تۆم باراک: جگە لە تێکەڵبوونی تەواوەتی رێگە چارەی دیکە بۆ هەسەدە نەماوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا پەیامێکی تووندی لەبارەی هەسەدەوە بڵاوکردەوە.
باراک سەرەتا، باسی دۆخی ئێستای سوریا دەکات و دەڵێت: ئێستا کاتێکی زۆر باشە بۆ کورد، کە تێکەڵی سوپا و حکومەتی سوریا بێت، چونکە لەم سەردەمەدا مافی زمان و کلتووری کورد بە تەواوی پارێزراوە و وەک سەردەمی ئەسەد نییە.
دەقی قسەکانی تۆم باراک، کە لە هەژماری خۆی لە 'ئێکس' بڵاویکردووەتەوە.
هەرئێستا دەرفەتێکی مەزنە بۆ کوردی سوریا لە دوای ئەسەدەوە و لەژێر حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئەم کاتە ئۆفەرێکە بۆ بەتەواوی تێکەڵبوون بۆ یەکڕیزی دەوڵەتی سوریا، بە مافی هاوڵاتیبوون، پاراستنی کلتوور، بەشداریی سیاسی، کە لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەد رەتکرابووە، کە کوردانێکی زۆری بێدەوڵەت، سانسۆرکردنی زمان و تاوانی بە سیستەماتیکراو کردبووە.
لەپێشدا؛ سوپای ئەمریکا سەرەتا لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بوو، بۆ تێکشاندنی داعش، هێزەکانی هەسەدەش بە رێبەرایەتی کورد، سەلماندیان، کە کاریگەرترین هاوبەشی ئێمەن لەسەر زەوی بۆ تێکشاندنی خەلافەتی د.ا،عش تا ساڵی 2019 و دەستبەسەرکردنی هەزاران ئەندامی داعش و خێزانەکانیان و کۆکردنەوەیان لە کەمپی هۆل و زیندانی شەدادیە، ئەو کاتە هیچ دەوڵەتێکی ناوەندی کارا لە سوریا نەبوو تا کاری لەگەڵ بکرێت، رژێمەکەی ئەسەدیش لاواز بوو بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران و روسیا، نەدەبوو هاوبەشێکی گونجاو دژی داعش.
ئەمڕۆ، بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، ئێستا سوریا خاوەنی حکومەتی ناوەندی دانپێدانراوە، چووەتە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشاندنی داعش (وەک 90ەمین ئەندام لە کۆتایی 2025دا)، ئەمەش ئاماژەیە بۆ وەرچەرخان بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی دژە تیرۆر. ئەمە پاساوەکانی هاوبەشیی ئەمریکا و هەسەدە دەگۆڕێت.
ئەرکی سەرەکی هەسەدە وەک هێزی یەکەمی دژە داعش تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە، چونکە ئێستا دیمەشق هەم ویستی هەیە و هەم لە پێگەیەکدایە کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان بگرێتە ئەستۆ، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی گرتووخانە و کەمپەکانی داعش.
پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەش نیشانی دەدەن، کە ئەمریکا بە خێرایی ئاسانکاری بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکات، نەک درێژکردنەوەی ڕۆڵێکی جیاواز بۆ هەسەدە.
ئێمە بە شێوەیەکی فراوان لەگەڵ حکومەتی سوریا و سەرکردایەتی هەسەدە گفتوگۆمان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوە، کە لە 18ـی یەکدا واژۆ کرا، و داڕشتنی ڕێگایەکی ڕوون بوو بۆ جێبەجێکردنێکی ئاشتییانە و خێرا.
رێککەوتنەکە بریتییە لە تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو سوپای نیشتمانیدا (وەک تاک، کە یەکێکە لە بابەتە هەرە پڕ کێشەکان)، ڕادەستکردنی ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان، دەروازە سنوورییەکان، و چۆڵکردنی کۆنترۆڵی گرتووخانە و کەمپەکانی داعش بۆ دیمەشق.
ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازی درێژخایەندا نییە؛ لە پێشینەی کارەکانی تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش، پشتگیریکردنی ئاشتەوایی و پێشخستنی یەکڕیزی نیشتمانییە، بێ ئەوەی پشتگیری لە جیابوونەوە یان فیدراڵیزم بکات.
ئەمە رێگەیەکی بێوێنە بۆ کوردەکان دروست دەکات: تێکەڵبوونەوە لەنێو دەوڵەتی نوێی سوریادا مافی هاوڵاتیبوونی تەواو دەستەبەر دەکات تەنانەت بۆ ئەوانەشی پێشتر بێناسنامەبوون، دانپێدانان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سوریا، پاراستنی دەستووری بۆ زمان و کلتووری کوردی (بۆ نموونە: خوێندن بە زمانی کوردی، ناساندنی نەورۆز وەک جەژنێکی نیشتمانی)، و بەشداری لە حوکمڕانیدا—کە زۆر لەو نیمچە ئۆتۆنۆمییە زیاترە کە هەسەدە لە کاتی ئاڵۆزییەکانی شەڕی ناوخۆدا هەیبوو.
هەرچەندە مەترسییەکان ماون (وەک بوونی ئاگربەستی لاواز، پێکدادانی کاتی، یان نیگەرانی لە توندڕەوەکان)، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشار دەکات بۆ دابینکردنی گەرەنتی بۆ مافەکانی کورد و هەماهەنگی دژە داعش. بژاردەی دیکەش، جیابوونەوەی بەردەوامە، کە دەکرێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری یان سەرهەڵدانەوەی داعش. ئەم تێکەڵبوونەوەیە کە دیپلۆماسی ئەمریکا پشتیوانی دەکات، گەورەترین هەلە بۆ کورد تا بتوانن ماف و ئاسایشی بەردەوام لەنێو دەوڵەت - نەتەوەیەکی دانپێدانراوی سوریادا دەستەبەر بکەن.
لە سوریادا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەرکیز دەخاتە سەر: دڵنیابوون لە پاراستنی ئەو گرتووخانانەی زیندانیانی داعشی تێدایە و ئێستا لەلایەن هەسەدەوە دەپارێزرێن.
ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بۆ ڕێگەدان بە تێکەڵبوونەوەی ئاشتییانەی هەسەدە و بەشداری سیاسی دانیشتوانە کوردەکەی سوریا لە هاوڵاتیبوونی تەواوی مێژوویی سوریادا.
