مەزڵوم عەبدی سوپاسی سەرۆک بارزانی و هەڵوێستی هەرێم دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوپای سووریای دیموکرات رایگەیاند: هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە سەرکردە و گەلەکەیەوە، جێگەی ڕێز و پێزانینێکی زۆرە لەلایەن گەلەکەمانەوە.
ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی " لەم قۆناغەدا پێزانینێکی زۆرمان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک نێچیرڤان بارزانی هەیە، لە کاتێکدا بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە سیاسییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ نێوەندگیری ئەمریکی، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دانوستان و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کراون، لە نێویشیاندا پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی نێوانمان لەگەڵ حکوومەتی سووریا.
هەروەها نووسیویەتی "هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە سەرکردە و گەلەکەیەوە، جێگەی ڕێز و پێزانینێکی زۆرە لەلایەن گەلەکەمانەوە".
هەوکات دوێنێ پێنجشەممە، دوای کۆبووەنەوەی لەگەڵ تۆم بەڕاک و فەرماندەی سێنتکۆم، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پەیامێکی ئێکسدا، ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لەگەڵ شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر ڕاگەیاند.
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: ئەم دیدارە بە ئامانجی تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەستپێکردنی دانوستانە سیاسییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بەڕێوەچوو.
لە میانی ئەم کۆبوونەوەیەدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ تۆم بەڕاک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گفتوگۆیان کرد.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کردووە، پشتگیرییەکانی واشنتن و سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرۆسەی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ بایەخێکی جیدییان هەیە و جێگەی دەستخۆشین.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مەزڵووم عەبدی پێشوازی لە هەوڵەکانی تۆم بەڕاک کردووە کە کار دەکات بۆ گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان ئەوان و حکوومەتی سووریادا.
