قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی چەمچەماڵ بە دوو قۆناغ دەبێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی بۆردی هاوکاریی زیانلێکەوتووانە، وردەکاریی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 1,302 خانوو زیانیان بەرکەوتووە و پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکەش بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی مافی هەمووان پارێزراو بێت.

ئەنوەر ئەحمەد ڕوونی کردەوە، لە قۆناغی یەکەمدا 600 بۆ 650 خێزان چەکی بانکییان بۆ دەکرێت و بڕی ئەو هاوکارییەی بۆیان تەرخان کراوە وەریدەگرن. ناوبراو دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە تەنانەت ئەو خێزانانەی لە کاتی سەردانی لیژنەکە لە ماڵ نەبوون، مافیان نافەوتێت و سەرجەمیان قەرەبوو دەکرێنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شێوازە کارکردنەی کۆمیسیۆنەکە دەبێتە بنەمایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو لە داهاتوودا.

لای خۆیەوە عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ مژدەی دایە ئەو هاووڵاتییانەی کە زیانی جۆراوجۆریان بەرکەوتووە. بەگوتەی ئەو، هەر هاونیشتمانییەک خانوو، ئۆتۆمبێل و دووکانەکەی زیانی بەرکەوتووە، بۆ هەر سێ زیانەکە بە جیا قەرەبوو دەکرێتەوە. سەبارەت بە ڕیزبەندییەکەش ڕوونی کردەوە کە سەرەتا ماڵەکان، دواتر دووکانەکان و لە کۆتاییدا ئۆتۆمبێلەکان قەرەبوو دەکرێنەوە، کە ئێستا خەمڵاندنی زیانەکانیان تەواو بووە.

سەبارەت بە خشتەی دابەشکردنی پارە بۆ سبەی، عەتا محەممەد ئاشکرای کرد کە نۆرەی دانیشتووانی ناوچەکانی تەکیە، ئاغجەلەر و شۆڕشە. بۆ ئاگادارکردنەوەیان، ئەمڕۆ لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە پەیوەندی بەو کەسانەوە دەکرێت بۆ ئەوەی سبەی ئامادە بن و شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار