بانگەوازێک بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان

2 كاتژمێر لەمەوپێش



لە دوای ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی باشوور بە نوێنەرایەتی کوردان و دۆستانی دۆزەکەمان، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانمان کرد و دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و شەڕڤانان و خوشک و براکانمان ئەنجامدا.

وەک شایەتحاڵێک بە پێویستی دەزانین هەموو لایەک لەوە ئاگادار بکەینەوە، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمە و مەترسی کۆمەڵکوژی و قڕکردنێکی گەورەداییە و پێویستە هەمووان ئەم مەترسییە بە هەند وەربگرین.

لەگەڵ ئەوەشدا گەل و شەڕڤانان بە باوەڕەوە لەسەر پێن و بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن، ئەم هێز و ئیرادەیەش لە یەکگرتنی سەرتاسەری کوردەوە لەسەر ئاستی جیهان، سەرچاوەی گرتووە.
هەوڵ و چالاکییە جۆراو جۆرەکانی کۆی هاوڵاتیان دیوێکی تری خەباتی شەڕڤانانەیە.

سەبارەت بە پەیامی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا، سڵاوێکی گەرم و پێزانینێکی زۆرییان بۆ پشتیوانی و هەڵوێستی ئازایانەی خەڵکی کوردستان و ڕەوەندی کوردی هەبوو، بێگومان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە.

لەم سۆنگەیەوە داواکارین:
یەکەم: پارتە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە ئاستی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەموو هەوڵەکانتان لە ئاستی سیاسی و دبلۆماسی بخەنەگەڕ، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەستبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان لەچوارچێوەی دەستوردا.

دووەم: وێڕای سوپاسی دامەزراوەکانی هەرێم، پێویست دەکات لە سنوری سمێلکاوە کارئاسانی زیاتر بکرێت، بۆ گەیاندنی هەموو جۆرە هاوکارییەک و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ٢٠١٤ی ، پەرلەمانی کوردستان.

سێیەم: بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا هەن، هەروەها فراوانکردنی چالاکییە میدیایی و سیاسی و دبلۆماسییەکانی تر.

چوارەم: داوا لە بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی دەکەین بەردەوامبن لە پشتیوانی چالاکییەکان و پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی ڕاستینەی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی چیتر دوژمنان و بریکارەکانیان، نەتوانن دەقەکانی قورئان و فەرموودە بەکاربهێنن، بۆ مەبەستی قڕکردن و لاوازکردنی گەلەکەمان و پەرتەوازەکردن و داگیرکردنی نیشتیمانەکەمان.

لە کۆتاییدا، سەرکەوتن بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمانە

ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتیانی باشوور
٢٢ی ١ی ٢٠٢٦
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار