دەستەی مافی مرۆڤ: ئارام قادر تەندروستی ناجێگیرە ڕێگەنادەن بیبینین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لەڕاگەیەندراوێکیاندا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێن بەفەرمی لەڕێگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەوە چەندین جار داوای کردوە لە هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی ئارام قادر بکات بۆ ئاگادار بوون لەڕەوشی تەندروستی، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن.

ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانیی  زیاتر لە سێ مانگە لەسلێمانی دەستگیرکراوە، ناوبراو کەسایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە حیزبەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی باڵای هەبووە و دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشاوەتەوە.

دەقى ڕونکردنەوەکە..

ڕونکردنەوەیەک لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕێگە پێنەدانی تیمی دەستە لە لایەن هێزی ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ سەردانی کردنی ئارام قادر
دوای ئەوەی کوڕێکی ئارام قادر  سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و سکاڵای تۆمار کرد سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە باری تەندروستی باوکی ناجێگیرەو داواشی کرد ڕێگە بەپارێزەرەکەی بدرێت سەردانی ناوبراو بکات بۆ وەرگرتنی پەنجە مۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی.

بۆ ئەو مەبەستە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەنوسراوی فەرمی ژمارە ١٠٣٧ لەڕێکەوتی ٢٠٢٥/٩/٩ ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. دوای ئەوەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەفەرمی لەڕێگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەوە چەندین جار داوای کرد لە هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لەڕەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیان لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن.

ئێمە  بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەپێی یاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٠ مافی بەدوا داچونی هەیە بۆ سەردانی کردنی چاکسازیەکان و بەندیخانەکان وبەدوا داچونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لەهەرێمی کوردستان. هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستە بەئەرکی خۆی دەزانێت وبەپێویستی دەزانێت سەردانی ناوبراو بکات و ئاگاداری دۆسیەی ناوبراو و ڕەوشی ژیانی ناوبرا بێت لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

بەڵام ڕێگریکردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانی کردنی شاندی دەستە بۆ لای ناوبراو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی ناوبراو وناوبانگی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی.

داواش دەکەین هەرچی زووە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی کاتێک دیاری بکەن  بۆ سەردانی کردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وە پارێزەر بۆلای ناوبراو.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار