دیمەشق رازیبووە هەسەدە لە (3) فیرقەی سەربازیدا یەكبخرێن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، میدیاكانی توركیاو نزیك لە دەسەڵاتی دیمەشق، تەپۆزێكی میدیایی گەورەیان دروستكردووە بەبڵاوكردنەوەی جۆرەها پڕوپانگەندەی جیاواز بە ئامانجی دروستكردنی فشار لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ملدان بە مەرجەكانی دیمەشق، هەر لە تۆمەتباركردنی بەردەوامی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم و عەبدی ئەحمەد شەرع، تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جوڵانی هێزی توركیاو گروپە چەكدارەكانی دیمەشق و هەڕەشەی پەلاماری سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، وێڕای بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جیاواز و تەمومژاوی لەبارەى ئەو دانوستانە نهێنیانەی لە ئێستادا لە نێوان دیمەشق و هەسەدەدا بەڕێوەدەچێت.
بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "Türkiye Today" لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، سوریا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، دیمەشق دوا پێشنیازی خۆی پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی کردووە، کە بریتیە لە نەخشەڕێگایەك بۆ یەکگرتن (13) خاڵ لەخۆدەگرێت.
لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا ٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەك دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی دیاریکراوە.
بەوتەی سەرچاوە توركییەكە، دیمەشق لە دوایین پێشنیازی خۆیدا کە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەو چەقبەستووییە كردوویەتی، پێشنیاری ئەوە دەکات هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا یەکبخرێن.
هاوشانی ئەوەش، پێشنیازە نوێیەکە بڕگەیەکی لەخۆگرتووە کە تێیدا هاتووە فیرقەکانی دیکەی سوپای سوریا دەچنە ناو باکووری رۆژهەڵاتی سوریا.
لەبەرامبەردا هێزەكانی سوریا دیموكرات پێداگری دەکات کە تەنها ئەو سێ فیرقە لە هێزەكانی پێکهاتوون، لە باکوری سوریا جێگیر بکرێن، رێگە نادات هێزەکانی حکومەتی سوریا بچنە ئەو ناوچانە.
سەرچاوەكە دەڵێت: بۆ دیمەشق زۆر گرنگە هەڵوێستێکی بونیادنەر بۆ ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدات بەوەی کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە.
گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دیمەشق ئەنكەرە رازی بکات کە نەرمی لە هەندێک وردەکاریدا نیشان بدات، سەرەڕای ئەو سازانەش، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە لە پێداگری لەسەر پاراستنی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدان.
میدیا توركییەكە باس لەوەش دەكات، دوای ئەوەی هەسەدە پێشنیازێکی پێشوی رەتکردەوە، دیمەشق ئەم پێشنیازە نوێ (13)خاڵیەی ئامادەکرد، ئەم پێشنیازە گرنگە، چونکە ڕێگە بە هێزەکانی هەسەدە دەدات خۆی لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا رێکبخاتەوە.
بەڵام پێدەچێت خاڵی سەرەکی مشتومڕەكە لەبارەی سنورەکان بێت، هەسەدە پێداگری دەکات لەسەر سنوردارکردنی بوونی سوپای سوریا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و داوای ئەوە دەکات سێ فیرقەکەی تەنها لە رۆژهەڵاتی روباری فورات جێگیر بکرێن، ئەمەش هێڵی سورە بۆ دیمەشق و ئەنكەرە.
ئاماژە بەوەشدەكات: خاڵی دووەمی سەرەکی ناكۆكى نێوانیان پەیوەندی بە فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنەوە هەیە، دیمەشق پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو سێ فیرقەیە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریدا بن، لەکاتێکدا هێزەکانی سورياى دیموکرات هەوڵدەدات پێکهاتەیەکی فەرماندەیی سەربەخۆ بپارێزێت، ئەمەش بەشێوەیەکی کاریگەر سوپایەک لەناو سوپایەکدا دروستدەکات.
لەلایەكی ترەوە، كەناڵی "روناهی" لەزار سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەرەوە ئاشکرای کردووە، حکومەتی کاتی، بۆ یەکەمجار، لە چوارچێوەی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، رەشنوسی نوسراوی دانوستانی پێشکەش کردووە.
سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەر ئەو رەشنووسەیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پرۆسەی دانوستانەکاندا زانیووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە، حکومەتی کاتی دیمەشق پێداگری لەسەر حوکمڕانی ناوەندی دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو رووبدات لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی دانوستان کە لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا یان هەر پێشنیازێکی جەوهەری سەبارەت بەو خاڵانە.
