موسڵمانێک بووە هۆی رزگاکردنی چەندین جوو و مەسیحی

6 كاتژمێر لەمەوپێش



هەمووان ستایشی دەکەن و بووەتە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان

ئامادەکردنی هاوڵاتی 

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە کاتژمیر 6:47 خولەک بە کاتی ئوسترالیا و کاتژمێر 10:47ـی خولەکی بەیانی بە کاتی کوردستان، دوو چەکدار، کە باوک و کوڕن، هێرشیان کردەسەر فێستیڤاڵێکی ساڵانەی جووەکان لە کەناراوی بۆندی لە شاری سیدنی ئوسترالیا.

لە رووداوەکەدا 15 کەس کوژران و چەندانی دیکەش بریندار بوون. یەکێک لە چەکدارەکان بەناوی ساجید ئەکرەم کوژرا و کورەکەی بەناوی نەڤید ئەکرەم بریندارە. ئەمە رووداوەکە بوو، بەڵام ئەوەی چاوی میدیا جیهانییەکانی چووەتە سەر بوێری پیاوێکی سوری موسڵمانە، بەناوی ئەحمەد ئەلحمەد.

لە کاتێکدا دوو چەکدارەکە چەند جووەیەکیان کوشتووە و بە تەقەوە هەوڵی دوورکەوتنەوە لە شوێنەکە دەدەن، بەڵام ئەحمەد لە پشتی ئۆتۆمبێلێکەوە خۆی شاردووەتەوە و لە پڕێکدا پەلاماری یەکێک لە تەقەرەکان دەدات کە پێدەچێت ساجد ئەکرەم بێت و چەکی دەکات. 

هەرچەندە ئەحمەد بریندار دەبێت و دەگوزارێتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام ئەو دیمەنە میدیاکانی ئوسترالیا و جیهانی تەنی، بەجۆرێک بەرپرسانی وڵات و تەنانەت بنیامین نەتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپیش ستایشی رۆڵەکەیان کرد.

کریس ماینس، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی نیو ساوز وەیڵز دەڵێت: هەتا ئێستا شتی وام نەدیوە، پیاوێک ژیانی خۆی بخاتەوە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ژیانی چەندەها کەسی دیکە رزگار بکات، بۆیە دەڵیم ئەحمەد پاڵەوانە.

ترەمپیش لەسەر رووداوەکە قسەی کرد و گوتی: ئەوە کارێکی رەگەزپەرستییە دژی جووەکان و لەبارەی ئەحمەدیش گوتی: کەسێکی زۆر ئازایە و ژیانی چەندین کەسی لە مردن رزگارکرد، ئێستا دۆخی تەندروستی باش نییە بەڵام من رێزێکی زۆرم بۆی هەیە.

نەتانیاهۆش لەبارەی ئەحمەدەوە دەڵێت: ئەو کارە ئازایانەیەمان لەو پیاوە موسڵمانە بینی و رێگریی لە کوشتنی چەندین جووی بێتاوان کرد، من سڵاوی بۆ دەنێرم.

ئەحمەد تەمەنی 43 ساڵە، خاوەنی دوکانێکی فرۆشتنی سەوزە و میوەیە لە سیدنی و دوو منداڵیشی هەیە. بەگوتەی ئامۆزایەکی، ئەحمەد فیشەک بەر قۆڵ و دەستی کەوتووە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە، نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە و پێویستی بە دوو نەشتەرگەری دیکەیە.

ئەحمەد لەگەڵ هاوڕێیەکەی خەریکی قاوە خواردنەوە بووە کاتێک گوێی لە تەقە بووە. باوک و دایکی دەڵێن، کوڕەکەیان پاڵەوانە و بیری لەوە نەکردووەتەوە ئەو کەسانەی رزگاری دەکات چ ئایینێکیان هەیە. دەشڵێن، کوڕەکەمان جیاکاری لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانیشدا ناکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار