دەربارەی زمان و بوون 

2 كاتژمێر لەمەوپێش



لەتیف فاتیح فەرەج 

دەكرێت نەیارانمان هەموو شتێكمان لێبدزن، بمانكەن بە جاش و بە كرێگیراو، گۆرانی و مەقام و میوزیك و ئەفسانەو داستانمان بدزن و بیكەن بە هی خۆیان، خاك و خەڵكمان بدزن، بەڵام هەرگیز ناتوانن زمانەكەمان بدزن یان داگیری بكەن، زمانی ئێمە لە ناو سینگی دایكانی ئێمەدایە، مەگەر سینگی هەموو ژنانی كورد هەڵبدڕن، زمانێكی دەوڵەمەند، سروشتی، ئاوازدار و شیرین، ئەو زمانەی لە كوردخانەوە تا دەرسیم و لەوێوە تا كەركوك دایكانی ئێمە لای لایەی پێدەكەن، لە باكووری كوردستان سەت ساڵی خشتی سەردەمی كۆمار و لە سێ‌ بەشی كوردستان شەشسەت ساڵ خەلافەتی عوسمانی ویستیان ئەو زمانە لە ناو بدەن، نەیانتوانی تەنانەت زازایان بۆ لەناو نەدرا و لوڕی و كەڵهوڕی و هۆرامی، هەر جار بە جۆرێك ویستیان زمانمان هەلاهەلاو پارچە كەن نەیانتوانی.

لە باكووری كوردستان هەر دایكان نا، ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، فەقێی تەیران و زۆری دیكە تا گەیشتە ئاپێ‌ موسا و لەویشەوە تا عوسمان بایدەمیر و ئەو دۆتە و كوڕیژگانەی لە پشتی چاوی دەوڵەت و جاشەكانیەوە ماڵانیان كردبووە قوتابخانە، من خۆم لە دوو ماڵ، یەك لە باكوور "ئامەد" دوو لە ڕۆژهەڵات لە "سنە"، ئەو ماڵانەم بینی كە قوتابخانەی وتنەوەی زمانی كوردی بوون، عوسمان بایدەمیر كە سەرۆكی شارەوانی گەورەی ئامەد بوو دوو بەرگ مەقامی كوردی چاپكرد و ناوەندی مەقامیشی لە ئامەد كردەوە، لە ناو ناوەندی دەسەڵاتیشا لەناو پارلەماندا لەیلا زانا وتی لێرە زمانێكی تریش هەیە، وەك چۆن ئەحمەد قایەش بە دەنگی بەرز ئەوەی گوت، ئەحمەدی خانی لە ڕێی نەوبەهارا بچوكا بوو بە یەكەم مامۆستای بە زیندوێتی هێشتنەوەی زمانی دایك، یەك یەك پەرچەمی مانەوە و پاراستنی ئەو زمانەیان هەڵگرت وەك چۆن بەدرخانیان لە ڕێی ناردنی ڕۆژنامەی كوردستانەوە بۆ وڵات نووسیبوویان "هەر جارەكی سێ‌ هەزار دانە فڕێكەین كوردستانی د بدەن خەڵقی".

خۆ لە خۆڕا ئارام تیگران نەیگوت، شیرین و خوەشە زمانی كوردی، ئەو زمانە شیرین و خۆشە مایەوە هەموو ئەوانەی هەوڵی لە ناو دان و سڕینەوەیان دا بەو خەونە قێزەونەوە سەریان نایە من لەسەر گۆڕی پیرۆزی فەقێی تەیران چەند پیاوێكی بە تەمەنم بینی كە جگە لە زمانی كوردی زمانێكی دیكەیان نه‌ده‌زانی، ئەوان هەر ئەو زمانەیان دەزانی كە پێشتر دایكیان لای لایەی بۆ كردبوون، من باسی ڕۆژێك  دەكەم كە نزیكی سەت ساڵ بوو كۆماری توركیا نكوڵی لە بونی كورد دەكرد، هەر ئەوەنا ماوەیەكی درێژ لەسەر دەربڕینی هەر وشەیەك بە كوردی مرۆڤ سزای مادی دەدرا، تەنانەت ناوهێنانی كوردستان بڤەیەكی گەورە بوو.

ئەم زمانە بونی ئێمەیە دەبێت هەمیشە شانازی بەو دایكانەوە بكەین كە زمانەكەیان بۆ پاراستین، بەو گوندانەوە كە نەیانهێشت زمانی بیانی تخوبی گوندەكەیان بشكێنێ‌، بەو نوسەر و ڕۆشنبیر و شاعیرانەوە كە بە گژ ئەوانەدا چوونەوە دەیانگوت مادام قورئان عەرەبیە ئیتر زمانی كوردی پێویست نیە، یان ناتوانرێت ئاینداری پێبكرێت، لە زاری كرمانجی وتارێكی جوانی مامەند كەركوكیم بینیوە لە وەڵامی ئەوانەدا كە گوایە زمانی كوردیان پێباش نەبووە، یان گوتویانە پێویست نیە هەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار