میرزا غوڵام قادیانی و عەلی قەرەداخی!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



خنجەرێکی ژەهراویی، کە لە پشتی گەلانی موسڵمانی مەزڵومی وەک کورد دەدرێ.

عەبدوڵڵا مەلا نوری

بەریتانییەکان، ساڵی ١٧٥٨ هیندستانیان داگیرکرد، لە ساڵی ١٩٤٧ وەک داگیرکەر بەجێیانهێشت. واتە ١٨٩ ساڵ خێروبێری ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان ئەبرد. لەو ماوەیەدا خەڵکی هیند ڕووبەڕووی هەژاری و برسێتی و ستەمی زۆر کرانەوە، بۆیە چەندینجار دژی داگیرکاری ڕاپەڕین.

لە ساڵی ١٨٥٧، بەریتانییەکان جۆرێک لە چەکی نوێیان بەسەر سەربازەکانیاندا، لە هیندستان دابەشکرد، کە قەباخی بارووتی گولەکەی لە کاغەزێکی پێچراو دروستکرابوو، بە پارچەیەک فتیلەی چەورکراو، کە ئاگری پێوەدەنرا، تەقەی دەکرد. سەربازەکان لە کاتی جەنگدا، یان لە کاتی ڕاهێناندا، دەبوو بە ددانەکانیان پارچەیەک لە فتیلەچەورەکە بۆ هەر گولەیەک بقرتێنن.

لەو کاتەدا، لە نزیک دلهی پایتەخت، سەربازگەیەکی ڕاهێنان هەبوو، تەنها ئەفسەرەکانی بەریتانی بوون، ئیدی هەموو سەربازەکانی ناوی هندۆس و موسڵمان و هەندێکیشی سیخی بوون؛ ئەم سەربازانە وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی هیندیی، لە ستەمکاری بەریتانییەکان پەست ببوون. دواتر بیستیان، کە ئەو ڕۆنەی گڵۆڵە فتیلەکانی پێ چەورکراوە، لە پیوی مانگا و بەراز پێکهاتووە!

ئاخر بەپێی باوەڕی هندۆسەکان مانگا پیرۆزە و سەربڕینی قەدەغەیە، وەک چۆن خواردنی بەراز لە ئایینی ئیسلامدا ڕێگەپێنەدراوە. کەواتە هەمووجارێک لە کاتی قرتاندنیفتیلەکە بە ددانەکانیان، دەبوو سەربازانی هندۆسی دەم بنێن بەچەوری مانگا-خوداکەیانەوە، هەروەک موسڵمانەکانیش ناچارن تامی چەوری بەراز بکەن. واتە سەربازانی سەربە هەردوو پێکهاتە ئایینییەکە، بۆ تەقاندنی هەر گولەیەک، دەبوو دەم بخەنە چەوریی ئاژەڵێکەوە، کە ئایینەکەیان قەدەغە و حەرامی کردووە. 

سەربازە هندۆس و موسڵمانەکان ئەمەیان بە سوکایەتی و بێڕێزی بە خۆیان و ئایینەکەیان دەزانی، بۆیە پێیان قبووڵ نەدەکرا. سەرەنجام ڕۆژێک، ژمارەیەکیان یاخی بوون و ڕەتیانکردەوە گاز لە فتیلەکان بگرن. ئەمەش بووەهۆی ئەوەی ئەفسەرە بەریتانییەکان ڕاستەوخۆ ئەم سەربازانە هەواڵەی دادگای سەربازی بکەن. ئەوە بوو دادگا یەکی بە چەندین ساڵ زیندانی حوکمیدان. لە کاتی گواستنەوەی حوكمدراوەکاندا بۆ زیندان، بە ڕووتوقووتی و بە پیادە، بە بەردەم هاوڕێکانیاندا بەڕێیان دەکردن. ئەمەش بە مەبەستی ترساندن و شکاندنی کەرامەتی ئەوانی دیکەش، بۆ ئەوەی چیتر هیچ سەربازێکی دیکە زاتی ناڕەزایەتیدەربڕین ویاخیبوون نەکات.

بەڵام ئەم هەنگاوەی ئەفسەرە بەریتانییەکان ئەنجامێکی پێچەوانە و چاوەڕواننەکراوی دا بەدەستەوە، چونکو سەربازە هندۆس و موسڵمانەکان، بە بینینی دیمەنی هاوڕێکانیان بە زەلیلی، هەستیان بە سوکایەتییەکی زۆر کرد و تووڕە و کەلـلەیی بوون. بۆیە بە جارێک پەلاماری ئەفسەرەکانیان دا و لەناویان بردن و سەربازەگەکەیان بە تەواوی کۆنترۆڵکرد؛ پاشان هێرشیان بەرەو چەند سەربازەگەیەکی دیکە برد. وردەوردە سەر‌هەڵدانی سەربازەکان بۆ ڕاپەڕینێکی گەورەی جەماوەریی گۆڕا؛ تا ئەوەی شاری دلهی و چەندین شوێنی دیکەش ئازادکران. سەتان هەزار کەس بەشدارییان لەم ڕاپەڕینەدا کرد، شانبەشانی هندۆسەکان، موسڵمانەکانیش ڕۆڵێکی ئازایانەیان گێڕا.

ڕاپەڕینەکە بەگشتی نزیکەی پێنج مانگێک بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا کۆمەڵکوژی زۆر لەسەر دەستی هەردوو لایەنی بەریتانییەکان و ڕاپەڕیوەکان ئەنجامدرا، بەڵام سەرەنجام بەهۆی ناڕێکخراوەیی ڕیزەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو و ناپاکی بەشێک لە هندۆس و موسڵمانەکان، هەروەها هێرشی بە ئاگر و ئاسنی بەریتانییەکان، ڕاپەڕینەکە سەرکوت و خامۆش کرا. 

پاش ماوەیەک، بەریتانییەکان لیژنەیەک لە کەسانی شارەزا دەنێرنە ناو خەڵکی هیندستان، تا بزانن هۆکارەکانی پشت ڕاپەڕینەکە چی بووە و چۆن بتوانن ڕێگربن لەبەردەم دووبارەسەرهەڵدانەوەی؟ دوای کار و گەڕان، لیژنەکە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادەدەکات. لەو بەشەیدا کە پەیوەندی بە کۆمەڵگەی هیندییە موسڵمانەکانەوە هەبوو، باسی ئەوەی تێدا کرابوو، کە خەڵکی عەوامی موسڵمان زۆر لەژێر کاریگەری پیاوانی ئایینی خۆیاندان و بە شێوەیەکی کوێرانە شوێنی قسەکانیان دەکەون. 

بۆیە ڕاپۆرتەکە پێشنیازی ئەوەی کردبوو: ئەگەر بمانەوێتخەڵکی موسڵمان بخەینە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی خۆمان؛ئەوا باشترین ڕێگە ئەوەیە، لەناو خۆیاندا زانای ئایینی سەربەخۆمان دروستبکەین. واتە دروستکردنی پیاوانی ئایینی خۆفرۆش و بەکرێگیراو، تا گوتار و پەیامە ئایینییەکانیان بخەنە خزمەت داگیرکاری بەریتانیاوە.

وەک ئەوەی لە گێڕانەوەکاندا هاتووە، لەو کاتەدا پیاوێکی ئایینی بە ناوی میرزا غوڵام هەبوو، شارەزای ئایینی ئیسلام دەبێت، باوکی لە دامودەزگاکانی بەریتانیا کاردەکات، لەم ڕێگەیەوە پەیوەندی لەتەکدا دەبەستن. پاشان لە ڕێگەی دەزگاکانی هەواڵگرییەوە لەناو خەڵکدا پڕوپاگەندەی بە قازانج دەکەن، تا وردەوردە زیاتر دەناسرێت.

هەروەک بڕە پارەی گەورەی بۆ تەرخان دەکەن، تا بەسەر موسڵمانە هەژارەکاندا دابەشیبکات، لەهەمانکاتدا وتاری تووندی دژ بە هندۆسەکان دەنووسی و ئاگری ناکۆکی لەگەڵیاندا خۆش دەکرد، بەمەش زیاتر بووە جێگای متمانەی موسڵمانان و خۆشەویستتر بوو.

دیارە میرزا غوڵام لە بەشێکی دیکەی قسە و گوتارەکانیدا گوتوویەتی: "من مەهدی چاوەڕوانکراوم." پاش ماوەیەک خۆی وەک پێغەمبەر مەسیح باسدەکات. تا کار دەگاتە ئەوەی بڵێت: ڕۆحی پێغەمبەر موحەمەد لە مندا زیندووبووەتەوە و کاروانی هاتنی پێغەمبەران بەردەوامیی هەیە. 

وردەوردە سەتان هەزار موسڵمانی لێکۆدەبێتەوە، کە گوێیان لێدەگرت و کەوتبوونە ژێر کاریگەریی قسە و گوتارەکانی و بەدیاریەوە دەگریان. هەرکەس ڕەخنەیەکی لێبگرتایە، بە جارێک دەیان کەس لە لایەنگرانی پەلاماریاندەدا. بە جۆرێک خەڵکی ڕەشۆك و هەژار، پارەی خۆیان پێدەدا، تا بۆ چاپکردنی کتێب و نووسینەکانی خەرجی بکات. 

وەک ئەوەی بانگخوازی ئیسلامیی تارق سووەیدان دەڵێت: "لەو ماوەیەدا میرزا غوڵام دەستدەکات بە جێبەجێکردنی ئەجێندا و پیلانی بەریتانییەکان، بەجۆرێکلە قسەکانیدا دەیگوت: ئەوان داگیرکەر نین، بەڵکو وەلیئەمری ئێمەن، دەبێت بە قسەیان بکەین و کێشەیان بۆ دروستنەکەین، ڕێزیان لێبگرین، ئەوان خێروبێریان بۆ وڵاتەکەمان هێناوە. بۆیە جەنگین و جیهادی دژی داگیرکاری ئینگلیزەکان هەڵوەشاندەوە. تا کار گەیشتە ئەوەی بڵێت: حکومەتی بەریتانیا شمشێری دەستی ئێمەیە، دەمانەوێت ئەم شمشێرە لە هەموو جێگایەکی ئەم جیهانەدا بریقە بداتەوە. واتە شەرعیەتی بەوە دەدا، کە بەریتانیا بۆی هەیە وڵاتانی دیکەش داگیر بکات."

جا گەلی موسڵمانی کورد، خەڵکی مەزڵومی وڵاتەکەم، ئێستا دەتوانن لە کەسایەتی میرزا غوڵام قادیانیدا ژەهری عەلی قەرەداخی و هاوئاوازەکانی بناسنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار