هەسەدە: زیندانی ئەلشەدادی کە هەزاران زیندانیی داعشی تێدایە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەماوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



هەسەدە: هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، دوای چەندجار هێرشی گرووپە چەکدارەکان  بۆ سەر زیندانی ئەلشەدادی و شەهید و برینداربوونی ئەندامی هێزەکانمان، ئێستا رایدەگەیەنین، کە زیندانەکە کە هەزاران زیندانی داعشی تێدابوو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەماوە.

زیندانەکە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەیەکی هاوپەیمانان دوورە، بەڵام ئەوان دەستواردانیان نەکرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی ڕایگەیاند، زیندانی شەدادێ کە هەزاران تیرۆریستی داعشی تێدایە، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیان چووەتە دەرەوە.

 ئەم پێشهاتە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2026ـەوە، زیندانەکە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی چڕ و یەک لەدوای یەک بووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، شەڕڤانان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتێکی ئەمنی و مرۆیی، لە چەندین قۆناغدا بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و لەو پێناوەشدا دەیان شەهید و برینداریان داوە، سەرەڕای بەرگرییەکی سەخت، بەهۆی توندیی هێرشەکان و بەردەوامیی فشارەکان، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵی ئەو گرتووخانە ستراتیژییەیان لەدەستداوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە ئاماژەی بە هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە و ڕایگەیاندووە، زیندانی شەدادێ تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەی هاوپەیمانان لە ناوچەکە دوورە، بەڵام سەرەڕای بانگەواز و داواکارییە بەردەوامەکان بۆ هاوکاری و دەستوەردان، هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە و نەچوونەتە هاناوەیان.

زیندانی شەدادێ یەکێکە لە گرتووخانە هەرە گرنگ و مەترسیدارەکانی ناوچەکە، کە هەزاران چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی تێدا ڕاگیرابوو. دەرچوونی ئەم زیندانە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەگەری دووبارە ڕێکخستنەوەی چەکدارانی داعش دروست دەکات، کە پێشتر لە چەندین هەوڵی هاوشێوەدا هەوڵی شکاندنی زیندانەکانیان داوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار