بەشار ئەسەد چی لێبەسەرهاتووە و ئێستا خەریکی چییە؟
5 كاتژمێر لەمەوپێش
ڤلادمیر پوتین رێگری چی لێدەکات؟
ئامادەکردنی هاوڵاتی
زیاتر لە ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. هەرچەندە زانیارییەکان لەبارەی ژیانی لە دەرەوەی وڵات کەمن، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئێستا لە گەڕەکی روبلیڤکای مۆسکۆ دەژی کە گەڕەکێکی بەناوبانگ و گرانبەهایە لە رووسیا.
بەپێچەوانەی پێشبینییەکان، ئێستا ئەسەد سەرقاڵی فێربوونی زمانی رووسییە و گەڕاوەتەوە بۆ کاری پزیشکی لە بواری چاو و کێشەکانی بینین، ئەمەش وەک خولیایەکی لەمێژینەی خۆی نەوەک وەک پیشە و کارکردن.
گاردیان دەڵێت، ئەسما ئەسەدی خێزانی ئەسەد نەخۆشی شێرپەنجەی تێپەڕاندووە و چاکبووەتەوە، ئێستا ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێدەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، منداڵەکانی بەشار ئەسەد هەر لە مۆسکۆ دەژین، بەڵام هەندێکجار سەردانی ئیمارات دەکەن و لە هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەی یەکجارین، چونکە کێشەی فێربوونی زمانی رووسییان هەیە.
هەرچەندە ئەسەد ماوەی ساڵێکە بێدەنگە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی گاردیان، کە لە سەرچاوەیەکی کۆشکی کریملنەوە وەریگرتووە، ئێستا پوتین زۆر حەز بە دیداری بەشار نەکات چونکە هیچ رۆڵ و پێگەیەکی لە سوریا نەماوە، بۆیە سەرۆکی روسیا لێدوان و چالاکی سیاسی لەنێو وڵاتەکەی لێ قەدەغەکردووە.
بەشار ئەسەد لە مانگی رابردوو ویستوویەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەناڵی ئاڕ تی رووسی و بەشداریی پۆدکاستێکی ئەمریکیدا بکات، بۆ ئەمەش داوای مۆڵەتی لە کریملن کردووە، بەڵام بە زوویی داواکەیان رەتکردووەتەوە و رێگەیان نەداوە.
سەرچاوەکەی کۆشکی کریملن دەڵێت: بەشار دەتوانێت لێرە بژی، بەڵام دەبێت چالاکی سیاسی نەکات. سەبارەت بە خەرجییەکانیشی دەڵێت: ئەسەد بە ماوەیەک پێش جێهێشتنی سوریا بەشێکی زۆری سامانەکەی رەوانەی روسیا کردووە و ئێستاش هەندێک هاوڕێی پارەی بۆ دەنێرن.
پێشتر لە راپۆرتیکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکراکرا بەشار ئەسەد و خێزانەکەی خاوەنی یەک بۆ دوو ملیار دۆلارن، بەڵام میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن ئەوە بەشێکی کەمی سامانەکەیەتی و بڕە راستەقینەکە دەگاتە 22 ملیار دۆلار.
رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی ساڵێک لەمەوبەر و لەدوای رووخانی رژێمەکەی ئەسەد ئاشکرایکرد، بە تەنها لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019 بەشار ئەسەد 250 ملیۆن دۆلاری بۆ مۆسکۆ گواستووەتەوە.
