ساڵح موسلیم، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە رێگریی کردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئادار و گروپە چەکدارەکانیش هان دەدات دژی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، دیمەشقیش هەماهەنگی داعش دەکات. پێیوایە حکومەتی نوێی سوریا بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەریی ئەنقەرەدایە. ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن و نایانەوێت کێشەی کورد لە سوریا چارەسەر بکرێت. ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاندووە: پێشئەوەی بچێتە واشنتن، ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کۆبوەوە و لیژنە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10ـی ئادار درووستکرا، بۆ ئەوەی نیشانی بدات نەرمی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمەریکاش دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، باسی رێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنران. ساڵح موسلیم، رەخنە لە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت بەوەی بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار دەکەنەوە، بەڵام لە پشت پەردەوە سیاسەتی دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیڕەو دەکەن، دیمەشق بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری تورکیادایە، هەرچی تورکیا بیەوێت دەیکات، گروپەکانی سەر بە تورکیا هەندێکجار هێرش دەکەنە سەر سنوورەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەوان دەیانەوێت شەڕ لە دێرەزوور و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بکەن. ئەو گروپانە تا ئەمڕۆش پشتیوانی لە تورکیا وەردەگرن و هەوڵی درووستکردنی ئاستەنگ دەدەن. ساڵح موسلیم ئەوەی خستووەتەڕو، هەندێک گروپ هەن لەناو تورکیا کێشەکانی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن و پرۆسەکە پەکبخەن، کەسانێک هەن لەناو تورکیادا نایانەوێت دانوستانەکان بەردەوام بێت، ئەوەندەی دەبینین لە ئێستادا پرۆسەکە لەلایەن تاکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکیان شەرعە و ئەوی دیکەیان شەیبانییە. ئەوان پەیوەندی دەرەکییان هەیە و نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەندامەکەی سەرۆکایەتی پەیەدە، ئاماژەی بەوەکردووە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەیەوێت سنورەکانی لەگەڵ تورکیادا بکرێنەوە و هاوڵاتیان بە ئازادی هاتووچۆ بکەن، بەڵام تائێستا حکومەتی سوریا داواکارییەکی لەو شێوەیەی نەکردووە. سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی دیمەشق دژی عەلەوییەکان و دروزەکان، موسلیم دەڵێت: رێککەوتنی 10ـی ئادار بۆ هەموو سوریا بوو، مادەی 1 و 2 بۆ هەموو نەتەوەکانی سوریا بوو. ئەو رێککەوتنە لە کاتی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان ئەنجامدرا، بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژییەکان کراوە. پێدەچێت ئێستا بۆچوونی حکومەتی کاتی سوریا لەگەڵ ئەمەدا نەگونجێت، چونکە یەک هێزی حوکمڕانی دەوێت. بۆیە دووژمنایەتی درووز و عەلەوی و کورد دەکات. ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەکەن. سەبارەت بە هاوکاری نێوان حکومەتی دیمەشق و داعش ساڵح موسلیم وتوویەتی: "کاتێک داعش شەڕی ئێمەی دەکرد، ئەوان چوونە ئیدلب و ناو و جلوبەرگیان گۆڕی، ئەوەی ڕوویدا شانۆیەکی نهێنی بوو، کاتێک حکومەتی تەحریر شام هاتە سەر دەسەڵات و رژێمی سوریا رووخا، ئەوان لە ئیدلەب مابوونەوە. شانە نووستوەکان بەئاگاهاتنەوە گروپێکی زۆریان چەکیان هەڵگرت. بۆیە ناتوانین بڵێین حکومەت شەڕی داعش دەکات. ئەوان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە یەکگرتوون، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە دەکەن.

پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەنگۆکان و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان گەیشتە گوندی لاجان و لە پەیامێکی تونددا پەردەی لەسەر پیلانێکی دەرەکی و میدیایی هەڵمای.  ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: دروستکردنی ئاژاوە لە گوندی لاجان، هەوڵێکی نەزۆکی نەیارانە بۆ لەبیربردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کەمکردنەوەی شانازیی سەرکەوتنەکانی پارتی، بەڵام عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان بە یەکەوە ئەو پیلانە لەبار دەبەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو گوندی لاجان، داوای لە دانیشتووانی گوندەکە کرد کە بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ناوبراو هەموو ئەو پروپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئازاردانی خەڵک دەکەن و ڕوونی کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان تەنها بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵکی لاجان و ڕێگریکردنە لەو دەستە دەرەکییانەی دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن، نەک بۆ لێدان لە خەڵکی کاسبکار و نیشتمانپەروەر. لە بەشێکی گرنگی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر هێرشی توندی کردە سەر بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و ئاشکرای کرد کە ئامانجی ئەو میدیایانە لە گەورەکردنی کێشەی لاجان و پێچواندنی بە دۆخی (لالەزار)، تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شەرمەزارییە گەورەیە بووە کە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر تووشیان بووە.  خۆشناو جەختی کردەوە، ئەم سیناریۆیانە ناتوانن سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان لەکەدار بکەن و خەڵکی کوردستان ڕاستییەکان لەبیر ناکەن. سەبارەت بە هەڵوێستی عەشیرەتی هەرکی، ئومێد خۆشناو ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ئەو عەشیرەتەی کرد و بە پارێزەرانی سەنگەرەکانی پێشەوەی کوردستان وەسفی کردن، ئەو ڕوونی کردەوە، چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی عەشیرەتێکی گەورەی وەک هەرکی ناکەن، بەڵکو خودی هەرکییەکان لە پێشەوەی حکوومەتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستە تێکدەرانە و خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی حکوومەت و وڵات دەزانن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: ــ  ئەو دەزگا ئیعلامیانەی كە دەڵێن لاجان داگیركراوە بە دڵنیایی حەزدەكەن هەموو كوردستان داگیربكرێت، ئەوانە هەر حەزیان لە سێبەری داگیركارانە. ــ  دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دەدەین بەسەر ئەو فیتنەگێڕییەدا سەردەكەوین. ــ دەستی ئەوانە دەبڕدرێت كە دەیانەوێت ئاژاوە لە كوردستان دروست بكەن. ــ هیچ كەسێك لە لاجان دەستگیرناكرێت و ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن. ــ تەنها لێپرسینەوە لە خەڵكی ئاژاوەگێڕ دەكرێت لە خەڵكی ئاسایی ناكرێت. ــ پیلانەكە لای ئێمە ئاشكرایەو هی ئەمڕۆ نییە. ــ هەندێك لە دەزگا ئیلامییەكان دەیانەوێت كارە شەرمەزراییەكەی كۆرمۆر بزر بكەن. ــ دەیانەوێت بیشوبهێنن بەو رووداوە ناشرینەی لە لالەزار بووەو ئەوەی پێ پەردەشۆش بكەن، ئەوە مەحاڵە لە بیروەری خەڵكی كوردستان ونبێت. ــ ئەئەوانەی دەیانەوێت كۆرمۆر لەبیرببنەوە، بە گروپی تیرۆرست و لە یاسا دەرچوەكان و بەوانەی كە لە هەرێمی كوردسانیشەوە چاوساغیان بۆ دەكەن دەڵیین، كۆمۆر بە سەرتاندا تێناپەڕێت. ــ هیوادارین وەزارەتی رۆشنبیری بێلایەنانە كاری خۆی بكات و یاسا بەسەر دەزگاكانی راگەیاندن جێبەجێبكات، چونكە بەشێكن لە فینەگێڕییەكە.

فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند: بەشێوەیەکی سیمبوڵی چەکەکانمان سووتاند، بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکوری کوردستان کشاندەوە، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا کە لە ئەستۆی پەکەکە بوو، بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە، لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە ئەویش هەنگاو بنێت. بە بۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لە قەندیل مەراسیمێک رێکخرا، تیایدا ئامەد مەلازگرد فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باسی لە هەنگاوەکانی پەکەکە کرد لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە و لە سەر داواکاریی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان بەستووە و دواتر چەکەکانیان بە سیمبوڵی سوتاندووە، بەڵام تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە. مەلازگرد، ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە کۆبووەوە و کۆنگرەی خۆی بەست، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنا. ماوەی پێنج ساڵ بەدژواری شەڕ لە هەرێمی زاپ بەڕێوەچوو، دەوڵەت هەموو دەرفەتەکانی خۆی بەکارهێنا تاکوو هێزی گەریلا لەو شوێنە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئۆجەلان ووتی بۆ رێگرییکردن لە ئاژاوەگێڕی، پاشەکشە بکەن لەو هێڵانەی کە ئەگەری پێکدادان تێیاندا هەیە، هێزەکانیشمان لەو ناوچەیە کشاندەوە. ووتیان چەکەکانتان رادەست بکەن، ووتمان چەکەکان رادەست ناکەین، بەڵام بۆئەوەی مانادار ببێت بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانمان سووتاند. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکووریش کشاندەوە. فەرماندەی هەپەگە ئەوەی خستەڕوو، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا لە ئەستۆی پەکەکە بوو. بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دەوڵەت دەکەین، چاوەڕێین ئەوانیش هەندێک هەنگاو بنێن. لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە هەنگاو بنێت.  بەووتەی مەلازگرد چاوەڕاوانی دوو هەنگاوی کردەیین لە دەوڵەتی تورکیا ئەوانیش: "هەنگاوی یەکەم بریتییە لە ئازادیی ئاپۆ، پێویستە ئەمە لە یاسادا چارەسەر بکرێت. هەنگاوی دووەم، پێویستە کورد لەناو دەستووری بنەڕەتیی تورکیادا جێی بکرێتەوە." فەرماندەی هەپەگە ووتیشی: “تاکوو ئێستا ئاپۆ هەنگاوی ناوە، ئێمە چاومان لەسەر دەوڵەتی تورکیایە، ئەو هەنگاوانەی دەینێت گرنگە.”

پارێزەری لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی پێشنیاری دانوستان و بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردوون، ئەگەر ئاراستەی دانوستەکانیان لەگەڵ پارتی باش بێت. بورهان ڕەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەفتەی پێشوو سەردانی کاک لاهورم کرد، دۆخی تەندروستی باش بوو، لەسەر زۆر بابەت قسەمانکرد، یەکێکیان بەشداریکردن بوو لە حکومەت. وتیشی: کاک لاهور پێشنیاری بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردین، ئەگەر ئاقاری گفتووگۆکانمان لەگەڵ پارتی بەدڵ بوو، ئەگەر گفتووگۆکانیشمان بەدڵ نەبوو ناچینە حکومەتەوە. بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، خاوەنی دوو کورسییە لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.

ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، ئەوە دەخاتەڕوو دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بەبێ روونکردنەوەی هۆكارەكانی وەستاون، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەى  دەكرێت هاوپەیمانی تورکیا بین، بەڵام وەک بەشێک لە سوریا دەمێنینەوە.  لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی " ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی: ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) ڕایدەگەیەنێت مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەبێ رەزامەندی تورکیا نەیدەتوانی بەشداری کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆکی کوردستانی عێراق بکات. هاوکات ئەوەش باسدەکات کە گفتوگۆکانی ئەنكەرە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت. ئەوەش دەڵێت کە دیمەشق دەستی دەستی دەكات و هەوڵی بەدەستهێنانی کات دەدات بەبێ ئەوەی بەڵێنێكی کۆنکرێتی پێشکەش بکات.  بەشێکى دیکە لە پەیامەکانى ئاڵدار خەلیل لە چاوپێكەوتنەکەدا.. ــ دوای کۆبونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، لە واشنتۆن، گفتوگۆکان راگیراون.  ــ دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بەبێ روونکردنەوەی هۆكارەكانی وەستاون.  ــ گفتوگۆکانی ئەنكەرە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت. ــ دیمەشق دەستی دەستی دەكات و هەوڵی بەدەستهێنانی کات دەدات بەبێ ئەوەی بەڵێنێكی کۆنکرێتی پێشکەش بکات.  ــ لایەنی سوری وەهمێکی دروستكرد بەوەی  پێشکەوتن لە دانوستانەكان هەیەو رازیبون بە پێکهێنانی فیرقەیەك و سێ لیوا لە هەسەدە. ــ سەرەڕای لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو کە بریتی بوون سەرلەنوێ‌ رێكسختنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەستنەوەی دەزگا ئەمنییەکان بە ئیدارەی ناوەندی لە دیمەشق. ــ ئەمە یاریكردنە بە زاراوەكان بەبێ هیچ پابەندبونێکی راستەقینە. ــ سەرۆکی سوریا نەرمی نواندووە لە پرسی نا ناوەندیدا نیشانداوە، بە مەرجێک بەو ناوە ئاماژەی پێ نەکرێت. ــ یەكسختنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەناو وەزارەتی ناوخۆی دیمەش قو دانانی جێگری وەزیری ناوخۆ لە ئیدارەی خۆسەر، و پێدانی سەرۆک ئەرکانی سوپای سوریا بۆ کورد. ــ ئیدارەی خۆسەر داوای واژۆکردنی فەرمی لەسەر هەر رێککەوتنێک دەکات. ــ لەو کاتەوە وەڵامیان نەداوینەتەوە، تەنانەت داواکارییەکانیشیان نەخستۆتەڕوو. ــ ئێمە واتێگەیشتوین تەنها ویستوویان پێش کۆبونەوەکەیان لەگەڵ ترەمپ وای نیشانبدەن كە لە گفتوگۆكاندا پێشکەوتن هەیە. ــ تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا لە گرنگی ئەم ساتەوەختە تێدەگات و جەختیكردووە کۆبونەوەی داهاتوو بەردەوام بێت تا رێککەوتن، منیش بە تەواوی لەگەڵیدا هاوڕام، بەڵام سەرەتا پێویستمان بە کۆبونەوەیە. ــ سەبارەت بە پەرەسەندنی ناوچەکانی وەک رەقە و دێرحافر، سوپای سوریا هەوڵدەدات ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر وەک ناسەقامگیر پیشان بدات، لەکاتێکدا واقیعەکە ئەوەیە کە ناوچەكانی تری سوریا ناسەقامگیرە. ــ دەكرێت هاوپەیمانی تورکیا بین، بەڵام وەک بەشێک لە سوریا دەمێنینەوە. ــ سەبارەت به ئەگەری هەڵكشانی دۆخەكەش، دەتوانم پاش مانگێک وەڵامێکی روونتر بدەمەوە. ــ لە ناوچەکەماندا نوێنەرایەتییەکی فەرمی رژێم نییە، لە کاتێکدا ئێمە لە دیمەشق دوو نوێنەرایەتیمان هەیە، پەیامەکە روونە: سوریا بەجێبهێڵن، جیاببنەوە، بە ڕێگای خۆتان بڕۆن. ــ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دەرگای هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەنكەرە دەکاتەوە. ــ پێشهاتەکانی تورکیاو بەتایبەتی دانوستانه بەردەوامەکانی لەگەڵ عه بدوڵا ئۆجەلان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی ناوچەکه دەبێت.  ــ دیداری ئەم دواییە لەگەڵ ئۆجەلان سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، چیتر بە سەرۆکی تیرۆریستان ناونابرێت، بەڵکو بە سەرکردەی کورد ناودەبرێت، ئەمەش بە رەزامەندی دەوڵەتی تورکیا روودەدات و  دیمەشقیش هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت. ــ کۆتایی بە فشارەکانی لەسەر حکومەتی شەرع دەهێنێت بۆ رێگریكردن لەوەی  کورد مافەکانی بەدەستبهێنێت. ــ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەبێ رەزامەندی تورکیا نەیدەتوانی بەشداری کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆکی کوردستانی عێراق بکات. ــ سەبارەت بە داواكانی چەکداماڵینی هێزەکانی هەسەدە، وەک پارتی کرێکارانی کوردستانیش، چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دەرگای هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەنكەرە دەکاتەوە.

یەکێتی جەختدەکاتەوە، بەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حکومەتی سەرکەوتوو پێکناهێندرێت، هەر حکومەتێکیش پێکبهێندرێت شکست دەهێنێت. ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە، لە دوای کۆبوونەوەکە کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سوپاسی متمانەی هاووڵاتیان دەکەین بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها یەکێتی پاپەندی بەڵێنەکانیەتی بەرانبەر بە خەڵک. وتیشی، یەکێتی دەرگای کراوەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە هەرێم و یەکێتی پێداگرە لەسەر داواکارییەکانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت. کاروان گەزنەیی ئەوەشی خستەڕوو، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، یەکێتی لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەکردنی تەواوی کێشەکان لە عیراق بە رێگەی گفتوگۆ و دانوستان، چونکە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئاماژەی بەوەکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، لەناو کوردیشدا پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆ ئەو پۆستەش کاندیدیان دەبێت. وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند، وەکو یەکێتی ئامادەییان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بچنە بەغداد و لە رێگەی گفتوگۆوە، کێشەی موچە و بودجە چارەسەر بکەن، دەشڵێت، دەیانەوێت كورد لە بەغداد یەكدەنگ بێت. "یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، چونکە یەكێتی لە دوو هەڵبژاردن دەنگ  و كورسییەكانی زیادیكردووە"، کاروان گەزنەیی وا دەڵێت.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، ڕایدەگەیەنێن پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەكان كردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زۆرێك لەو هێزانە ئەوكات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، رەنگە هەندێك لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن دەرببڕن. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەرى شەفەق نیوز، عەلی حسێن  بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، دەڵێت پارتی هیواخوازە كەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە كوردستانییەكان، چ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لە حكومەتی فیدراڵی عێراقدا.  هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو  پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی نوێ كوردستان لە زوترین كاتدا.  ناوەڕۆکى تەواوى قسەکانى عەلى حسێن:.. ــ ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی كە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتونەتە ئاراوە، واقعێكی سیاسی نوێیان دروستكردووە، كە دەكرێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان.  ــ پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات لەپێناو دروستكردنی حكومەتێكی نوێ كوردستان لە زوترین كاتدا.  ــ پارتی نایەوێت بگاتە قۆناغی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر ناكۆییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوە، ئەم بژاردەیە لەبەرچاودەگیرێت.  ــ ئەگەر ناكۆكییەكان بە چارەسەر نەكراوی بمێننەوەو نەگەینە رێككەوتن،  جگە لە بیركردنەوە لە هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی نوێ لە كوردستان؛ هیچ بژاردەیەكمان لەبەردەمدا نامێنێت.  ــ تۆمەتباركردنی پارتی بە كڕینی كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بنەمای نییەو پێچەوانەی واقعە.  ــ پارتی لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دەرگای بۆ هەموو لایەنەكان كردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، زۆرێك لەو هێزانە ئەوكات ئامادە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرج گۆڕاوە، رەنگە هەندێك لەو هێزانە خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن دەرببڕن.  ــ ئەم گۆڕانكارییە پەیوەندی بە مامەڵە یاخود كڕینی كورسی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە ئامادەیی هەندێك لایەنی سیاسی هەیە بۆ بەشداری لە حكومەتی ئایندە. ــ پارتی بواری بۆ یەكێتیی و هەموو لایەنەكانی تر كردوەتەوەو، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم لە زوترین كاتدا.  ــ پارتی هیواخوازە كەشوهەوای دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یارمەتیدەر بێت بۆ پەلەكردن لە لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە كوردستانییەكان، چ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یاخود دانوستانی تایبەت بە بەشداری لایەنە كوردستانییەكان لە حكومەتی فیدراڵی عێراقدا.  ــ مامەڵەی نێوان لایەنەكان بەگوێرەی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی هەر لایەك دەبێت.

مەزڵووم عەبدی ڕایگەیاند، کەناڵێکی کراوەی گفتوگۆیان لەگەڵ تورکیا هەیە و دووپاتیشی کردەوە، نابێت بەرپرسانی ئەنقەرە لە چوونی بۆ ئیمراڵی بترسن، "چونکە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و چارەکردنی کێشەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات." مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لە پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا، پڕۆسەی نوێی ئاشتی، چوونی بۆ ئیمراڵی، داهاتووی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی کرد.  لەبارەی  پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ تورکیا، مەزڵووم عەبدی گوتی: "پەیوەندی هەیە و کەناڵی کراوەش لە نێوانماندا هەن، بەڵام ڕێککەوتن نییە. تەنیا ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە سووریا هەیە، ئەمەش شتێکی باشە." هەروەها خواستی خۆی بۆ بەهێزکردن و فەرمیکردنی ئەم پەیوەندییانە و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر هەندێک بابەتی دیاریکراو دەربڕی. فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، هەروەک چۆن تورکیا نیگەرانی هەیە، هەسەدەش نیگەرانیی خۆی هەیە و دەیانەوێت ئەم بابەتانە بخەنە بەر باس و چارەسەریان بکەن. ئەو گوتی: "خاکی داگیرکراومان هەیە، خەڵکی ئێمە بەهۆی بوونی تورکیاوە ناتوانن بگەڕێنەوە. دەمانەوێت ئەم کێشانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە چارەسەر بکەین." سەبارەت بە کاریگەریی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەسەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدی ڕایگەیاند: "زیاتر لە هەموو لایەک، ئەم بابەتە پەیوەندیی بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هەیە." ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ سوپای تورکیا بەرهەمی ئەم پرۆسەیەیە و ئەگەر پرۆسەکە بگاتە ئەنجام، ئاگربەستەکەش هەمیشەیی دەبێت. عەبدی گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە باس لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دەکەین، ئەوە لە سایەی ئەم پرۆسەیەوەیە. ئێمە دەمانەوێت وەک هەسەدە، ئەرکی خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکەین و ببینە لایەنێکی پشتیوان، نەک ڕێگر." عەبدی جەختی لەسەر پێویستیی گفتوگۆ لە نێوان ڕۆژئاوا و ئیمراڵی بۆ چارەسەرکردنی هەندێک کێشە کردەوە و گوتی: "گفتوگۆی باشتر، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت." لەبارەی چوونی شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئیمراڵی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد: "بەپێی گوتەی شاندی سەردانکەری ئیمراڵی، ڕێبەر ئاپۆش داوایکردووە بەرپرسانی ڕۆژئاوا سەردانی ئیمراڵی بکەن. ئێمەش پێویستیمان بەوە هەیە." سەبارەت بە ئەگەری سەردانیکردنی بۆ تورکیا، مەزڵووم عەبدی گوتی: "بۆ ئێمە هیچ کێشەیەک نییە. مادام ئەم سەردانە، بەشدارییەکی ئەرێنی لە چارەسەردا دەکات، بۆچی نەچین؟ ئێمە بە ئەرێنی سەیری دەکەین." فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند، ئەوان خوازیاری سووریایەکی نامەرکەزین. لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە باس لە شتێکی مەحاڵ ناکەین، بەڵکوو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە. لە کۆنفرانسی هێزە کوردییەکاندا داوای فیدراڵیزم کرا. ئێمە دژی ئەمە نین، بەڵام لە ئێستادا کار لەسەر شتە مومکینەکان دەکەین." عەبدی جەختی کردەوە، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی دەستکەوتەکانی خەبات و قوربانیدانی گەلانی ناوچەکەیە؛ نەک تەنیا کورد، بەڵکو عەرەبەکانی دێرەزوور و ڕەققاش. ئەو گوتی: "پێویستە ئەم گەلە بتوانێت بەرپرسانی خۆی هەڵبژێرێت؛ لە بواری سەربازی، ئیداری و ئەمنیدا، و لەسەر ئەم بنەمایە بەشداری لە دەوڵەتی سووریادا بکات. مەبەستی ئێمە لە نامەرکەزی ئەمەیە و ئەمە پارچەبوون نییە، بەڵکو سووریا بەهێزتر دەکات."

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت: لە ساڵانی رابردوودا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بانگەشەی دۆستایەتی گەلی کوردی دەکرد، خۆی وەک لایەنگری چارەسەرو دیموکراسی نیشان دەدا؛ ئێستا بە تەواوی پێچەوانەی ئەمەی کردووە، وتيشى: ئەگەر ئەم هەڵەیە راست نەکەنەوە، ئەوا زیانیان پێدەگات، ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر دەبێت ئەگەر شاندەکە نەچێتە لای بەڕێز ئۆجەلان. موراد قەرەیلان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی "ستێرک تیڤی" راشیگەیاند: سەردانی شاندەکە بۆ ئیمرالی بەشدار دەبێت لە پێشخستنی پرۆسەکە، ئێستا هەنگاوی یاسایی و داڕشتنی یاسایی پێویستە، بزوتنەوەکەمان ئەوەی لە توانایدا بووە ئەنجامیداوە، دەبێت بچینە قۆناغی دووەم، سەرەڕای ئەوەی هێزو باڵادەستیمان هەبوو، پارتی كرێكارانی كوردستانمان هەڵوەشاندەوە، لەپێناو  دۆزینەوەی چارەسەرێک. فەرماندەی هەپەگە موراد قەرەیلان، گفتوگۆکانی لەسەر چوون یاخود نەچوونی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوە کرد کە بۆئەوەی پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، پێویستە کۆمیسیۆن دەستبەجێ گوێ لە بەردەنگی سەرەکی بگرێت. موراد قەرەیلان پەیوەندی و هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورکی بەفراوانی هەڵسەنگاند. دیدارەکەی موراد قەرەیلان لەگەڵ (ستێرک تیڤی)ـدا بەم شێوەیەیە: وەکو دەزانرێت، ساڵیادی ٤٧ـهەمین ساڵەی دامەزراندنی پەکەکە نزیکدەبێتەوە. پەکەکە لە ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥ـدا ڕایگەیاند کە کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک دەهێنێت لەژێر ناوی خۆیدا. ئێوە چیتان هەیە بۆ ئەم ڕۆژە؟ بڕیاری مێژوویی ٢٧ـی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ کە لە گوندی فیسێی ناوچەی لجێی ئامەد درا، تەنها بڕیاری دامەزراندنی پارتی(پەکەکە) نەبوو. ئەم بڕیارە بەر لە هەر شتێک بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەیی بوو. ئەو کات، سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن لەسەر گەلی کورد گەیشتبووە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. پرسیاری ئەوەی 'ئایا دژی ئەمە چی بکرێت؟' پرسیارێکی زۆر گرنگ بوو. یان دەبووایە سەرهەڵدان بکرایە و دەست بە بەرخۆدان بکرایە، یان دەبووایە تەڤگەرێکی سیاسیی ئاسایی بدۆزرایەتەوە و بەم شێوەیە ڕەوایەتی پێ درابووایە. لەو دۆخەدا، لە ٢٧ـی تشرینی دووەم بە شێوەیەکی سەرەکی دژی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەیی درا. واتا ئەو نەتەوەیە دەبووە خاوەن هەبوون و بۆ ئەم مەبەستەش چی پێویست بوایە دەکرا، بەرخۆدان دەکرا. بێگومان بۆ درێژەدان بەم بەرخۆدانە، پارتییەک پێویست بوو. لەبەرئەوەی پێویست بوو بەرخۆدان ڕێکخراوتر، بە دیسپلین و سیستەماتیکتر بووایە. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان درا. واتا بەر لە دامەزراندنی پارتەکە، بڕیاری بەرخۆدانی نەتەوەیی درابوو. پارتەکە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا. پەکەکە ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە مێژووی گەلەکەماندا نووسییەوە. ٤٧ ساڵی بەسەردا تێپەڕی و بەدرێژایی ئەو ماوەیە، داستانێکی قارەمانی ئافرێنرا. بەم شێوەیە ڕێگری لە لەناوچوون کرا، سەرلەنوێ ئافراندن ڕوویدا. هەربۆیە پێویستە ئەم ڕۆژە وەکو 'ڕۆژی بڕیاردان لەسەر بەرخۆدانی نەتەوەیی' ببینین. وەکو گەل پێویستە ئەم ڕۆژە مێژووییە وەکو جەژنی بەرخۆدانی نەتەوەیی پێشوازی لێ بکەین و پیرۆز بکەین. بەڵێ، لەوانەیە پەکەکە ئەمڕۆ کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنابێت، بەڵام ٢٧ـی تشرینی دووەم ڕۆژێکی مێژووییە. ئەو بڕیارەی لە کوردستان درا بووە لەدایکبوونێک و سەردەمێکی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لە ماوەی ٤٧ ساڵدا گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی پەکەکە درێژەی بە تێکۆشانێکی زۆر گرنگ دا. سەرەتا لە زیندانەکان بەرخۆدان کرا؛ دواتر هەڵمەتی مێژوویی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ڕوویدا، وەکو ئاشکرایە، ئەمە شۆڕشی ژیانەوەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. هەموو ئەمانە، لە کوردستان بوونە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی ڕێنیسانس. گەلی کورد٣٠٠ ساڵ دواکەوت. سەرهەڵدانی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی پەکەکە، ئەم دواکەوتنە ٣٠٠ ساڵەیەی کۆتایی پێهێنا، لە کوردستان فکر و تێڕوانینێکی هاوچەرخی بەرهەمهێنا. ئەگەر پەکەکە نەبووایە، کوردستان دەبووە ناوەندی دواکەوتوویی. بەڵام وەکو هەمووان دەزانن کوردستان لە ئێستادا لە ناوچەکە بووەتە ناوەندی پێشەنگی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی. واتا گەلی کورد و کوردستان لەناو ئەم تێکۆشانەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. لەناوچەکە تێکۆشەرترین هێز، ئەو هێزەی کە درێژە بە تێکۆشانی یەکسانی و ئازادی دەدات، گەلی کوردستان و ڕێکخستنە سیاسییەکانی کوردە. بێگومان ئەمە بە ئاسانی نەهاتەدی، بە ڕەنج و تێکۆشان بەرهەمهێنرا. ئەو فکرەی لە کوردستان سەریهەڵدا و لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبووەوە، بەرچاوی گەل و  ژنانی ڕۆشنکردەوە و بووە هۆکاری ڕۆشنگەری.

سەعدی پیرە لەبارەی هەڵبژاردن دەڵێت: ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت دەنگەکانمان زیاد دەکەن و هی پارتی کەم دەکات. مالیکی ماوەیەکی دیکە سەردانی یەکێتییش دەکات. هەرەوەها لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە گوتی، هەر گۆڕانکارییەک لە پۆستەکەدا بکرێت دەبێت بە ئاگاداریی پارتی و یەکێتی بێت. سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ كوردسات نیوز دەڵێت: ـ پارتی لێناگەڕێ‌ ئەم پێكهاتانە نوێنەرایەتی خۆیان بكەن. ـ سەرۆك وەزیرانێكی هەرێمێكی یەكگرتوو بە بێ‌ یەكێتی نابێت. ـ نوری مالیكی پێشتر بانگهێشتكرابوو بۆ هەولێر، سەردانی یەكێتیش دەكەن. ـ هەڵبژاردن بكرێتەوە یەكێتی كورسیەكانی زیاد دەكات و پارتی كورسیەكانی كەم دەكات. ـ پارتی كە كورسی زیاترە مانای ئەوە نییە هەموو خەڵك  لە خزمەتی ئەواندابێت و ئەوانیش حساب بۆ كەس نەكەن. ـ پێشتریش پارتی لەگەڵ گۆڕان حكومەتی پێكهێناو شكستی هێنا بۆچی ئەزمونێكی سەرنەكەوتوو دووبارە بكەینەوە. ـ ئێمە كێشەمان لەگەڵ كۆتا نیە بەڵكو لەگەڵ داگیركردنی نوێنەرایەتی پێكهاتەكانە لەلایەن پارتیەوە. ـ ئەوەی هەندێك لەكەناڵەكان باسی دەكەن گوایە گروپ گروپ لە بەغدادوە دێن بۆ هەولێر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق ئەوە وانیە. ـ هەر گۆڕانێك لە پۆستی سەرۆك كۆماردا بكرێت دەبێت بە رێككەوتن لەنێوان یەكێتی و پارتیدا بێت.

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی پەیەدە، سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی کاتیی سووریا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان وەک هەنگاوێکی نوێ و ئەرێنی تەماشای کۆبوونەوەکەیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی سووریا. ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: گرنگترین بابەت ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو، کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردبوو. لەو بارەیەوە وتی: “پێدەچێت لەسەر زۆرێک لە پرسەکان کۆدەنگی لەسەر کرابێت و ڕێککەوتنی ۱۰ـی ئازاریش لەلایەن تورکیاوە قبووڵ کرابێت، کە ڕێککەوتنێکی گرنگە بۆ هەموو سووریا”. ئەو هەشت مادەیەی لەم ڕێککەوتنەدا هەیە بۆ بەرژەوەندی هەمووانە و هەمووان دەیانەوێت جێبەجێ بکرێن. ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەشدا، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستی نەبووە لە ئامادەکردن و واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە و ویستی هەڵیوەشێنێتەوە، بەڵام بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم کۆبوونەوەیەدا، ئێستا دەتوانین بڵێین دەوڵەتی تورک ئەم ڕێککەوتنەی قبووڵ کردووە. ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی پەیەدە جەختی لەوەش کردەوە، کە ئێستا دانوستانەکان تەواو بوون و داوای کرد، کە پرۆسەی یەکگرتنی دیموکراسیی لە سووریا ئەنجام بدرێت و وتی: “دەمانەوێت لەسەر بنەمای دیموکراسی تێکەڵ بە سووریا بین، لەبەر ئەوەی یەکگرتن بەبێ دیموکراسی ناتوانرێت ڕووبدات و دیمەشقیش هەر وەک ئێمە دەبێت باوەڕی بە دیموکراسی هەبێت”.

پارێزەرى دۆسیەى لاهور شێخ جەنگى ڕایدەگەیەنێت بەپێى ماددەى ٥٢ بەهۆى دەستێوەردان و سەلامەتى لێکۆڵینەوەکان داوامانکردوە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو بەگشتى گەشبینە ئەو دۆسیەیە لەبەرژەوەندى کاک شێخ لاهور و هاوڕێکانى کۆتایی دێت. بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکى تیمى پارێزەرانى لاهور شێخ جەنگى و دۆسیەى لالەزار، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پەیجى زووم نیوز دەڵێت: تائێستا هیچ دەستگیرکراوێک، نەبراوەتە دادگاو داوەرى لێکۆڵینەوە خۆى دەچێتە ئاسایش بۆ لاى تۆمەتباران، ئێمەش و دەستەى مافى مرۆڤیش داواى ژمارەى تەواوى دەستگیکراوانمان کردوە بەڵام هێشتا پێمان نەدراوە، ئەوانەشى کە ئازادکراون ژمارەیان نازانین، تائێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٦٠ دەستگیرکراو کراوە هەموویان وتویانە پارێزەرمان ناوێت، ئەمە پێشلکارى یاسایەو داوامانکردوە با لەبەرچاوى خۆمان بڵێن نامانەوێت، بەڵام رێگەمان پێنەدراوە. هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا ئەوەشدەخاتەڕوو ئەم کەیسە سیاسیە تائێستاش ئیفادەى کاک لاهور و کاک پۆلاد و کاک دڵشادمان بینیوە،  بەڵام وێنەىمان پێنەدراوە، دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ ئەساسێکى یاسایی نییە، ئەو چۆن دەبێت دانپێدانان لەتەلەفزیۆنێکى حیزبیەوە بڵاوبکرێتەوە هیچ ئیعتیبارێکى یاسایی نییە، ئەو ماددەى ٤٠٦ کە کراوەتەوە هیچ ئەساسێکى یاسایی نیەو قابیلى ئەوەیە تەمیز بکرێتەوە ئێمەش داوامانکردوە کە دادگاى پێداچوونەوە دەستێوەردان بکات لەو دۆسیەیە. سەبارەت بەگواستنەوەى دۆسیەو دادگاییکردنەکەى بگوازرێتەوە بۆ شارى هەولێر ،ناوبراو وتى: ئێمە ناچینە ناو وردەکارى دۆسیەکەوە، بەڵام بەپێى ماددەى ٥٢ بەهۆى دەستێوەردان و سەلامەتى لێکۆڵینەوەکان، بەگشتى من گەشبینم ئەو دۆسیەیە لەبەرژەوەندى کاک شێخ لاهور و هاوڕێکانى کۆتایی دێت، پێشبینى دەکەم لە دوومانگ بۆ چوار مانگ درێژە دەکێشێت.

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە سەبارەت بە کشانەوەی گەریلاکانى تەڤگەری ئازادی، ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە کە تەڤگەری ئازادی دەیەوێت پڕۆسەکە بە دڵسۆزیەوە ئەنجام بدات و تاکلایەنەیە". دووڕۆژ لەمەوبەر لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادیی ڕایدەگەیەنێت ده‌ستمانكرد به‌ هه‌نگاوی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌مان له‌ توركیا كە له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری مه‌ترسی پێكداداندان و زه‌مینه‌ له‌بارن بۆ ڕوودانی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو، راشیدەگەیەنێت: كشانه‌وه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی توركیاوه‌ به‌ره‌و هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا ده‌كرێت.  تەڤگەری ئازادیی (پارتی کرێکارانی کوردستان )  ئەوەشى ڕایگەیاند کە "هەموو هێزەکانی لە تورکیا دەکشێنێتەوە" بە مەبەستی گەیاندنی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" بۆ قۆناغی دووەم. وتەبێژى کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە بە باڵی سیاسی پەکەکە ناسراوە، ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە "تاکلایەنە" دراوە و ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی ڕێکخراوەکەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی. زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: ئەم لێدوانە دووپاتکردنەوە و نیشانەی ئەو جددییەی پەکەکەیە کە دەیەوێت بە دڵ و گیان ئەم پرۆسەیە بەڕێوەببات". هیوا هەروەها نائومێدی خۆی دەربڕی لە شکستی حکومەت لەپرۆسەکەدا. ئەو وتی "هیچ هەنگاوێک لەبارەی بابەته بنەڕه تییەکانی وەک ئازادی قسەکردن بە کوردی لەپەرلەمان و باشترکردنی دۆخی ڕێبەبەر ئاپۆ نەنراوه" و داوای چاکسازی سیاسی لەئەنقەره دووپاتکردەوه . هەروەها وتەبێژی کەجەکە داوای لە تورکیا کرد و وتی: "دەمانەوێت پڕۆژەی ئاشتی بەپێی دیدگای ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکەین"، دەشڵێت: "دەبێت لایەنی تورکیا هەمان ئیرادە نیشان بدات و ڕێگە خۆش بکات بۆ گواستنەوە بۆ سیاسەتی دیموکراسی". وتیشى: سوپای تورکیا ناوچەیەکى بەرفراوانی لە عێراق و سووریا داگیر کردووە؛ ئەگەر ڕاستگۆیانە لە بیری ئاشتییدان دەبێت لەو بەشانە بکشێنەوە، ناتوانیت لەسەر ئاشتی قسە بکەیت و لە هەمان کاتدا ئۆپڕاسیۆنەکان فراوانتر بکەیت و بنکە سەربازییەکانت لە عێراق و سووریا  زیاتر بکەیت. لەو بەیاننامەیەدا کە لە قەندیل خوێندراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیاری کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا بە ئامانجی "دانانی بناغەی ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی و برایانە" دراوە.

چاوپێکەوتنێکی عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکرایەوە کە ٢٨ ساڵ پێش ئێستا تۆمارکراوە و بەهۆی قەدەغەکردنەوە بڵانەکرابووەوە. ئەو  لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: گرنگ ئەوەیە دەست بە گفتوگۆی چارەسەری بکرێت، ئامادەین چەکەکانمان بێدەنگ بکەین. یەکەم بەشی چاوپێکەوتنێکی ٣٠ خولەکی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوکرایەوە کە پێشتر قەدەغە کرابوو، چاوپێکەوتنەکە لە ساڵی ١٩٩٧ لە شاری بار ئەلیاسی لوبنان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس فاتیح ئالتایلی ئەنجامی داوە. ئەم چاوپێکەوتنە کە ٢٨ ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراوە، بە بیانووی مادەی ٨ و ٣٠ی یاسای 'دژی تیرۆر'، لەو کاتەدا ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی کرا، ئێستا لە ماڵپەڕی بیرۆکە ئازادەکان (ئۆزگور دوشونجەلەر) بە زمانی تورکی بڵاوکرایەوە. لە چاوپێکەوتنەکەدا رێبەر ئاپۆ ڕووداوی سوسورلوکی ساڵی ١٩٩٦ی وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی تورکیادا هەڵدەسەنگێنێ؛ ئاماژەی بە پێکهێنانی چەتە لەناو دەوڵەت و پەیوەندییەکانی ماددە هۆشبەرەکان کرد. هەروەها ڕەخنەی بەرفراوانی لە هەوڵی تیرۆرکردن، تۆڕەکانی ناو دەوڵەت، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم پێکهاتانە لە ناوچەکەدا کرد و ئاماژەی بە 'دەوڵەتی هاوتەریب لەناو دەوڵەت' دا کرد. ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە چۆڵکردنی گوندەکان، کوشتنە نادیارەکان و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی لە ساڵانی ١٩٩٠دا، باسی لەو وێرانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کرد کە خەڵکی زیانلێکەوتوو بەسەریاندا هاتووە. هەروەها باسی لە ڕۆڵی دەوڵەت و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان، ئەکتەری پرۆسەکان دەکات و ئاماژەی بەوەدا چەتە تاوانبارەکان پەیوەندیەکی زۆر گڵاویان لەگەڵ سیاسەتدا هەیە. ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٧: ئامادەین چەکەکانمان بێدەنگ بکەین یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی چاوپێکەوتنەکە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بوو بۆ چارەسەری پرسی کورد و دەڵێت: "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەربەست نییە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت 'ئەگەر سوپای کۆماریخوازی ئێرلەندا چەکەکانیان بێدەنگ بکەن، ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک'. من ئێستا ڕایدەگەیەنم ئێمە بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک ئامادەین، لە ئێستاوە ڕایدەگەیەنم سبەی هەموو چەکەکان بێدەنگ دەکەین." ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ئیرادەی دەوڵەت بۆ ئاشتی پرسیار دەکات و گومانی خۆی لە توانای بڕیاردانی لایەنە سیاسییەکان نیشان دەدات و ڕایدەگەیەنێت ، 'کە هیچ ئیرادەیەکی بڕیاردان لە تورکیادا نییە.' رێبەر ئاپۆ دەڵێت: "من بکوژن، بەڵام هێزی بڕیاردانیان هەبێت، ئێستا هەمووان هەر یەکە و ئەرکەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوی ترەوە، لەبەر ئەوەیە هیچ هێزێکی بڕیاردان نییە، یەکێک دەڵێ ئەوە کێشەی ئاسایشی ناوخۆییە، یەکێک دەڵێ پەرلەمان، یەکێک دەڵێ دەوڵەت، سەرەڕای ئەوەش چەتەکان سەریان هەڵداوە، هیچ ئیرادەیەکی بڕیاردان بوونی نییە، من دەڵێم با پێکەوە تورکیا وڵاتەکەمان خۆش بوێت. با بەڕاستی وڵاتەکەمان تورکیا ئازاد بکەین. هەروەها کوردیش ئازاد بکەین." بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لەم لینکەی خوارەوە بەردەستە: https://ozgurdusunceler.com/video.php?media_id=454

ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان هێلین ئومێد ڕایگەیاند، ئەوان ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە پەرلەمان دامەزراوە بۆ پرۆسەکە وەکو پێوەرێک دەبینن و گوتی، کۆمیسیۆنێک کە ڕێبەر ئاپۆ بە بەردەنگ نەبینێت، دیداری لەگەڵ نەکات، ناتوانێت جددی بێت. هێلین ئومێد قسەی بۆ مەدیا خەبەر تیڤی کرد و سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد و گفتوگۆکانی ڕۆژانەی سیاسەتی تورکیا لێدوانی گرنگی دا. هەڵسەنگاندنەکەی هێلین ئومێد بەم شێوەیەن: "بەر لە هەر شتێک، بە خۆشەویستی و پەرۆشییەوە سڵاوم هەیە بۆ ڕێبەر ئاپۆ کە لەو دوورگەی ئیمراڵییە، ئەو  دوورگەیەیی کە دەخوازرا بۆ گەلی کورد ببێتە ناوەندێکی قڕکردن و لەناوبردن، لە ڕاستیی ئەمڕۆدا بووەتە دوورگەیەکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی. بە گشتی لە تورکیا هۆشیاریی مێژوویی زۆر لاوازە. لەبەرئەوەی هۆشیاریی مێژوویی لاوازە، تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادییش بە هیچ شێوەیەک سەرناکەوێت. لێرەدا ستەمی ئایدۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی تورکیا، عەقڵی سیاسی و مامەڵەی تورکیا زۆر یەکلاکەرەوەیە. لەبەرئەوەشە خوێندنی مێژوو بەرەو ئەنجامی ڕاست نابەن. من ئەمە بۆ تورکیا بە گشتی دەڵێم، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بەم شێوەیە. ڕاستیی ٩ـی تشرینی یەکەم لەناو تێکۆشانی کۆمەڵگەی کورددا خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگە. بەڕاستی، تێکۆشان دژی پێشکەوتنی ٩ـی تشرینی یەکەم بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و درێژبوونەوەی لەسەر پرۆسەیەکی ٢٧ ساڵە، لەناو کۆمەڵگەی کورددا هۆشیارییەکی گرنگی هێنایە ئاراوە. ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کورد وەکو دیاردەیەکی سۆسیۆلۆژی، مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەڵبسەنگێنین، ناتوانین لەو تێکۆشانەی کە لەگەڵ پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا درێژەی پێدراوە و ئەو هۆشیارییەی هێناویەتە ئاراوە، دایببڕین. لەو بارەیەوە من ئەو هۆشیارییە زۆر بە گرنگ دەبینم، کە تێکۆشانی دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی پێشخستووە. ئێمە ساڵانێک پیلانگێڕیی نێونەتەوەییمان لە هەموو دەرفەتێکدا، لە هەموو ساڵیادێکدا هەڵسەنگاند. ئەو هەلومەرجانەی پیلانگێڕییەکە ئامادەی کردن، پێشیخستن چی بوون؟ چی کرایە ئامانج؟ ئەمانە بە فراوانی هەڵسەنگێندران. بەڵام دەتوانم بڵێم، دووبارە و دووبارە گرتنەدەستی ئەم پیلانگێڕییە لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ڕۆژانەدا بێگومان پێویستە. لەبەرئەوەی مێژوو، تەنها کۆمەڵێک ڕووداو نییە کە ڕوویداوە، دروستبووە و کۆتایی هاتووە. مێژوو لەناو خۆیدا خاوەن یەکپارچەییەکی دیالێکتیکە و ئەمڕۆمان دەڕەخسێنێت، ئەمڕۆمان دەهێنێتە ئاراوە. لەم بوارەدا گفتوگۆکردن، تێگەیشتن و مانادارکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ـی تشرینی یەکەم پێویستە. تەوەری بەرنامەکە لە ئێستادا ئەوە نییە، بەڵام دەمەوێت لەم چوارچێوەیەدا تیشک بخەمە سەر چەند خاڵێک. بەر لە هەر شتێک، شەهیدانی مەزنمان کە بە چالاکییەکانی 'ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن' دژی هێرشەکانی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی هێڵی چالاکیی فیداییان ئافراند، لە پرۆسەی پیلانگێڕیی ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ و دواتر تاوەکو ١٥ـی شوبات، بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنمەوە. کاتێک ئێمە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ـی تشرینی یەکەم لەژێر ڕۆشنایی پێشهاتە هەنووکەییەکاندا دەگرینە دەست، گرنگترین خاڵ کە لەبیری نەکەین، ئەو پرۆسەیەیە کە ئەم پیلانگێڕییە تێیدا ڕوویداوە. ئەگەر بە باشی سەیریبکەین، ئەو پیلانگێڕییەی کە لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ـدا ڕوویدا، لە کۆتایی سەدەیەکدا پێکهات. واتا دوایین ساڵی سەدەی ٢٠، سەرەتای سەدەی ٢١. کاتێک سەیری گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆ دەکەین، دەبینین کە قۆناغێکی گرنگی ئەو هێرشە پیلان بۆ داڕێژراوەی کاپیتاڵیزمە لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێویستە هەمووان  بە باشی لەوە تێبگەن و لەبیری نەکەن. بۆچی ئەمە دەڵێم؟ ئێمە زۆر جار ئاماژەمان پێدا. زۆر جار باسمان کرد کە ئامانجی سەرەکیی پیلانگێڕییەکە پێشخستنی شەڕێکی کورد-تورک بوو، کە سەدان ساڵ بەردەوام بێت، لەسەر بنەمای ئەم شەڕە، دەخوازرا کە هەم پلانە هەژموونگەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەونە گەڕ، هەمیش بە زمانی ئەو سەردەمە، بەشێک بوو لە پڕۆژەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەم پێشهاتانەی کە ئەمڕۆ ئێمەی تێداین، ئەمە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەخەنەڕوو. سەرۆکوەزیری ئەو کاتە وتبووی، 'تێنەگەیشتین بۆچی ئۆجالانیان دا بە ئێمە.' ئەمەش بووە بابەتێک کە پێویستی بە تێگەیشتن، پێویستی بە قسەلەسەرکردن هەبوو. بیربکەنەوە، فیگەرێکی وەکو سەرۆکوەزیری ئەو کاتە کە لە ناوجەرگەی سیاسەتدا بەشداربوو، دەربارەی ڕووداوێک کە لەژێر بەڕێوەبەریی ئەودا ڕوویداوە، قسەیەکی لەم شێوەیە دەکات. ڕێبەرێتیمان، لەم ٢٧ ساڵەی دواییدا، کاتێک ئەم پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەی شرۆڤە دەکرد، هەمیشە تیشکی دەخستە سەر ئەمە. گوتی، "ئەمە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییە. هێزی بەڕێوەبەری ئەم پیلانگێڕییە ئەمریکا، بەڕیتانیا و ئیسرائیلە. ڕۆڵی تورکیا لەمەدا پاسەوانییە. ئەم پاسەوانییە هێشتا بەردەوامە. هێشتا سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵی لەم بوارەدا بەردەوامە." کێشەی ئەمڕۆمان ئەوەیە: ئێمە هەوڵدەدەین پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی پووچەڵ بکەینەوە. ئەوە ٢٧ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ بە هەوڵێکی بێهاوتا فیداکاریی زۆر گەورەی کردوون، تاوەکو ئامانجەکانی ئەم پیلانگێڕییە سەرنەکەون. واتا، بۆئەوەی شەڕی مێژوویی تورک-کورد دەرنەکەوێت، کاریکرد. بەم مەبەستە، هەوڵیدا ستراتیژییەک بخاتەگەڕ، کە تورکیا لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتیک نۆژەن بکاتەوە و لەسەر بنەمای ئاشتیی کورد-تورک گەلانی ناوچەکە بەهێزبکات. بەڵام هێشتا بەرامبەر ئەمە بەرخۆدانێکی زۆر گەورە هەیە، ئاستەنگی لەبەردەمە. گەر تورکیا دەیەوێت لە کۆتەکانی ڕزگاری ببێت، پێویستە بەر لە هەر شتێک ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت گەورەترین ئاستەنگیی بەردەم ئەمە، سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵییە. گەورەترین ئاستەنگیی بەردەم ئەمە، ئامانجی ئەو هێزانەیە کە دەیانەوێت بە زیندانیکردنی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، پلانە هەژموونگەرەکانیان لە ناوچەکە جێبەجێبکەن. کاتێک لەم چوارچێوەیەدا لێی دەڕوانین، داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، داواکردنی ئازادیی تورکیایە. داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بە مانای داواکردنی بەهێزبوونی گەلانی ناوچەکەیە دژی هێرشەکانی کاپیتاڵیزمی جیهانی ڕۆژئاوا. پێویستە ئەمە بەم شێوەیە لێی تێبگەین و هەڵیبسەنگێنین. لەم مژارەدا مامەڵەی زۆر بەرتەسک هەن. لە چوارچێوەی بەناو نەتەوەپەرستی و وڵاتپارێزیی تورکیادا مامەڵەیەکی لەم شێوەیە دێتە کایەوە: "با لە تورکیا ئاشتی بێتەدی، بەڵام ئێمە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ناکەین، لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا نابێت." ئەمە مەحاڵە. لەبەرئەوەی ئەو شتەی کە مۆری خۆی لە ٢٧ ساڵی ڕابردوو داوە، ڕاستیی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە. ئەو سیاسەتەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە، کە تورکیا بەسەر ئیمراڵییەوە دەخاتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێرییەوە. ئەگەر ئەمڕۆ تورکیا لە زنجیرەکانی ڕزگاری ببێت، پێویستە بەر لە هەر شتێک ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. پێویستە بەم شێوەیە لەمە تێبگەین. کاتێک لەم چوارچێوەیەدا سەیری دەکەین، ئەو چالاکییانەی کە هەم تەڤگەری گەنجان هەم ژنان ئەنجامیانداوە، بەڕاستی چالاکییەکن کە زۆر لەجێی خۆیدان. بەرکەوتنی لەگەڵ ساڵیادی تێکۆشان دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی مانایەکی جیاوازی پێدەبەخشێت. بەڕاستی ئەوەی ئامەد چالاکییەکی شاییستە بوو. لە زۆرێک لە ناوچەکانەوە گەنجان ڕوویان لە ئامەد کرد. کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتیی گەنجان ڕێپێوانی ئەنجامدا. کۆمەڵگە داخوازییەکانی خۆی دەربڕی. لەم بارەیەوە چالاکییەکان زۆر مانادار و هێژا بوون. بەم بۆنەیەوە سڵاویان دەکەم. دەمەوێت بڵێم کە پێویستە ئەمە بەردەوام بێت. دوای ئەم چالاکییانە، هەم ڕێپێوانەکەی ژنان بەرەو پەرلەمان، هەم دوای ئەو دروشمانەی لە پەرلەمان بەرزکرانەوە، دەستبەجێ ئەو کاردانەوانەی کە نەتەوەپەرستییان تۆخدەکردەوە و دەیانگوت "لە پەرلەمانی گەورەی نەتەوەیی تورکیا چۆن ئەو دروشمانە بەرزدەکرێنەوە" پەرەیان سەند. لە ئێستاشدا دوای چالاکیی گەنجان، عومەر چەلیک دەستبەجێ دەرکەوت و گوتی 'ئاژاوەگێڕیی هەیە' و فڵان‌وفیسار. پێویستە زۆر گوێ بەوانە نەدەین. پێویستە زۆر گوێیان پێ نەدرێت. لە چوارچێوەی پێوەرە دیموکراتیکەکاندا مافەکانی ڕێکخستنبوون و چالاکیی دیموکراتیک، مافێکە وەک شیری دایک حەڵاڵە. واتا ئەگەر پرۆسەیەک پێشبکەوێت، ئەوە بە گرتنی دەمی گەلان، ژنان و گەنجان پێشناکەوێت. دیموکراتیکبوونی تورکیا یاخود ڕێخستنبوون و چالاکیی دیموکراتیک بە مانای گەیشتنە ژینگەیەکە کە هەمووان تێیدا خۆیان بەڕێکخستن بکەن و بیروڕای خۆیان بە ئازادی دەرببڕن. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش سەردانی ئامەدی کرد، لە سەردانەیەکییدا قسەی باشی کرد. گوتی پرسی زمانی کوردی هەیە، کوردان دەتوانن زمانی خۆیان بەکاربهێنن و ڕیز لەمە دەگرێت، شتگەلێکی لەم شێوەیەیی گوت. کەچی هەمان ئەو کەسە گوێی لە دایکێکی بەتەمەن نەگرت کە لە کۆمیسیۆندا بە کوردی قسەی کرد. بۆ باس لەمە دەکەمەوە، چونکە پرسێکی گرنگە. دەبێت گوفتار و کرداری سیاسەتمەداران یەکانگیربن. نەک ئەو پارادۆکسەی کە بینیمان. کورتولموش تەنها ئاکەپەییەک نییە، بەڵکو سەرۆکی پەرلەمانیشە. بۆ وا بوو؟ بۆ نموونە بۆچی نومان کورتولموش ئەم کارە دەکات؟ ئەو ی پێگەیشتووین ئەمەیە. بەڵێ، لەو ئاستەی ئێمە پێی گەیشتووین، نکۆڵیکردن لە بوونی کورد ناتوانرێت درێژە پێبدرێت. بەڵام پەیامەکە دەدرێت ئەوەیە دان بە مافی دەستەکۆیی کوردان نانرێت. لەژێر چاودێری پەرلەماندا ناتوانیت بەکوردی قسەبکەیت، تەمام لەژیاندا بە تاک قسەبکەیت. بەڵام ئەوەندە خەبات، ئەوەندە شەڕ و ململانێ لە ماوەی ٥٠ ساڵدا کە گەلی کورد وەک گەلێک هێناویەتییە ڕوو، تەنها بۆ ئەمە نەبووە. لەو ڕووەوە دەبێت کۆمیسیۆن وەڵامی ئەمە بداتەوە. دەبێت کۆمیسیۆن ڕوون بێت لەسەر ئەم بابەتە. ئایا دان بە مافە دەستەکۆییەکانی پێکهاتەی کوردی دەنرێت یان نا؟ ئەمەیە کە ئێمە پێی دەڵێین ئەنتێگراسیۆنی دیموکراسی. وتنی ئەوەی کە ناتوانیت لە پەرلەمان قسە بکەیت، ناتوانیت لە شوێنێکی فەرمی قسە بکەیت، بەڵام لە ماڵەکەتدا، لەسەر شەقام قسە بکەیت، مانای دڵنیابوونە لە بەردەوامیی سیاسەتی ئاسمیلەکردن. واتە بەڕاستی من ئێوە وەک گەلێک ناناسم، ئێوە لە سیستەمی فەرمیدا نین. لە فەرمییەتدا تۆ تورکیت، بەڵام بەو پێیەی چیتر ناتوانن سەربکەون، دەتوانیت وەک تاکێک بەردەوام بیت لە کاروباری خۆت. گەرەنتی ئەمە چییە؟ بۆچی دەبێت زمانی کۆمەڵگەی کورد قەدەغە بکرێت؟ بۆ نابێ زمانی کۆمەڵگەی کوردی ڕەسمی نەبێت؟ باشە زمانی دەوڵەت یەکگرتوو دەبێت، من ناچمە ناو ئەمەوە، پارێزەران دەتوانن باسی ئەم بابەتە بکەن. بۆچی نا؟ ئێمە باسی ٦٠ ملیۆن کورد دەکەین. باس لە گەلێک دەکەین کە لە ماوەی ٥٠ ساڵدا لانی کەم ٣٠ هەزار شەهیدیان داوە. بۆ مەگەر ئەم گەلە ناتوانێت بە زمانی خۆی بدوێت؟ مەگەر دان بە زمانییدا نانرێت؟ زمان هەموو شتێکە. یانی زمان گرنگترین بەشی بوونی ناسنامەی گەلێکە. فۆرمەلەبوونی ناسنامەت بەرمەبنایی چۆنییەتی زمانتە. یانی ئەمە لە ڕووی ناوەڕۆک و زمانیشەوە وایە. یانی ئێوە بەو پێییە پێناسەی مرۆڤەکان دەکەیت. دەرنجامێکی ئاوایی هەیە. ئەمەش بەهێچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ کردن نییە. پڕۆژەکە ئەوەیە، بەشداریکردنی ئەو کوردانەی کە لە دەوڵەت دوورخرانەوە لەو ڕووەوە ئەگەر بەڕاستی کۆمیسیۆن بڕیارە ئەم ڕۆڵە بگێڕێت، لەمەدا بە بڕیارین؛ یەکەم؛ دەبێت لەسەر بنەمای ئازادی جەستەیی ڕێبەرێتی خەباتەکانی مافی هیوا ئەنجام بدات. دوو؛ دەبێت بۆ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک کۆمەڵگەی کوردی پلانسازییەکی هەبێت، تاوتوێیەکی هەبێت. لە تورکیا ڕانتخۆرانی شەڕ، ئەو بەشەی کە هەموو ڕۆژێک نەتەوەپەرەستی بە گوڕ دەکات، خەبات دەکات بۆ دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ کورد، هەموو ڕۆژێک لە میدیاکانەوە هاوار دەکەن؛ بەڵام هیچ کام لەم ئەندامانەی کۆمیسیۆن وەک پێویست وەڵام نادەنەوە. هەموو شتێک بۆ دەم پارتی جێهێڵراوە. بۆ نموونە بۆ پەروین بوڵدان جێهێڵراوە، بەڵام ئەم پرسە تەنها پرسی دەم پارتی نییە! ئەم پرسە تەنها پرسی کورد نییە! ئەم پرسە پرسی کۆمەڵگەی تورکیا و گەلانی تورکیایە. ئەگەر خاوەندارێتی لێنەکرێت، نزیکایەتی وەک "کورد لە لاوازی دایە، ئێستا دەیانەوێت لەگەڵ دەوڵەت ئەنتێگراسیۆن ببن، لەبەردەم دەرگامانن، چی بڵێین" نزیکایەتییەکی زۆر شۆڤێنیستییە. واتە هیچ ناچارییەکی وەها نییە. کورد ناچاری ئەمە نییە. کاتێک خەڵک وا دەڵێن، دەڵێن "تەڤگەری ئازادیی کورد هەڕەشە دەکات". بژاردەیەکی ترمان هەیە. بەڵێ ناچار نین. ناچاری ژێردەستەیی، کۆیلایەتی، تەسلیمبوون، نکۆڵیکردن و قڕکردن نین، بەڵام بژاردەی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ گەلی تورکیا، لەگەڵ گەلان لەسەر بنەمای کۆمارێکی دیموکراتیک، لەسەر بنەمای دیموکراتیزەکردنی کۆمار ئەنتێگراسیۆن بە دیبهێنین. واتە کورد کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە بۆ ماوەی سەدەیەک بێ دەوڵەت بووە، لە دەوڵەت دوور خراوەتەوە، بەشداری دەوڵەتی بکەن. پڕۆژەکە ئەمەیە. دەبێت وابێت یان نا؟ ئایا ئەم هاوپەیمانییە درووست دەبێت یان نا؟ ئێستا ئەمە ئەو خاڵەیە کە کۆمیسیۆن پێی گەیشتووە. دەزانن کاتەکەیشی تەواو بووە، ئەگەر هەڵە نەبم، کۆبوونەوەکانیش تەواو بوون. ئێستا هەم بۆ کۆمیسیۆن هەم بۆ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا قسە دەکەم. لە سەرۆککۆمار تا تەواوی پەرلەمان. ئایا لەم قۆناغە یەکلاکەرەوەدا ڕۆڵی مێژوویی خۆی دەگێڕێت؟ بەڕاستی بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین. وەک گەلانی هەرێمەکە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت هۆشداری خۆم دەرببڕم و هەڵسەنگاندنی خۆم بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن بەم شێوەیە کۆتایی پێبهێنم. ئەوشتەی زۆر گومانمان لا درووست دەکات، دوو دڵییە لە کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بابەتەکەی محەمەد ئوچوم خوێندەوە. پرۆسەی گواستنەوە و پرۆسەی دیموکراتیزەبوون دەکاتە دوو بەش. واتە لۆژیکی خۆی هەیە، بەڵام لایەنی ئەرێنی بابەتەکە ئەمەیە. واتە ئەگەر بەشێوەیەکی پەردەپۆشیش بێت قبووڵ دەکرێت کە پرسێکی جدی لە دیموکراسی تورکیادا هەیە. هەم هەڵوێستی ئایدیۆلۆژیی ئێمە و هەم نزیکایەتی فەلسەفیمان ئەوە نیشان دەدات کە بەپەلەترین پێویستی گەلێک، کۆمەڵگایەک، جوگرافیایەک دیموکراسییە. واتە هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە. لە نان، ئاو، ئابووری گرنگترە. چونکە ئەوەی هەموو ئەمانە بەدەست دەهێنێت دیموکراتیزەبوونە. لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا هەموو هێزەکان دێنە گۆڕەپانەکەوە و پرۆسەیەکی بنیاتنەر ئەزموون دەکرێت. ئایا ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ئەم شتەیان نییە، ستەمکار نین؟ کۆمەڵگایەکە کە بەشێکی زاڵە بەسەر بەشێکی دیکەدا، دادپەروەری نییە، نادادپەروەری ئەزموون دەکرێت. لەو ڕووەوە ئەگەر ئەم پرۆسەیە کە پێی دەڵێن پڕۆسەی گواستنەوە، پرسێکی ئەوندە جدی خستۆتە کارنامەی خۆیەوە، ئەگەر تورکیا بە ناوی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی کۆمیسیۆنێکی دامەزراندووە، دەبێت هەنگاوی دیموکراتیک بنێت. چ هەنگاوێکی تر دەنێت، چ بڕیارێک دەدات؟ بۆ نموونە چۆن پاکێجەکان دەچنە کارنامەی پەرلەمانەوە؟ ئایا یاسای دژە دیموکراتیکی خۆیان پێشنیار دەکەن. زۆردارانە، قەدەغەکردن. ئایا ئەوە ڕوودەدات؟ پێویستە هەمووان باش ئەمە بزانن. دیموکراسیەکان شوێنی دیالۆگ و ڕژێمی دیالۆگ و سازانە. واتە بیرۆکەی جیاواز بەریەکدەکەون و سەرهەڵدەدەن و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و خۆیان ڕێکدەخەن. لەو چوارچێوەیەشدا کورد لە باکووری کوردستان، لە تورکیا، لە ئەوروپا، لە هەر کوێیەکدا بژی، پێویستە خۆی ڕێکبخات و درێژە بە چالاکییەکانی بدات. هەروەها پێویستە بەو شێوەیە تێبگەین کە ژنان و گەنجان لەم چوارچێوەیەدا کردوویانە.  نابێت هیچ کەسێک بترسێت، یانی تا ڕادەیەک تێدەگەم. بە تایبەت لە نێو کۆمەڵگەی کورددا هەستیارییەکی لەم شێوەیە هەیە: ڕێبەر ئاپۆ پەرە بە پرۆسەیەک دەدات، ئەوەی پێویستە لەسەرمان پشتگیری کردنییەتی. دەبینین گەل و جەماوەرێک هەیە بەپێی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو هەڵەگرن، ژن و گەنجان هەیە و بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوان دەکەن. دەکەوینە نیگەرانییەکەوە داخۆ پرۆسەکە سەردەکەوێت؟ داخۆ چالاکی دەکەین دەبێت وەڵامەکەی چۆن بێ؟ ئەم مامەڵە هەستیارە، هیوا زیادەکات. هەرگیز پاساوی لەم شێوەیەیە نییە. گەر لەبەر ئازادیی جەستەیی ڕێبەرێتی کە دەخوازرێت، ئەم پرۆسەیە تێکبچێت با هەر تێکبچێت. بۆچی؟ چونکە هەموو پرۆسەیەک یان هەموو دیاردەیەک کاراکتەری هەیە. ڕێبەر ئاپۆ و دەوڵەت هەمیشە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە. دەگوترا ئەم پرۆسەیە پرۆسەی دانوستان نییە. بەڵێ ئەم پرۆسەیە پرۆسەی دانوستان نییە، بەڵکو سیمایەکی دیاردەیە، واتە ئۆنتۆلۆژیای هەیە. لە ئیسلامدا چی دەڵێن؟ فیترەتێکی هەیە. پرەنسیپێک هەیە وا دەکات بوون بوونی هەبێت. بە واتایەکی تر با بڵێین جەوهەری ئەم پرۆسەیە. باشە ئەوەی کە جەوهەرەکەی دەبێ لەخۆ بگرێت ئەمەیە. ئەمەش بەشێکە لە کاراکتەری ئەم پرۆسەیە. هەم گەلەکەمان بەم شێوەیە بیبینێت و هەم قسەکەرەکانمان بەم شێوەیە لێمان تێبگەن. ئەمە پرۆسەی دانوستان نییە. ئەمە شتێکە کە 'بەبێی وی نابێت'. پێویستە بەم شێوەیە تێبگەین. لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە ژن و گەنجان پەرە بە چالاکی و ڕێکخستنبوونی خۆیان بدەن.