تائێستا هیچ وادەیەك دیار نییە بۆ گفتوگۆی دوای رێككەوتنەكەی 29 مانگ

3 كاتژمێر لەمەوپێش



✍️ سەرتیپ جەوهەر

رۆژانە وەزیرو كاربەدەستی سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەتی دیمەشق سەردانی حەسەكەو قامیشلۆ دەكەن بۆ یەكخستنی ئیدارەی خۆسەرو لەگەڵ ئەو ئیدارەیەی پێی دەگوترا فەرمانگەكانی دەوڵەت، بەڵام پێدەچێت كاتی زۆری پێویست بێت و وردەكارییەكەی زەحمەتی زۆری تێدا.

تائێستا ناوەرۆكی رێككەوتنی 29 ی مانگ بەڕەسمیی رانەگەیەنراوە، ئەوەی خراوەتە روو هێڵە گشتییەكانی رێككەوتنەكەیە كە بریتیە لە یەكخستنی دامەزراوە مەدەنی و ئەمنیەكان و پێدانی تایبەتمەندی بەناوچەكانی كوردنشین، بێئەوەی شێوەی ئەو تایبەتمەندییەی ناوچە كوردستانیەكان و مافی گەلی كورد و شێوەو ئاستی بەشداریكردنی كورد لەحوكمڕانی سوریا بخرێتەڕوو.

لەدوای رێككەوتنی 29ی مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەیانویست بەپێدانی هەندێك پۆستی ئیداریی ناوچەیی كۆتایی بەپرسی كورد بهێنن و بێدەنگی لەپێدانی مافی گەلی كورد بكەن وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی لەسوریا، بەڵام ئاماژەو وێنەكانی كۆبونەوەكەی میونشن كە لە13 بۆ 15 ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بارودۆخەكەی هەڵگێڕایەوە. ئەو پشتیوانییەی لەئەمریكاو چەند وڵاتێكی ئەوروپا دروستبوو، وزەیەكی زۆری بەخشی و دۆخی كوردی بوژاندەوە، بەجۆرێك ئیدی رێككەوتنی 29 یۆلیۆ شیكردنەوەی نوێی بۆ دەكرێت، تەنها بریتی نابێت لە پێدانی چەند پۆستێكی ئیداریی، بەڵكو زۆر واوەتر دەبێت. بەكورتی كۆبونەوەی میونشن ئاستی داواكاریی كوردی بەرزكردەوە بۆ داواكردنی جۆرێك لەلامەركەزیەت و خۆبەڕێوبەریی، بەڵام هێشتا هیچ پرۆژەیەك لەلایەن كوردەوە رانەگەیەنراوە.

تائێستا هیچ كۆبونەوەو وادەیەك دیار نییە بۆ گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەو قۆناغەكانی دوای رێككەوتنەكە. دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق دەیانەوێ‌ خۆیان بدزنەوە لەناوهێنانی گەلی كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكیی لەسوریا، هەروەك نایەوێ پرسی هەمواركردنەوەی دەستورو مافە گشتییەكانی خەڵكی سوریا بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵكو دەیەوێت بارودۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت تاوەكو رەگ دادەكوتن و خۆیان بەهێز دەكەن، دواتر بەپێی گۆڕانی واقع مامەڵە لەگەڵ كوردو پێكهاتەكانی دیكەی سوریا بكەن.

لەكۆبونەوەو دیدارەكانی میونشن، هەم وڵاتانی ئەوروپاو هەمیش ئەمریكاییەكان سوریایان ئاگاداركردەوە كە راستە ئەوان چاوپۆشیان لەگەڕانەوەی دیمەشق كردووە بۆ ناوچە عەرەب نشینەكانی رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام چاو پەراوێزخستنی پێكهاتەكانی سوریا ناپۆشن! ئەمەش گۆڕانێكی ئەرێنیە بۆ كورد و پێكهاتەكانی دیكە، بەڵام كوردو پێكهاتەكانی ئاسان نییە متمانە كردن بەئەمریكاو ئەوروپا، بەتایبەت دوای ئەو رووداوانەی ئەم دواییە!

خولاسە بۆ كورد دوو هەنگاوی گرنگ پێویستە؛ یەكەم: ئامادەكردنی پرۆژەیەكی روون بەبەشداریی هەموو لایەنەكان، لەبەر رۆشنایی واقعی نوێی سوریاو كورد لەناوچەكە بۆ ئەو شێوە ئەو تایبەتمەندێتیەی پێویستە بدرێتە ناوچە كوردستانیەكان. تێیدا سنوری جوگرافیی و دەسەڵاتەكان و شێوەی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق لەخۆبگرێت.

دووەم: دووبارە رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد و دروستكردنی ئاگردانێك هەمووان لەدەوری كۆببنەوەو بەیەكەوە بڕیار لەدوارۆژی كورد بدەن، دووربكەونەوە لەئەجێندای ئیقلیمیی و دەمارگیریی حزبی. هەروەكچۆن رووداوەكانی چەند هەفتەی رابردوو لە رۆژئاوای كوردستان دووبارە سەلماندی كە كورد بەتەنهایەو تاكە لەمپەرو پارێزبەندیەك هەیبێت یەكگرتویی و یەكدەنگییەكەی خۆیەتی، بۆیە دەبێ‌ پارێزگاریی لێبكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار