شەپۆلێکی تری بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کەشناسی هەرێم: لە رۆژی شەممە ٢٧ـی ١٢، تا سێ رۆژ هەرێم دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بەفر و باران و زۆرترین ماوەی دابارین رۆژی دووشەممە دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 12ـی 2025، بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، رۆژی شەممە ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و سەرەتای شەپۆلەکە بە بەفربارین و نمە باران لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەستپێدەکات و پاشان کاریگەرییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی تر.
هەر لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی بارانبارین مامناوەند دەبێت و زۆرترین ماوەی دابارین دەکەوێتە رۆژی دووشەممە و رۆژی سێشەممە لەگەڵ نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما، ئەگەری بەفربارین هەیە بە تێکەڵی لەگەل نمەباران لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆک.
وتیشی، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە خێرایی با زیاد دەکات و هەندێک کات دەگاتە سەرووی ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لو ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت. دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.
