بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆنی مەترسی لێدی!
4 كاتژمێر لەمەوپێش
مەحمود یاسین کوردی
راگەیاندنی بەرەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەک بە ئاشکرا داوای رووخانی رژێمی ئێران دەکەن هیچ باش نییە.
بەیاننامە بە پەلەکەی شهوى رابردووى وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ناوچەکە، حەقیقەتی هەستیاريی دۆخەکە دەسەلمێنێ!
*تەهران و بەغداد هاتوونەتە سەر خەت!
ئاگادارم ئێرانیەکان لەسەر ئاستی کونسوڵگەری بە تووندی هاتوونەتە سەر خەت، شیعەکانیش (قاسم ئەعرەجی)ـیان راسپاردووە قسە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بکات بەو پێیەی مەلەفی ئەمنی ئێران لای ئەوە!
ئەم ئێوارەش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دکتۆر فوئاد حوسێن کردووە!
*حیزبەکانی رۆژهەڵات کات و شوێنی خراپیان هەڵبژارد!
دۆناڵد ترەمپ بەئاشکرا پێی سەیرە بۆچی ئێرانییەکان تەسلیم نابن بە کورتیەکەی پێیان سەرسامە، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دەڵێ: بە درێژایی سنووری عێراق، ئێران مووشەکی بالیستی بۆ ئیسـ،ـرائیل و هەر وڵاتیک حازرکردووە کە تێدا هێرش بکرێتە سەری!
کەواتە برایانی حیزبەکانی رۆژهەڵات: ئێوە کات و شوێنتان نەبینیوە هەرێمی کوردستان نەبێ، لەم کاتەش!؟
بۆ لە ئەوروپا و ئەمریکا نەتانکرد؟! بۆ ساڵێک پێش ئێستا نەتانکرد!؟
هەرێمی کوردستان وەزعی خۆی زۆر باشە، تا هەڕەشە و کێشەی ئەمنی بۆ دروست بێت؟ لەگەڵ کێش لەگەڵ ئێران!.
*کوردی باشوور لەگەڵ رووخانی ئێران نییە!
بە راشکاوانە دەڵێن بیرکردنەوە و بەرژەوەندیی کوردی عێراق جیاوازە، دوای رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان زۆرینەی کوردی عێراق لەگەڵ مانەوەی ئێرانن!
برۆن راپرسی بکەن و رای خەڵک وەربگرن بزانن کوردی عێراق یان کوردی باشوور هەر ناوێکی لێدەنێی هەڵوێستی چییە؟ من رۆژانە خەڵکی دەبینم کە بەعەقیدە سوونەی تووندن و دژی ئێرانی فارسین، بەڵام لە کۆمێنت دوعا بۆ ئێران دەکەن دەڵێن، دوای رووداوەکانی سووریا لە قازانجی هەرێمی کوردستان نییە دۆخی ئێران تێکبچێت.
*کەس لەسەر هەرێمی کوردستان بە وەڵام نایە!
عێراق و هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی ئەمنی-یان لەگەڵ ئێران هەیە بۆیە هەر جموجۆڵێک لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی تووندی ئێرانی لێدەکەوێتەوە، بروا بکەن کەس لە سەر کورد بە وەڵام نایە، هێرشەکەی کۆیە، ماڵی شێخ باز و ماڵی پێشڕەو دزەیی شاهێدن.
هەولێر و سلێمانی حەسەکە و کۆبانێ نییە، دۆخەکەی زۆر جیاوازە مووشەکی بالیستی بازاڕی نەوت و وەبەرهێنان هەموو شت تێکدەدات، بۆیە پاساودان بە ئێران بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدارە.
*بێ دەنگ دابنیشە کەی رووخا برۆ ئەودیو!
بەدیلەکانی ئێران لە پێش هەمووشیانەوە (کوڕی شا) بە ئاشکرا پێت دەڵێن وەکو ئێرانی تۆمان قبوڵە، بەڵام باسی مافی خودموختاری و تایبەتمەندی و سیستەمی لامەرکەزی لە ئێران مەکەن، هەمان قسەی ئێستای ئەحمەد شەرع دەکەن!
ئێ دابنیشە بەبێ دەنگی هەر کاتێک رژێم رووخا بڕۆ ناوچەکانی خۆت کۆنتڕۆڵ بکە، ئەگەرنا ئەمریکا نە بەقسەی تۆ ئێران دەروخێنێ نە دانوستاندن دەکات، ئەو هەرێمە پڕ لە کێشەش لە ئێمە مەخە بەردەم مەترسیی شەڕێ وێرانکەر!
من باسی خەون و خەیاڵ ناکەم باسی واقیع دەکەم باسی بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم باکم بە قسەی چەند گەنجێکی حەماسی یان براو خوشکێکی رۆژهەڵات نییە، ئەزموونم لە دۆخی چەند هەفتەی رابردووی رۆژئاوا وەرگرتووە!
چاوپێکەوتنەکەی مەسرور بارزانی لە ئیمارات بە زمانی ئینگلیزی هاوسەنگ بوو کە گوتی: ئێمە بەشێک نین لەو شەڕە پەیوەندیمان لەگەڵ هەردوولا بەهێزە.
یەکێتی و پارتیش درک بە هەستیاری ئەو شەڕە دەکەن ئەگەر هاتوو ئێران هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی رۆژهەڵات بکاتە ئامانج.
