەکی زۆر دەکەم، بە دوایدا دڵتەنگییەکی قووڵ، تا ئاستی دۆشدامان و خەمۆکی. جوێن دەدەم، پاش کەمێک وەک ئەوەی خراپ دۆڕابم، جەستەم کزۆڵە و بچووک دەبێتەوە.

جار جار پرسیارێک لە "چات جیبیتی" دەکەم لەسەر ئەوەی چی ڕوویدا و بۆ ڕوویدا؟ پێی دەڵێم با وەڵامەکانت قووڵ بن، سەرچاوەکانت باوەڕپێکراوبن، بەڵام وەڵامەکەی پێ دەبڕم و دەڵێم: "تۆش دژی کوردیت، ئەم فڵتەفڵتە کەی وەڵامە و کەی قووڵە؟!" ڕاست بێژم هەڤاڵ؟ دڵێ من دێشێت...

شەو هیچ نەخەوتم و بەیانی زوو بەڕێ کەوتم بۆ زانکۆ؛ زانکۆیەک کە بڕیارە زرنگترین ئەقڵەکانی ئەم وڵاتەی لێ بێت. بابەتی وانەی ئەمڕۆ گفتوگۆی "تراسیماکۆس" و "سۆکرات" بوو لە کۆرسێکدا دەربارەی دادپەروەری لە "کۆماری ئەفلاتوون"دا.

تراسیماکۆس دەڵێت: "دادپەروەری ئەوەیە کە بەهێزەکان دیاریی دەکەن!"
وەکو کوردێکی دڵشکاو، ئەم ڕستەیە ئاهێکی ساردم پێ هەڵدەکێشێت. دادپەروەری ئەوەیە کە بەهێزەکان دیاریی دەکەن! دەلۆ، کوێربم، دادپەروەری ئەوە نییە لەپای ئازایەتی، مەردایەتی، ژیاندۆستی، ئازادیخوازی و یەکسانیخوازییەکەت، جیهان دادپەروەرانە مامەڵەت لەگەڵ بکات. نا هەڤاڵ، دادپەروەری ئەوەیە کە بەهێزەکان دیاریی دەکەن!

دەزانم سۆکرات چۆن وەڵام دەداتەوە، بەڵام نازانم تا چەند فریامان دەکەوێت. سۆکرات وەڵامی تراسیماکۆس دەداتەوە بەوەی کە ناکرێت دادپەروەری ئەوە بێت کە دەسەڵاتداران دیاریی دەکەن، چونکە دەسەڵاتداران دەکەونە هەڵەوە لەوەی کە چی لە بەرژەوەندییانە. با بەپێی ئارگۆمێنتەکەی سۆکرات کەمێک بیر بکەینەوە و بپرسین:

ئەمریکا: بەڕاستی، لە پێوەندی بە مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە پشتگیری کورد بکات یان پشتی تێ بکات؟ ئایا کورد نەبوو سەرکەوتووانە شەڕی داعشی کرد و سەرکەوت؟ ئایا کورد نییە ئەو بەندیخانانە بەڕێوە دەبات کە سەدان داعشی ترسناکی تێدایە؟ باشە ئەگەر داعشەکانی ئێستا و داهاتوو مەترسین، با بپرسین: لەژێر سایەی کولتووری کوردیدا (کە کولتووری دیمۆکراسی راستەوخۆ و یەکسانی ڕەگەزی و گەلانە) گەرای ترسناکی "داعشیزم" لەدایک دەبێت، یان لەژێر سایەی ئەو کولتوورەی جۆلانی و هاوشێوەکانی بەرهەم هێنا کە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدان؟ ئایا ئەمریکا ئەوەندە گەمژەیە نەزانێت پشتگیریکردنی جۆلانی دژی کورد، واتە پشتگیریکردنی کولتووری سەلەفیی جیهادی کە منداڵدانی داعشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتووە؟

ئایا لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە لە سووریادا ئاشتی و سەقامگیری هەبێت؟ ئەمریکا نازانێت دەیان وڵات هەن بەهۆی فیدراڵییەوە توانیویانە جیاوازییە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا کۆبکەنەوە؟ باشە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل نییە کە ڕۆژئاوا بە نیمچە-سەربەخۆیی بمێنێتەوە و ئەوان بنکەی سەربازیی گەورەی تێدا دروست بکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان؟ مەگەر لە کورد دۆستتریان دەست دەکەوێت؟

جۆلانی: با پرسیارەکان بگوێزینەوە بۆ جۆلانی. بەڕاستی لە بەرژەوەندی جۆلانیدایە کە کورد ئۆتۆنۆمی هەبێت و ئاشتی بەرقەرار بێت، یان ئەوەی بە زەبری هێز مافەکانی کورد پێشێل بکات و وڵاتەکە هەمیشە لەسەر لێواری شەڕی ناوخۆ بێت؟ ئەگەر جۆلانی چاو لە بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵاتی خۆی ببڕێت، ئایا لە بەرژەوەندی خۆیدا نییە ئاشتی هەبێت و ئابووری ببوژێتەوە؟ مەگەر پشتگیریی ڕۆژئاوا بۆ جۆلانی مەرجدار نییە بە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، پێش هەمووشیان مافەکانی کورد؟

تورکیا: ئەی چی دەربارەی تورکیا بڵێین؟ لە گۆشەی "جیۆپۆلیتیک"ەوە، بۆچوونی زاڵ ئەوەیە کە لە بەرژەوەندی تورکیا نییە ڕۆژئاوا وەک هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی بمێنێتەوە؛ چونکە هانی ئەزموونێکی هاوشێوە لە ناوخۆی تورکیا دەدات. بەڵام ئایا بەڕاستی بوونی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی دژی سەروەریی تورکیایە؟ مێژوو پێمان دەڵێت فیدراڵیزم نەک ڕێگر نەبووە، بەڵکو دەوڵەتانی پاراستووە:

• ئیسپانیا: بە پێدانی ئۆتۆنۆمی بە کەتەلۆنیا، لە شەڕی ناوخۆ ڕزگاری بوو.
• بەریتانیا: ئۆتۆنۆمی بۆ سکۆتلەندا و وێڵز و ئێرلەندای باکوور، زەمانی مانەوەی ئاشتیانەی وڵاتەکەی کردووە.

• کەنەدا: ئۆتۆنۆمی بۆ کیوبیک، کەنەدایەکی بەهێز و یەکگرتووی هێشتووەتەوە.
بەپێچەوانەوە، پاشگەزبوونەوە لە ئۆتۆنۆمی، شەڕ و دابەشبوونی وڵاتەکانی لێکەوتۆتەوە:

ئەریتریا: ئۆتۆنۆمی ئەریتریا لەلایەن ئیرامتۆر هایلە سێلاسییەوە هەڵوەشێنرایەوە ئەنجام دوای ٣٠ ساڵ شەڕ، ئەریتریا لە ئیسۆپیا جیابۆوە و  سەربەخۆیی بە دەستهێنا لە ١٩٩٣. 
بەنگلادیش: پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ئۆتۆنۆمی  دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان، سەرئەجام دوای شەڕی ناوخۆ لە ١٩٧١دا سەربەخۆی بەنگلادیشی لێکەوتەوە.

کورت و پوخت، سیاسەتی سەرکوتکردن و سڕینەوە ئیش ناکات. تورکیا بە هەڵەدا چووە کە وادەزانێت ئاسایشی نەتەوەیی ئەو بە دژایەتیی کورد لە ڕۆژئاوا دابین دەبێت. لە باکووریش دوای سەدەیەک لە سەرکوتکردن، سەرئەنجام ناچارن بچنە ناو پڕۆژەی ئاشتییەوە.

کەواتە، تەنانەت ئەگەر قسەکەی "تراسیماکۆس"یش بە جدی وەربگرین کە دەڵێت دادپەروەری بەرژەوەندیی بەهێزەکانە، هێشتا لەناوبردنی ڕۆژئاوا دژی بەرژەوەندیی ئەوانە. ئەی بۆ دەیکەن؟ لێرەدا وەڵامەکەی سۆکرات دێتەوە کایە: "بەهێزەکانیش هەڵە دەکەن لە ناسینەوەی ئەوەی کە لە بەرژەوەندییانە."
کورت و پوخت، هەم ئێمە و هەم دوژمنەکانمان، باجی "نەزانی و جەهل" دەدەین، جەهل و نەزانی ئەوان. برینەکە زۆر بە سوێیە و زۆر شتی تر هەیە بۆ وتن...
دەلۆ، ئەز حەیرانا تە مە!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار