پەرلەمانتارێک: پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرناگرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پلە بەرزکردنەوەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە سەر ناگرێت، چونکە ئەمە پێویستی بە پارە و هەبونی چوارچێوەی یاساییە.

جەمال ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمان و کاندیدی دەرچوو، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: باوەڕ ناکەم، پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەران سەر بگرێت، چونکە ئەمە پێویستی بە پارەیە، خەرجکردنی پارەش چوارچێوەی یاسایی دەوێت، چوارچێوەی یاساییش دەبێت بخرێتە نێو یاسای بودجەوە.

دەشڵێت: ئەو پارەی ئێستا لەبەردەست وەزیری داراییە لە یاسای بودجەی 2025 پەسەند کراوە، بۆیە پلە بەرز کردنەوە پارەی دەوێت، خەرجکردنی پارەش پێویستی بە یاسایە.

ئەمەش لەکاتیکدایە، ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەمە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان بۆ ساڵی 2026 دەستپێکرد. 

وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم دامەزراوەکان دەکات لە ماوەی 20 ڕۆژدا زانیارییە پێویستەکان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە، گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە.

 مەبەست لەم هەنگاوە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پەیوەست بە پلەبەرزکردنەوەی (سەربازی و شارستانی) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار