پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستی پێکردەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان بۆ ساڵی 2026 دەستپێکرد. 

وەزارەتەکە داوا لە سەرجەم دامەزراوەکان دەکات لە ماوەی 20 ڕۆژدا زانیارییە پێویستەکان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە، گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت کراوە.

 مەبەست لەم هەنگاوە دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پەیوەست بە پلەبەرزکردنەوەی (سەربازی و شارستانی) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026.

وەزارەتی دارایی داوای لە گشت وەزارەتەکان کردووە کە خشتەی هاوپێچ پڕبکەنەوە و بڕی شایستە داراییە پێویستەکان دیاری بکەن.

 جەختیش کراوەتەوە کە پێویستە لە ماوەی 20 ڕۆژدا لە ڕێکەوتی دەرچوونی نووسراوەکەوە (27-11-2025) وەڵامەکان ڕەوانە بکرێنەوە، بە پێچەوانەوە لایەنی کەمتەرخەم بەرپرسیار دەبێت لە هەر دواکەوتنی شایستە داراییەکان.

هەر لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە پێویستە خشتەی هاوپێچی پلەبەرزکردنەوەی سەربازی و شارستانی بە جیاواز و بە شێوەیەکی ورد ئامادە بکەن و ڕەوانەی وەزارەتی دارایی بکەن.
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوو بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەکانی بوودجە لەگەڵ بەغدا ڕاگیرابوو. ئەم هەنگاوەی ئێستای وەزارەتی دارایی وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکات و جێگیرکردنی مافە داراییەکانی فەرمانبەران لە بوودجەی فیدراڵیدا، تاوەکو لە ساڵانی داهاتوودا کێشەی نەبوونی تەرخانکردنی دارایی بۆ پلەبەرزکردنەوە نەمێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار