نهێنییەکانی پاڵپشتیکردنی سوریای شەرع!

2 كاتژمێر لەمەوپێش



د. عەدالەت عەبدوڵڵا 

نهێنیی پشتگیریی ئەمریکا، تورکیا، کەنداو و بێدەنگیی ئیسرائیل لە ئاست تاوانەکانی حکومەتی شەرع لە سوریادا دەرهەق بە پێکهاتەکان و لەباربردنی خەون و چاوەڕوانییە سیاسییەکانیان، ئەمانەن، بێگومان هەر ئەم خاڵانە کۆلکەی هاوبەش و کۆکەرەوەو هاوپەیمانێتیی نێوان ئەم وڵاتانەشن لە دۆسێی سوریادا:

1ـ شەرع بەڵێنی پشتیوانیکردن و سەرپەرشتیکردنی شەڕ و هەڵگەڕانەوەی داهاتووی سوننەکانی عێراقی بەڕووی دەسەڵاتدارانی شیعە بە ئەمریکا داوە تا ڕادەی ڕوخاندنی لە بەغدا، واتە ئەوەی داعش پێی نەکراو ئێران و سیستانی بە نەفیرعامێک لە ئەبو غرێبدا ڕایانگرت، ئەمجارە سوپای جیهادیی شەرع جێبەجێی دەکات.. ئەمە جگە لە پێدانی پشکی شێر بەکۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری کەرتی وزەی سوریای شەرعدا.

2ـ ملکەچیی تەواو بۆ داخوازییەکانی تورکیا بە لەناوبردنی هەسەدە و نەهێشتنی هیچ قەوارەیەکی کوردی له شەرقی فورات و بەخشینی هەندێ مافی ڕواڵەتی بە کوردەکان، ئەوەش بە نوێنەرایەتیی سیاسیی ئەو کوردانەی کە لە فەلەکی تورکیادا ئەخولێنەوە..

3 ـ جێبەجێکردنی هەموو داواکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە دژایەتیکردنی حزبوڵڵا و ڕیشەکێشکردنی نفوزی ئێران لە سوریا و دەستهەڵگرتن لە بەرزاییەکانی جۆلان و بەخشینی خاکی زیاتری باشوری سوریا بە تەلئەبیب بۆ فراوانکردنی پشتێنە ئەمنییەکەی.

4 ـ بەڵێندان بە سعودیە و قەتەر کە له هەموو بەرژەوەندییەکی ئێرانییەکان بدات لە ناوچەکەدا و کۆمپانیاکانیشیان پێگەی گەورەیان لە ئاوەدانکردنەوەی سوریادا پێبدرێت، هاوکات شەڕی حزبوڵڵا و شیعەی عێراقیشیان بۆ بکات. بێگومان لەناو ئەم هاوکێشەیەدا هەندێ گروپی سیاسیی ناو عێراقیش پاڵپشت و هاوبەشن و لە داهاتوودا زیاتر ڕوون دەبێتەوە..!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار