دەقی بڕیاری دادگا لەبارەی دوورخستنەوەی مەلا بەختیار ئاشکرا کرا

2 كاتژمێر لەمەوپێش



دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە دانیشتنێکدا تانەی یەکێک لە کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕەتکردەوە، کە بەهۆی کێشەی بڕوانامە و ڕەگەزنامەوە لە کاندیدبوون دوورخرابووەوە.

بەپێی بڕیارێکی دادگاکە کە ژمارە (19/فیدراڵی/2026)ی هەڵگرتووە و لە 19ـی 1ـی 2026 دەرچووە، دادگا سەیری تانەی (حیکمەت محەممەد کەریم)ی کردووە، کە ناسراوە بە مەلا بەختیار، تانەی لە بڕیاری دادگا دابوو بەرامبەر بە دوورخستنەوەی لە لیستی کاندیدانی سەرۆککۆمار لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو کاندیدە دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی:
1- بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە، ڕەگەزنامەی یەکێک لە دایک یان باوکی کاندیدەکەی نەسەلماندووە کە عێراقییە. 
2- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پشتگیری بڕوانامە و یەکسانکردنی بڕوانامەکەی نەکردووە.

دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ماددەی (1/ یەکەم و چوارەم) لە یاسای حوکمەکانی کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار (یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012)، مەرجە کاندید لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت و خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ بێت کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت.

لە کۆتاییدا، دادگا بڕیاریدا تانەی ناوبراو ڕەتبکاتەوە و تێچووی دادبینی لە ئەستۆی خۆی بێت، بڕیارەکەش پلەی کۆتایی هەیە و هەموو دەسەڵاتەکان پابەند دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار