دەستەكانتان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕەحمان غەریب

دەستێك بەسەر برینەوە بۆ مانەوە لە تاریكترین ساتە وەختەكانی مێژوو، دەستێك شۆك بە خەمساردی و بێ باكی دۆستی نیوەڕێ، دەستێ لەسەر ئازار و بەرگری و ئومێد، دەستێك شایەتحاڵ بەسەر بیرچوونەوەی بەدبەختانی دونیا، دەستێك بۆ خەون بۆ پاراستن و تەسلیم نەبوون، ئەویتر بریندار بۆ سڕینی فرمێسكی تەنیایی و ناهاوسەنگی هێز.

دەست و رووخسارەكان خەم و دڵتەنگییەكان، چیرۆكی ستەملێكراوانی بێ دەوڵەتی دونیان، لە تاریكترین ساتەكانی مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی، خۆری گەشاوەن. خەم و توڕەیی رووخساریان غەمباریان ئەدەبیاتێكی رەتكردنەوەن، دژ بە خۆبەدەستەوەدان بە نائومێدی، چیرۆكی دەستە شپرزەكانن لەم سەردەمی ستەم و تاریكییەدا روناكين، پایەی ئەخلاقیین، كاتێك هەموو پایەكانی ئەخلاقی دەوڵەتانی دونیا كەوتوون.

ئەو دەستە بەهێزەی نەخشەی بەرگری ستەملێكراوانی دەكێشا، ئۆقرەی لە دەست داوە، هەر لە جووڵەی مەحاڵدایە بۆ موعجیزەی تۆزێك ویژدان. ئەو دەیكاتە سەر تەختەی مێزێك كە هیوای ئەوی لەسەر هەڵنەچنراوە، دەستێكی سوتاو بێ ئارام بەدەستی درۆی هاودەنگی و هاوپشتی دەرەكی، قوفڵیان دەكات، دەستی چەپی باوەش بە دەستی راست دەكات، قسە ناكەن، هاوار دەكەن: جگە لە كورد هیچی تر نەبووم. 

 كە دڵ لای زێدی وێران و گوندی سوتاوبێت، كە هۆش لای خاكی لە دەستچوو، شاری كارەساتبار بێ، كە مێزی "ئاشتی" لە مەرگ بچێت، دەست چۆن نالەرزێ و دڵ چۆن لەت نابێت. كە مەترسی لەسەر بوون و شوناس بێت و پێمان بڵێن: بڕۆن، بۆ كوێ بچین؟ تەسلیبوون  نە كارێ مەیە.

چاو چۆن غەمبار نابێت، سنگ چۆن نابێت بە گەنجینەی ئازار و حەسرەت و تووڕەیی و كابوس كە عەدالەت و مافەكانی ئینسان، لەم زەمەنە ناشرینە دەبنە كاڵایەكی هەرزانی بازاڕی سیاسەت.

 پەنجەكانی دەست چۆن نابن بە لقی درەختی زەیتوونی دزراوی بە شكۆی عەفرین، كە دەستی لەرزۆكی بە زەوی تاڵانكراوی نیشتمان ناگات و هەرخەبات بۆ ژیان دەكات، دڵ چۆن نالەرزێ دڵ چۆن نابێ بە سەد پارچە، كە هەر گۆشەیكی نیشتمان لە ماتەمینێك بێت.

دەستەكانیان لەسەر مێزەكە نیین، ئاڵاون بە یەكتردا، بوون بە وێنەیەكی گەورەی سەر دیواری ماڵێكی داڕوخاوی مهاباد، وا بەسەر مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، دەرگای قەراتێ، قوتابخانەیەكی گەڕەكێكی هەژارنشینی ئامەد، شەقامێكی كۆبانێ.

دەستەكانتان چاوییان بڕیوەتە ئەخلاقی نوێنەرانی دەستەیەك لە مافیای بۆرسە، كە بە هەزار ڕووخسارەوە دانیشتوون و ئامادەن خوێنمان بكەنە شووشەی عەتری ئۆرجیناڵی ئیمپراتۆرییەتی ئابوری تڕەمپ، وەك نەوت لەو دیو سنور بیفرۆشن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار