رامی عەبدولڕەحمان: کورد لە رۆژئاوا ڕووبەڕووی جینۆساید دەبێتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هێرشانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، تەنیا مەبەست لێی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە، بەڵکو ئامانجەکە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی گەلی کوردە.
ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 داوای لە سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، ڕێگە نەدات جارێکی دیکە کورد لەو بەشەی کوردستان پاکتاو بکرێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکات.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە هێرشبەرەکان کێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ بوونی گەلی کورد هەیە و دەیانەوێت ئەو هێزە لەناو ببەن کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت.
بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە، ڕزگارکردنی زیندانییانی داعشە وەک ئەوەی لە ڕەققە ڕوو دەدات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا چاوی هێرشبەران لەسەر کۆبانێیە و پلان بۆ کۆمەڵکوژیی کوردان لەو شارە دادەنێن.
رامی عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر پێکهاتەی سوپای سووریا و ڕایگەیاند کە 18 هەزار چەکدار کە لە نێویاندا چەکداری چەندین وڵاتی بیانی هەن، دژی کورد شەڕ دەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەڵگەی ڤیدیۆیی تەواو لەبەردەستدایە، ئەو تاوانە گەورانە دەسەلمێنن کە سوپای سووریا دژی هاووڵاتییانی کورد ئەنجامی دەدات، بە بڕوای ئەو دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر گرت و ڕایگەیاند: ناوبراو جگە لە کوشتن و بڕین، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە.
رامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە، حکوومەتی ئێستای سووریا تەنیا دەیەوێت دەسەڵاتی ڕەها لەدەستی خۆیدا بێت و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە وەک کورد خاوەن دەسەڵات نەبێت، هەر بۆیە پەنایان بۆ کوشتن و وێرانکاری بردووە بۆ سەپاندنی خواستەکانیان.
ئەم هۆشدارییانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتوونەتە لوتکە و مەترسییەکی جددی لەسەر چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە، کە ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری جۆراوجۆر و میلیشیا بیانییەکان بوونەتەوە.
