یەکگرتوو: ئەمیندار بۆ نێوەندگریی چووەتە تورکیا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتویی ئیسلامی کوردستان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
میدیای یەکگرتوو دەڵێت: بە فەرمی یەکگرتوو دەستی کرد بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان.
شاندی یەکگرتوو بریتین لە هەریەک لە محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكان و لوقمان باسکەدێری، بەرپرسی نووسینگەی یەکگرتوو لە ئەنقەرە و لەلای ڕاستەوە دانیشتوون.
شاندی تورکیاش کە لای چەپی هاکان فیدانەوە دانیشتوون، عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی پێشووی تورکیای لە بەغداد تێدایە. وەزارەتەکە هیچ شتێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی فیدان و سەڵاحەدین بەهادین بڵاونەکردووەتەوە.
بەڵام میدیای فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، لەبارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی "بە فەرمی یەکگرتوو دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ بەرپاکردنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان".
سەردانەکەی سەڵاحەدین بەهادین بۆ تورکیا لەکاتێکدایە، ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشێکی چڕی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی ئەنقەرەیە کە لە ڕۆژی 6ـی ئەم مانگەوە بە پەلاماردانی هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی حەلەب دەستیپێکرد و لە ئێستادا کۆبانێیان گەماردۆداوە و هێرشەکانیان بۆ سەر حەلەب سەرەڕای ئاگربەستی چوار ڕۆژە، درێژەی هەیە.
