کورد چی پێویستە؟ پەرلەمان یان ئەنجومەن!

3 كاتژمێر لەمەوپێش



    ئاری قەرەداخی

هەر رێککەوتنێکی ئەرێنی گشتیر لەنێوان پارتی و یەکێتی، لە ئاکامی کۆبونەوەی داهاتووی چاوەڕوانکراوی هەردوولادا سروشتەکەی دەردەکەوێت، دەبێتە بنەما و بناغەیه‌کی جەوهەری لەشێوەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و چۆنێتی بەڕێوەبردنی مەلەفە سیاسییه‌کانی کوردستان لە ئاست حکومەتی عێراقدا، نزیکبوونەوەی لەو جۆرە بە ژیاندنەوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوولا تەماشادەکرێت و کاریگەریی بەرچاو دەکاتەسەر سەنگی کورد لە هەموو پرسەکاندا، پێچەوانەکەیشی رێک پێچەوانە دەڕەوشێنێت..! بەڕاستی کورد لە دۆخێکدایە پێویستی جددی بەتەبایی و کۆدەنگی هەیە..!

هیوادارین، ڕێککەوتنی (یەکێتی و نەوەی نوێ) سەبارەت دیدی هاوبەش، لەدوا کۆبوونەوەی لوتکەدا لە پیرمام باسی لێوەکرابێت، لەپێناوی بەرژەوەنديی گشتیدا بێت و دور لە هۆکاری قوڵبوونەوەی ناکۆکییه‌کانی نێوان پارتی و یەکێتی بێت، وەزعی دانوستاندنەکان ئاسانتر و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی گشتی لەنێو فەزایه‌کی نادیاردا حەشارنەدات..! ئەمجۆرە بزاوتنە لەم سات و دۆخەدا هەستێکی سیاسی ناجۆر دەبەخشيَت..! لەکاتێکدا بەرژەوەندیی نەتەوەییمان داوای هاوپەیمانێتيی دڵڕەوێن و متمانەبەخش دەکات..! 

رووداوە نێودەوڵەتییه‌كان لە دەوربەری هەرێمی کوردستاندا بە ئاڵۆزی و هەندێکجار بە دژواری دێنەڕوو.! بەبێ مۆڕاڵ دەگۆڕدرێن و خێرا دەگوزەرێن.! نابێت سیاسەتی کوردی تەنها لە چاویلکەی گەشبینیدا بەبێباکی بڕوانێتە داهاتووی خۆی و نەتەوەکەی، چونکە سیاسەتپیادەکردنی کورد زۆرتر (موسەییەرە و کەمتر موخەییەرە)، مەبەستمانە بڵێین؛ کورد هێندە بەهێز و تۆکمە نییە بتوانێت پشتبەخۆ بەرگەی رووبەرووبوونەوەی سیاسەتی وڵاتەزلهێزەکان و ئیقلمی بگرێت.! ئایندەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، لە نمونەی پڕۆژە تاقیکارێکەی ئەمریکا/ئەوروپاوە لێکەوتەکانی لە داهاتوودا دەردەکەون..! تائێستا لەژێر کاریگەریی بۆچوونەکانی (باراک ئۆباما)دا جێبەجێدەکرێت، کە بڕوای پتەوی بە سێنتڕالیزمی ئەو دەوڵەتانە هەیە کوردستان بەسەریاندا دابەشکراوە. باراک ئۆباما، گرەو لەسەر ئەو قەناعەتەی دەکات.! نابێت بەسەرپێی و ساکاری بۆ خۆمان و نەتەوەکەمانی شيبکەینەوە، لەوانەیە ئەمەی بۆ سوریا پڕۆژەکراوە؛ ئەگەر، بەلایەنی کەمیشەوە بۆیان سەربگرێت، بەسەر (هەرێمی کوردستان)دا بیسەپێنن و راگواستنی بەرەو دەوڵەتێکی سێنتڕاڵی لە یەکەی (کۆماری عیراق)دا ببەن و پاشانیش ده‌ستوور بە زۆرینەی دەنگ و ریفراندۆمێکی شانۆیی پشتبەستوو بە تابوری پێنجەمی ناوخۆی کوردستاندا، رۆحی لەبەربکرێت و عێراق لە سیستەمی فیدڕالیزمییەوە بۆ سێنترالیزم تێپەڕێندرێت..! 

لەبارەی ئەم سیناریۆ ترسناکەوە، زۆر بەداخەوە؛ لە نیگاکردنێکی هەلومەرجەکانی ئەم دۆخەی لە هەرێمەکەماندا خوڵقاوە بە ئاشکرا دەبیندرێت: پەرتەوازەییی، قۆڕخکاری لە بەڕێوەبردندا، گەندەڵی، کورتهێنان لە دابینکردنی شایستە بژێوییه‌کانی مانگانە و ساڵانەی توێژەکانی کۆمەڵگا، دوورکەوتنەوە لە دامەزراوەیی تیکنۆکراتی و نزیکبوونەوە لە نەرێتی خێڵەکێتی.! ئەمانە نیشانەی تەواوەتی نادەوڵەتدارێتین بەهەموو ماناکانی. ئەو پێودانگانە وەک بەڵگەی بەڕێوشوێنن بەدەست ئەوانەی سێنترالیزمی دەوڵەتیان دەوێت و لامەرکەزێتی ڕەتدەکەنەوە..! ئەوان بێوچان لە لۆبیدان بۆ ڕەواجدان بە ڕەخساندنی گوزەرانێکی باشتر بۆ هاووڵاتیانی سەرتاسەری عێراقێکی یەکگرتووی یەکسان لەڕوانگەی ڕەشنوسەکەی تۆم باراک، بەلەناوبردنی هەر قەوارەیه‌کی فیدڕاڵی و بەرەوخواریش..! 

لەژێر ڕۆشنایی ئەو بۆچوونانەدا، لەو بڕوایەداین، پێکهێنانی (ئەنجومەنی سیاسی کوردی) بیرۆکەیه‌کی بەسوودی  ستراتیژی نەبێت دەرهەق بەچارەنووسی هەرێمی کوردستان و ناڕاستەخۆ لە قازانجی تیۆرییه‌کەی تۆم باراكدا بێت، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خولانەوە لە بۆشاییدا و بەدەستی خۆمان دامەزراوە فەرمییه‌کانی خۆمان دەسڕینەوە..!

بەرپرسیارێتی مێژوویی سەرشانی لایەنەکانی گەورە و بچوکی کوردستان، بەتێکڕای حزبی سیاسی و ڕێکخراو، دامەزراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمپانیا و هەمو تاکێکی گەلەگەمان لەوەدایە؛ ریالیستیانە لە ئاست سیناریۆکاندا بڕەوتێن..! ئێجگار پێویستە پەرلەمانی هەڵبژێردراوی گەلانی هەرێمی کوردستان بەزوترین کات کارابکەین و بیر لە هیچ ئۆرگانێکی تر نەکەینەوە..! بێگومان کورد پێویستی بەیەکهەڵوێستی هەیە، بەڵام باشترین و ساخڵەمترینیان لە پەرلەمانەکەماندا سەرچاوەی هەڵدەکوڵێت. خۆشبەختانە لەرووی یاساکانی نێودەوڵەتییەوە، دەتوانین بەهەموو شێوازێک داکۆکی چر لە مانەوەی قەوارەی دستووریی هەرێمی کوردستان بکەین، بەپشتبەستن بە دەزگا شەرعییه‌کانمان، بە هێزی جەماوەریی لەبننەهاتووی نەتەوەکەمان و بەڕای گشتیی جیهانیەوە..!

لەگەڵ رێزدا بۆ هەر بەرواردێک بە (ئەنجومەنی سوننە)، کە لە دیدماندا بە مردوویی لەدایکبووە، تائێستا رۆڵی بەرچاوی نەبینیوە، ئەوه‌ی بەدەستیانهێناوە لە کاریگەرێتی ئەنجومەنەکەوە بەرجەستە نەبوون و لەڕێککەوتنە لابەلاکانی لایەنەکانەوە بەئەنجام گەیشتوون..! گوایە، (چوارچێوەی هەماهەنگی)ی، ناوماڵی شیعەی یەکخستووە، ئەمەیش دوورە لەڕاستییەوە. مەبەستی ڕاستەقینەلێی؛ لەڕێگایەوە چوارچێوەکە دەستبەسەر بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقدا بگرێت و بەزۆرینەی دەنگی شیعە بڕیاری دژ بە خواستی شیعەگەرایی لە بەرژەوەندی ئیقلیمیدا سەرنەگرن و هتد..!

قەوارەی هەرێمەکەمان لە عێراقدا پێویستی بەکۆپیکردنی ئۆرگانی پێکهاتەی تر نییە، خاوەنی خۆڕسکی ئێجگار بێهاوتای خۆیەتی لەچاو شیعە، سوننە و ئەوانیتردا، چونکە دەستەڵاتی یاسادانانی خۆمان هەیە و هەموو لایەنەکانی لە سایەی (پەرلەمانی کوردستان)دا کۆکردۆتەوە، ئەمە، خۆیلەخۆیدا ئەنجومەنی کوردییە..! کوردستان بە فەرمی و دانپێدانراو دەستەڵاتەکانی جێبەجێکردن و دادوەری لەخۆگرتووە، کە بناغەی قەوارەیی هەرێمەکەمان و کۆڵەکەی زامنکردنی مانەوەیین، ئەگەر بەدڵسۆزی کاریان پێبکرێت، نەتەوەکەمان لە سەرانسەری کوردستانی گەورەدا لە دەوری دەگەڕێت و لەئایندەیشدا بەگوڕ دەجۆژێت لەبۆ خەساندنی هەر جۆرە پیلانێکی گەندەڵاوی (باراک)یی چەشن..! 

لەکۆتاییدا، لەباوەڕێکداین، ئەگەر هێزە کاریگەرێکانی نیشتمانەکەمان دەتوانن بەدەستەجەمعی ئەنجومەنی کوردی دابمەزرێنن، کەواتا ئاسانتر دەتوانن پەرلەمانە بێناز و پشتگوێخراوەکەمان زیرەکانە به‌کاربێنن، ئیتر، بەوچەشنە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیش لە هەموو بوارێکدا بەخۆیان دێنەدی..! خۆ ئەگەر نەتوانن ئەوە راپەڕێنن،  مه‌حاڵ دەبێت، مۆدێلێکی دەستکردی تر دابمەزرێنن، تا لەتوێیدا کۆدەنگی و تەبایی بسازێت..!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار