کاک بەرهەم بۆچی واتکرد؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
مەهدی ئەبوبەکر
بەڕێز بەرهەم ساڵح، دەزانم ڕەنجی فەرهادت دا، تاوەکو پۆستی کۆمیسیاری باڵای (UNHCR) وەربگریت. زۆرباشیش لەوە تێدەگەم؛ بەڕێزتان لە ڕووی ماددیی و مەعنەوییەوە، پێویستتان بەو پۆستەو پۆستی لەوە گەورەتریش نەبوو، بەڵام هۆکاری زۆر گەورەتر لە دەرەوەی ئیرادەی خۆت هەبوون؛ ناچاریان دەکردیت، هەڵوەدای پۆستی لەوە بچووکتریش ببیت و ئامادەی وەرگرتنیان بیت.
ئێرە جێگەی باسکردنی ئەو هۆکارانە نییە کە ناچاری بەردەرگەی ماڵەکەی گۆترێس و ڕێکخراوە گەندەڵەکەیان کردیت.
ئەوەی لێرەدا گەرەکمە وەکو گلەییەک باسی بکەم، ئەوەیە؛ لەو بەیاننامەیەی لە تۆڕی (X) بڵاوتکردۆتەوەوەو خۆت وەکو کۆمیسیاری نوێی (UNHCR) ڕاگەیاندوە، کفر نە دەبوو؛ لەگەڵ باسکردنی ئەزموونی پەنابەری خۆت، بتگوتبا؛ من کوردم، وەکو گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت، ئەزموونی پەنابەریی، ئاوارەیی و ماڵوێرانییمان زۆرو زەبەندە، بۆیە لەپاڵ ئەزموونی پەنابەریی خۆم، ئەزموونی ئاوارەیی نەتەوەکەم قوتابخانەیەکی گەورەیەو دەتوانم؛ لە ڕێگەی ئەو دوو ئەزموونەوە خزمەتی بەرفراوانی لێقەومان، ئاوارەو پەنابەران لە جیهاندا بکەم.
لێ بەداخەوە؛ ئەوەت نەکرد! بەپێچەوانەی ئەو هەموو چەپڵەو هەڵهەڵەلێدانەی خەڵکی کوردستان خۆشحاڵیی دەربڕینیان بە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن بەڕێزتەوەو تەماشاکردنی ئەو پۆستە وەکو دەستکەوتێکی مەزن بۆ کورد، کەچی بەڕێزت لە یەکەم ئەزمووندا دەرنەچوویت و چاوی ڕەشی ملیۆنان کوردت کاڵکردەوە. دووبارە بەداخەوە؛ لەپێناو دڵڕاگرتنی ئەوانەی بەڵێنی ناونەهێنانی کوردت پێدابوون، بازت بەسەر نەتەوەکەت و ئەزموونی دەیان ساڵی ئاوارەیی نەتەوەکەتدا داو ڕازیکردنی دڵی ئەوانت لە شکاندنی دڵی ملیۆنان کوردت پێ پەسەندتر بوو!! بۆیە بۆ کورد، هیچ جیاوازییەک لە نێوان تۆو فیلپۆ گراندی ئیتاڵیی، کۆمیسیاری پێشوودا نییە، تەنیا جیاوازییەکە ئەوەیە؛ بەڕێزتان پێشتر خاوەنی بەرزترین پۆست بوون و سەرۆککۆماری عێراق بوون، بەڵام بەڕێز گراندی تەنیا دیپلۆماتکارێکی ئاسایی بوە، بەرزترین پۆستی پێشتری کۆمیسیاری باڵای (ئۆنروا) بوە، بۆ هاوکاریی فەلەستینییەکان!!
