لە لیبیاوە سبەى 100 کۆچبەر دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەولێر

کاتژمێرێک لەمەوپێش



سبەى و دوو سبەى، نزیکەى 200 کۆچبەرى هەرێمى کوردستان لە لیبیاوە دەهێنرێتەوە  بۆ هەولێر.

ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەى باڵیۆزخانەى عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند، سبەى یەکەم کاروانى کۆچبەرەکان لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر کە ژمارەیان 100 کۆچبەرە.

گوتیشى "بە فەرمانى سەرۆکوەزیران، یەکەم گەشتى گەڕانەوەى کۆچبەرەکان بە فڕۆکەى (سى- 130) سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق دەکرێت، ڕۆژى دواتریش ئەو کۆچبەرانەى دیکە کەماونەتەوە دەگەڕێنرێنەوە".

بەکر عەلى، سەرۆکى کۆمەڵەى پەنابەرە گەڕاوەکان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سبەى کاتژمێر چوارى بەیانى فڕۆکەى کۆچبەرەکان لە لیبیا بەڕێدەکەوێت و چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر شەش بگاتە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر.

گوتیشى، بەگەڕانەوەى ئەو 200 کۆچبەرە، نزیکەى 250 کۆچبەرى دیکەى کورد لەو وڵاتە ماون بگەڕێنرێنەوە.

نزیکەى 500 کۆچبەرى کورد کە بەنیازبوون لە لیبیاوە بگەنە ئەورووپا، لەو وڵاتە لەلایەن قاچاخچییەوە دەستگیرکراون و کار بۆ هێنانەوەیان دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار