سەرۆک بارزانی: کۆبانێ شارێکی کوردییە و نابێت دەستی لێبدرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی ڕۆژنامەوانی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا ڕایگەیاند: نابێت پشتیوانی لە توندوتیژی بکرێت و بە هیچ شێوەیەک غەدرکردن لە کورد قبووڵکراو نییە.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند: پەیامی من بۆ میدیاکان ئەوەیە بەرگری لە مافی کورد بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لە توندوتیژی مەکەن، پشتیوانی لەوە مەکەن شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە دروست بێت لە سووریا.
"من وەکو خۆم هیچ کاتێک لەگەڵ شەڕدا نیم و باوەڕیشم پێی نییە، بەڵام گەر بگاتە ئەوەی غەدر لە کورد بکرێت و بەرنامەیەک هەبوو بۆ ئەو مەبەستە، ئەو کاتە ئێمە هەموومان یەکین".
ئەمڕۆ هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: قەداسەتی پاپا و وەزیری دەرەوە و بەرگریی زۆر لەگەڵ کورد هاوسۆزن، قەداسەتی پاپا بەپەرۆش بوو بۆ دۆخی کوردستان و بەڵێنی دا کە هاتە عێراق، بێتە کوردستانیش.
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا جەجتیان لەوە کردووەتەوە بەردەوام دەبن لە پشتیوانی کردنی کوردستان و پێشمەرگە. هەروەها ئەوەی پێیان بکرێت لەگەڵ دۆستەکانیان لە ئەورووپا و ئەمریکا، هەوڵ بدەن پشتیوانی لە گەلی کوردستان بکەن بەتایبەت لەودۆخە ئاڵۆزەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە.
سەرۆک بارزانی گوتی: پەیامی من بۆ میدیاکارانی کوردستان ئەوەیە، بەرگریی لە مافی گەلی کورد بکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە توندوتیژی نەکەن، پشتیوانی لەوە نەکەن ببێتە شەڕی کورد و نەتەوەیەکی دیکە، بەتایبەت ئەوەی ئێستا لە سووریا ڕوو دەدات کە عەرەبن، چونکە شەڕی دوو نەتەوە کارەساتە و نابێت کورد بەرەو ئەوە بچێت، لەبەر ئەوە ڕۆڵی میدیاکاران دەبێت ڕۆڵێكی ئەرێنی بێت و پشتیوانی لە کورد بکرێت، پشتیوانی لە مافی کورد بکرێت، ناشبێت ببنە ڕێگە خۆشکەر بۆ شەڕی دوو نەتەوە.
