هۆکارى دابەزینی بەهای دینار ئاشکرادەکرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایدەگەیێنێت، دابەزینی بەهای دینار پەیوەندیی راستەوخۆی بە دۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەر و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکاوە هەیە.
بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، نرخی 100 دۆلار گەیشتە 147 هەزار و 500 دینار. سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ناجێگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی دووشەممە 19-01-2026 سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش سەری ساڵ، هەر 100 دۆلار بە 142 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام ئێستا بە جیاوازییەکی بەرچاو بەهای دینار رووی لە دابەزین کردووە و نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە 147 هەزار و 500 دینار."
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو دابەزینە خێرایە، سیامەند مەولوود گوتی، "دانانی پارە لە بانکەکان کەم بووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی دۆلار و زیادبوونی خواست لەسەری."
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر هۆکاری سەرەکیی دابەزینی دینار بۆ دۆخی سیاسی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "ناجێگیریی بارودۆخی سیاسیی وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆی هەبووە؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کرد، هاووڵاتییان خستنەڕووی دۆلاریان کەم کردەوە."
سەرەڕای ئەو دابەزینە، سیامەند مەولوود گەشبینە بەوەی دۆخەکە کاتییە و دەڵێت، "ئابووری راستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە؛ پێشبینی دەکەین دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی، بەهای دینار جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە بکات."
