سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاپا و سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان کۆدەبێتەوە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان لەگەڵ پاپا لیۆی چواردەیەم کۆدەبێتەوە، لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی کۆمەڵێک کۆبوونەوەی سیاسیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش ئەنجام دەدات.
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی بە جیا لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-01-2026 ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یاوەریی سەرۆک بارزانیی دەکات بۆ ڤاتیکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر بانگهێشتی قەداسەتی پاپا، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان دەبێت و لەگەڵ لویسی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان و دواتریش لەگەڵ پيترۆ پارۆلين، سهرۆكوهزيرانى ڤاتيكان کۆدەبێتەوە."
کاژێر 10:00ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سەرۆک بارزانی لە ڤاتیکان دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لەو دوو کۆبوونەوەیە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش کۆدەبێتەوە.
لە سەردانەکەدا شاندێک یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات کە پێکهاتووە لە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان و رێزان حەمە ساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا.
ئەمە دووەمجارە سەرۆک بارزانی سەردانی ڤاتیکان دەکات. پێشتر لە ساڵی 2014 سەردانی ڤاتیکانی کردبوو و لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆببووەوە.
