دووڕوویی لای حیزبی ئیسلامی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەعید ناشید نووسیویەتی و حەمەسەعید حەسەن بە جوانکارییەوە کردوویە بە کوردی.
دووڕوویی ئەوەیە، بڵێین، لە ئاییندا زۆرەملێ نییە، بەڵام ئەوی لە دین وەرگەڕا، کوشتنی بە ڕەوا بزانین. بڵێین: خوا جوانە و حەزی لە جوانییە، کەچی ژن ناچار بکەین، قژی جوانی خۆی بشارێتەوە. دووڕوویی ئەوەیە بڵێین: بە چاکترین شێواز گوتوبێژیان لەگەڵدا بکەن، بەڵام ئەگەر قسەی ئێمەیان نەسەلماند، سەرانەیان لێ بستێنین. دووڕوویی ئەوەیە، گەنجان بە چەشەی سەرجێیی لەگەڵ حۆرییەکانی ئەو دونیادا، بۆ جیهاد هان بدەین و خۆیشمان تەڵە بۆ ژنە جوانەکانی ئەم دونیا بنێینەوە.
ئەوە لوتکەی دووڕوویییە، لە وڵاتی خۆتدا، لایەنی جێبەجێکردنی شەریعەت بگریت، بەڵام لەگەڵ یەکەم دەرفەتدا، نیشتمانەکەت بەجێ بهێڵێت و بەرەو وڵاتێک سیستمەکەی عەلمانی بێت، کۆچ بکەیت. ئەوە ئەوپەڕی دووڕوویییە، داوای زیادکردنی دەرسەکانی ئایینی ئیسلام لە پرۆگرامی خوێندندا بکەیت، بەڵام منداڵەکانت لە قوتانخانەیەکی ئینگیلیزی، فەرەنسایی، یان ئەمریکاییدا ناونووس بکەیت. ئەوە قێزەونترین جۆری نیفاقە، ئەمڕۆ سێکسفرۆشێک بەگوێرەی ڕێنوێنییەکانی ئیسلام لە خۆت مارە بکەیت و سبەینێ بڕێک پارەی بدەیتێ و تەڵاقی بدەیت. ئەوەیش ناشیرینترین دووڕوویییە، لە مزگەوتدا، لە خودا بپاڕێیتەوە، کافران لە دۆزەخدا بسووتێنێت و لە دەرەوەی مزگەوتیش، داوای کۆمەک لە گاوران بکەیت. ئەوەیش دزێوترین دووڕوویییە، جنێو بە ئەمریکا بدەیت و ئاڵاکەی بسووتێنیت، کەچی لەبەردەمی سەفارەتەکەیدا لە سەرەیەکی درێژدا بۆ ڤیزەکەی بوەستیت.
دووڕوویی ئەوەیە، ئەگەر موسوڵمانێک چووە سەر ئایینی مەسیح، ئەوە بە پیلانگێڕی لە دژی ئیسلام هەژمار بکەیت، بەڵام دڵخۆش بیت بەوەی، چەندان مزگەوتی گەورە و بەشکۆ لە نیویۆرک و لەندەن و پاریس هەن. دووڕوویی ئەوەیە، شادمان بیت بەوەی گەنجێکی خۆرئاوایی، لە دوای مەلایەکەوە لە مزگەوتێکی یەکێک لە شارەکانی خۆرئاوادا، بە زمانێکی تێکشکاو شایەتوومان دەڵێتەوە و ئەوە بە سەرکەوتن بۆ ئیسلام لە قەڵەم بدەیت، نەک بە سەرکەوتن بۆ بەها باڵاکان کە خۆیان لە ئازادیی بیروڕا دەربڕین و ئازادیی ویژداندا دەبیننەوە و لە کولتووری خۆرئاوادا ڕێزیان لێ دەگیرێت.
دووڕوویی ئەوەیە، گوێ بە بەرتیلخواردن نەدەیت، گوێ بە گەندەڵکاریی نێو دەزگەکانی دادوەری نەدەیت، خۆ دزینەوە لە باجدان و سپیکردنەوەی پارە، بە ئاسایی بزانیت، ساغکردنەوەی شتومەکی ساختەت بەلاوە ئاسایی بێت، گوێی خۆت لە مافیای ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانانی دەرمانی ئێکسپایەر، قاچاخچییانی چەک و چالاکیی ڕێکخراوە جیهادییەکان بخەوێنیت، تەنیا خۆت بە تەنوورەی کورتی ژنان و پانتۆڵی تەسکی کیژان و ماچێکی نێو تابلۆیەکەوە خەریک بکەیت. دووڕوویی ئەوەیە، بە پشتبەستن بە بەڵگە و داتا، سوور بزانیت، کۆمەڵگە تا زیاتر وابەستەی ئایین بێت، زیاتر گیرۆدەی گەندەڵکاری، درۆ و دەلەسەی سیاسی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گێچەڵکردنی سێکسی بە ژنان و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان دەبێت و کەچی بڵێیت: هۆکاری سەرەکیی بەدڕەوشتی، پابەندنەبوونە بە ئایینەوە.
دووڕوویی ئەوەیە، ئاژاوەی نێوان ئایینزاکان لە عێراق و سووریا و پاکستان هەڵبگیرسێنیت، ئاگری شەڕی نێوان خێڵەکان لە یەمەن و لیبیا و ئەفغانستان خۆش بکەیت و ئینجا بڵێیت: شەڕی ئێمە لە پێناوی یەکخستنی موسوڵماناندایە. دووڕوویی ئەوەیە، هەموو ژنانی دونیا بە کەمعەقڵ و کەمدین، بە عەورەت و فڕوفێڵی شەیتان و چیلکەوچەوێڵی ئاگری دۆزەخ بزانیت و بەڵام ناوبەناو بڵێیت: بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە. دووڕوویی ئەوەیە دووڕوو بیت و زوو زوویش بڵێیت: دووڕووان لە بنی بنەوەی ئاگری دۆزەخدان.(*)
*
(*) سەعید ناشید نووسیویەتی و حەمەسەعید حەسەن بە جوانکارییەوە کردوویە بە کوردی.
(**) سعید ناشید، ما هو النفاق؟ العرب ٢٣/١١/٢٠١٣
