کاتی ناردنی پارە و دابەشکردنی مووچەی مانگی 10
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەگوتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق، ناردنی پارە لەلایەن بەغدا بۆ مووچەی مانگی 10 کەوتە هەفتەی داهاتوو، دابەشکردنی مووچەش دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
تاوەکوو ئێستا حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی نەکردووە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەستپێبکات. دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ئەوکات دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی پارەی مووچەخۆرانی کوردستانیش دەکرێت.
لەبارەی کاتی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی10، بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: پێشبینی دەکەم چوارشەممەی داهاتوو 31ی مانگ پارە بنێردرێت.
-لەبارەی دواکەوتنی مووچە، بەرپرسەکەی حکومەتی عێراق وتی: لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی قسەم کرد، دەڵێ: "کێشەی پارەمان هەیە و پارەمان لەبەردەست نییە، هەندێک پارە هەبووە، ئەویش هەفتەی ڕابردوو بەڵێندەر خۆپێشاندانیان کردووە و داوای خەرجکردنی پارەی پڕۆژەکانیان کردووە، ناچار ئەو پارەیەی هەبووە بەوانیان داوە". چونکە حکومەتی عێراق 50 تریلۆن دینار پارەی بەڵێندەر قەرزارە.
بەرپرسەی عێراق لەبارەى ئەوەى بەردەوام دەوترێت لقی هەولێری بانکی ناوەندی سێ تریلۆن دیناری تێدایە بەشی سێ مووچەی خەڵکی کوردستان دەکات، بۆ ئەو پارەیە خەرج ناکرێت؟ بەرپرسەکەی عێراق وتی: ئەو پارەیە هی بانکی ناوەندییە، پارەی پڕۆژەکان و پارەی یەدەگە، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت هەر لەخۆیەوە بۆ مووچە خەرجی بکات.
ئەگەر چوارشەممە پارە بنێردرێت ئەوا دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو. پێنجشەممەی داهاتوو دەکاتە یەکی مانگ پشووە لە عێراق، ئیتر هەینی و شەممەیشی بەسەردا دێت.
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە ئەگەر پارە نێردرا ئەوا لە ڕۆژانی پشوو مووچە دابەش دەکرێت، بۆ کاش کێشە نابێت، دەتوانن دابەشی بکەن. بەڵام کێشەکە بۆ دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری من دروست دەبێت کە ئەم مانگە زیاتر لە 600 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من وەری دەگرن.
بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من بە سیستەمی بانکی ناوەندیی عێراق کار دەکەن، لە ڕۆژانی پشووش بانکەکە دەوامیان نییە و سیستەمەکە کار ناکات.
