کەشناسى: شەپۆلێکی بەفرو سەرما بەڕێوەیە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
دوو شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکەن، لە 26ـی ئەم مانگەوە ناسەقامگیری لە کەشوهەوای باشووری کوردستان دروستبێت و لە رۆژانی دواتریدا لە بەشێکی ناوچەکان باران و لە هەندێک ناوچەش بەفر ببارێ.
ئاسۆ کەمال، پسپۆڕی کەشناسی و بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ لە 26ـی ئەم مانگەوە بارستە هەوای ساردی جەمسەری، ناوچەکەمان بگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری سلێمانی بەفر ببارێ".
وتیشی: "شەپۆلەکە تاوەکو سێی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێ. پلەی گەرما لە یەک بۆ سێی مانگی داهاتوو بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێ و لە هەندێک ناوچە دەگاتە پلەی بەستن".
ئەو پسپۆڕەی کەشوهەوا دەڵێ: "جگە لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک سۆران و حاجی ئۆمەران، پێشبینی دەکرێ بەفر لە چەند ناوچەیەکی دیکەش ببارێ، وەک پیرەمەگروون، ئەزمڕ و گۆیژە لە سلێمانی".
هەروەها محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، وتى: "لە 27ـی ئەم مانگەوە شەپۆلی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە". ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، لە 27ـی ئەم مانگەوە تاوەکو ئێوارەی 01-01-2026 "لە تەواوی باشووری کوردستان باران ببارێ، بڕی کەمترین 25 ملیمەتر و زۆرترین 50 ملیمەتر دەبێ؛ هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێ".
لەبارەی بارینی بەفرەوە لە شارەکان، محەممەد کەمال گوتی: "جگە لە پێنجوێن و سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی هاوشێوەیان، ئەگەری لاواز هەیە لە چەند شارێکی دیکەش بەفر ببارێ، بەڵام هێشتا کات ماوە و روون نەبووەتەوە، ئەگەری گۆڕانیش هەیە".
کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێ. لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئاسمان هەور دەبێت، لە شەودا ئەگەری نمەباران هەیە لە ناوچەکانی باشووری عێراق، پاشان بۆ کاتەکانی درەنگ کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک و چوارشەممە کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما "نزیک" دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 12 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 14 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 14 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 11 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 17 پلەی سیلیزی
