لە گۆرانی شاعیرەوە، کورد هاواری برایەتی کورد و عەرەب دەکات!

2 كاتژمێر لەمەوپێش



"برای عەرەبی چاوڕەشم

تاڵ بوو بەشت، تاڵ بوو بەشم"

جەعفەر عەلی

 تاڵییەکانمان لەگەڵ بەشکردن، بەڵام کە گەیشتنە دەسەڵات، کە پێویستیان پێمان نەما، ژیانیان پڕکردین لە تاڵی!

برایەتی گەلان، واتە هەردوولا یەکتری بە برا بزانن، بە ئەخلاقەوە برا بن. لە دەرەوەی ئەوە هەرچی بگوترێ خۆفریودانە.

    کورد هەمیشە ئەویدی بە برا زانیوە، بەڵام ئەوان بەردەوام گەلەکۆمەیان لێکردووین، پیلانی هاوبەشیان لە دژ گێڕاوین و ژیانیان پڕ کردووین لە تاڵی.

ئێستا «گۆران» زیندووبکەیتەوە، یان سەرتاپای شیعرەکەی دەستکاری دەکات، یان لە بڵاوکردنەوەی پەشیمان دەبێتەوە.

نەفرەت لەو برایەتییەی، هەرگیز کوردی وەک برا بچووکیش قبوڵ نەبووە.

 برایەتی گەلان، دروشمێکی بەتاڵ و درۆیەکی مێژوویی گەورەیە.

ستەمکارانی دەوڵەتانی سەردەستی عەرەب، تورک و فارس، هێندە بە دڵفراوانییەوە دەستیان بەو پەتی ئەستوری برایەتییەوە گرتووە، تەنانەت ئەوکاتەش کە زمان و کولتورمان قەدەغە دەکەن، وەک بوونێکی جیاواز نامانناسن و کۆمەڵکوژمان دەکەن، هەر باس لە برایەتی لەگەڵ کورد دەکەن!

-هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ئەتاتورک کرد، کۆمەڵکوژی کردین.

-هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ حەمە ڕەزاشا کرد، مامەڵەی پێوەکردین.

-هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ئیسرائیل کرد، وەک کارتێک بەکاریهێناین و دەستبەردارمان بوو.

-لەگەڵ ئەمریکا بووینە هاوپەیمان، سازشی لەسەر کردین.

-لەگەڵ دەسەڵاتی دیفاکتۆ لە دیمەشق نزیک بووینەوە، خەریکی سڕینەوەی بوونی ئێمە و پڕۆژەی حەڵاڵکردنی خوێنی کورد بوون لە ئەنفالێکی تردا.

-لەم دنیایە ڕوو لە هەر مزگەوتێک بکەیت، کوردێک دەبینیت خەریکی دەستنوێژ هەڵگرتنە، کەچی جیهانی ئیسلامی هەمیشە وەک کافر و بێ دین و بوونێکی نەفرەتلێکراو دەمانبینێت، بوونێک پێویستە دەوارنشینەکانی عەرەب (فەتح)ی بکەن.

مرۆڤێکی راسیست نیم، بەڵام گەلی کوردم لە هەموو گەلانی دنیا زیاتر خۆشدەوێت، کوردستانیشم وەک نیشتمان، لە هەموو شوێنێکی ئەم سەرزەمینە لا پیرۆزترە.

دەیانجار کورد ڕووبەڕووی کارەساتی تراژیدی، درۆی گەورەی برایەتی و هاوپەیمانێتی بووەتەوە، بەڵام هەم خۆی و هەم پڕۆژەکەی بە زیندوویی ماونەتەوە. مەترسی و پیلانەکان تێدەپەڕن و کورد دەمێنێت، هیوا دەمێنێت، خەونی ڕاستەقینە بۆ پاراستن و داکۆکی لە ناسنامە و بوونی سیاسیمان هەر دەمێنێت.

ئەم تراژیدیای خوێن و غەدرەش خاڵێکی کۆتایی هەیە و تێدەپەڕێت. کورد بووە بە ژمارە و هەر سەردەکەوێ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار