ئاڵدار خەلیل: حکومەتەکەی شەرع نوێنەرایەتیی تەواوی سووریا ناکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ساڵێکی حکومەتەکەى ئەحمەد شەرع سووریای لە چارەسەری دوورخستووەتەوە و درێژەپێدەرێکی ڕاستڕەوی ڕژێمی بەعسە. ئاڵدار خەلیل گوتی، شەرع و حکومەتەکەشى بەهۆی دەستتێوەردانەکانی تورکیاوە ناتوانێ بڕیاریش بدات.
یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە ئاڵدار خەلیل، لەبارەی ساڵێک لە دەسەڵاتی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)، بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) کرد.
ئاڵدار خەلیل گوتی: "ساڵێک تێپەڕی کە تێیدا ڕژێمی نوێی سووریا ڕووخێنرا و هەتەشە لە دیمەشق هاتە سەر دەسەڵات. هەتەشە خۆی نەهاتە سەر دەسەڵات و هێنایانە سەر دەسەڵات. ئەم هێزانە بەیەکەوە مامەڵەیان کرد. بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی غەززە و شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، هاوسەنگییەکان لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەرداهات. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسەر بڕیاری گۆڕینی ڕژێم هەبوو. بەڵام ئەمڕۆ هەتەشە کە لە دیمەشق دەسەڵاتدارە، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی گەلی سووریا ناکات. ئەم ڕێکخراوە نە نوێنەری شۆڕشە و نە هەڵگری ئیرادەی گەلانە. بەپێچەوانەوە، ئەو حکومەتەی کە دامەزراوە، لە ناوەڕۆکدا ڕووییەکی تری ڕژێمی بەعسە. تاکە شت کە گۆڕاوە، مەیلی ئایدۆلۆژییە. پارتی بەعس لە ڕابردوودا خۆی لەسەر هێڵێکی چەپ پێناسە دەکرد. ئەمڕۆ هەتەشە پشت بە هێڵێکی ئایدۆلۆژیی ڕاستڕەو و ڕادیکاڵ دەبەستێت. لەبری ئەوە، لە بواری ئابووری، سیستەمی دادوەری، تێگەیشتنی پەرلەمان، بەڕێوەبردنی دەوڵەت و شێوازی کارکردندا ئەو وێنەیەی هاتووەتە ئاراوە، نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سووریا نیشان نادات.
ئەو ڕێبازانەی کە لەمڕۆدا پەیڕەو دەکرێن، نیشانی نادەن کە چارەسەرییەک بۆ شۆڕش بەرهەمهێنراوە. دیمەشق خۆی وەکو پایتەختی سووریا پێناسەدەکات. بەڵام لە کرداردا پەیوەندیی ئەو لەگەڵ بەشێکی گەورەی وڵاتەکە دابڕاوە. لەو ناوچانە دەسەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی ناکرێت. بۆ نموونە ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی تورکیا. کاریگەریی دیمەشق لەو ناوچانە چەندە؟ ئەو حکومەتە ڕاگوزەرەی دامەزراوە، لە ماوەی ساڵێکدا لەو ناوچانە تا چەند توانی بوونی خۆی نیشان بدات، دامەزراوەکانی دابمەزرێنێت و بەڕاستی بڵێت "ئێرە خاکی سووریایە"؟ نەیتوانی. ئەو ناوچانە هێشتا لەژێر داگیرکاریی تورکیادان. دۆخی ناوچە کەناراوەکانیش بە هەمان شێوەیە. مەگەر لازقیە و تەرتووس بەشێک نین لە سووریا؟ لەو ناوچانەش دەسەڵاتی دیمەشق نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەکی کاریگەری هەبێت. لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان لە باشووری سووریا، دیمەنێکی هاوشێوەی دوو دەوڵەتی دراوسێ هاتووەتە ئاراوە، کە لە تەنیشتی یەکن. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش بەڕێوەبەری و ڕێکخراوکردنێک هەیە. تاوەکو ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەت لێرە کار ناکات. وێڕای ئەوەش ڕێککەوتننامە و هاوپەیمانیی جۆراوجۆر هەن.
حکومەتەکەی هەتەشە نوێنەرایەتیی تەواوی سووریا ناکات
لە ئەنجامدا ئەوەی ئەمڕۆ لە دیمەشق هەیە، لە بنەڕەتدا دیمەشق، بەشێک لە حەما و ناوچەیەکی سنووردار لە ئیدلیب دەگرێتەوە. بەدەر لەوە، ناتوانێت بڵێت "من نوێنەری تەواوی سووریا"م. بەڵام ڕژێمی کۆن، ئەگەرچی لەڕێی ڕێبازی ناوەندی و فشاریشەوە بوایە، لە ڕێی هەواڵگری، سوپا و ئامڕازەکانی دەوڵەتەوە توانیبووی لە تەواوی وڵات باڵادەستیی خۆی دابمەزرێنێت. ساڵێک تێپەڕی، ڕژێم ڕووخا. بەڵام لەو ماوەیەدا نە حکومەتێکی بەرفراوان دامەزرا، نە پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتیی هەمووان بکات، نە لیژنەیەکی فراوان بۆ ئامادەکردنی دەستوور، نە ئەو ڕێککەوتننامانەش کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە واژۆکراون."
ئاڵدار خەلیل لە بارەی بەردەوامیی کوشتنی خەڵکانی مەدەنی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و ڕەشبگیری و کۆچبەرکردنی زۆرەملێوە لە سووریا ڕایگەیاند: "پێکهاتەیەک کە دیموکراتیک نەبێت، خاوەنی کەلتوورێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە نەبێت، ناتوانێت نوێنەرایەتیی شۆڕشێک بکات. هەرخۆی ئەو شتانەی کە لە ساڵێکدا ڕوویاندا ئەمەیان بە ڕوونی نیشاندا. کۆمەڵکوژیی زۆر ڕوویاندا، ستەمی زۆر لە خەڵک کرا. لە سووریا خەڵکی تەنها لەسەر ناسنامەی خۆیان دەکوژرێن. لە کەسێک دەپرسن "ئایا تۆ عەلەویت؟"، تەنها گوتنی "من عەلەویم" بەسە بۆ سەربڕینی یان کوشتنی. ئەوەی لەوان نەبێت، قبووڵی ناکەن، بۆ نموونە لە ناوچە کەناراوەکان لە سەرەتای ساڵەوە دەستیان بە هێرش کرد. بەهەزاران مرۆڤ کوژران، هەزاران ژن ڕفێنران. هێشتا ئەم کردەوانە بەردەوامن. لە سوەیداش هێرشی لەم شێوەیە ئەنجامدران. لەوێ خەڵک بەرخۆدانی کرد و ئەم کردەوانەی قبووڵ نەکرد. بەڵام دەرفەتیان کەم بوو. ئەو هێزانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە، مامەڵەیەکی زۆر توند لەگەڵ کۆمەڵگەی سووریادا دەکەن. لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەش هەمان ڕێبازیان بەکارهێنا. هێرشیان کردە سەر ئەم گەڕەکانە، ویستیان داگیری بکەن. بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو، بریتیبوو لە بەرخۆدانی گەل. ئەگەر ئەم بەرخۆدانە نەبووایە، ئەوەی لە ناوچە کەناراوەکان کردیان، لەوێش دەیانکرد. ئەمڕۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. دەگوترێت "با سیستەمی بەرگریتان نەبێت"، "با قەسەدە کۆتایی پێ بێت". بە بیانووی ئەنتێگراسیۆنەوە دەیانەوێت خەڵک بێ پاراستن بهێڵنەوە. ئامانجیان ئەوەیە کە سیاسەتەکانی خۆیان بەئاسانی پەیڕەو بکەن."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاڵدار ئاماژەی بەوە کرد، "دەسەڵاتی هەتەشە لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی جیاکاری و چینایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی سووریادا، ئەوەی وەکو ئەوان بیرنەکاتەوە، دووری دەخەنەوە." گوتیشی، "سووریا لە مێژوودا بە دەوڵەمەندی و فرەڕەنگی ناسراوە. بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ هاتوون، بەر لە چارەسەرکردنی کێشە گشتییەکان و گەیاندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بە لێکتێگەیشتن، دەستیانکرد بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە دەسەڵاتی پیاو-ناوەندی بەهێزدەکەن و ئیرادەی ژن دەشکێنن. ئەو مافەی ژن زەوتدەکەن، کە ببێتە پەروەردەکاری منداڵە بچووکەکەی."
شەرع و حکومەتەکەی گوێڕایەڵی تورکیان
لە بارەی هەڕەشەکانی تورکیاوە ئاڵدار ڕایگەیاند: "ڕۆڵی تورکیا لە سووریا ئاشکرایە. لە ساڵی ٢٠١١ و لە دەستپێکی شۆڕشەوە، تورکیا ڕاستەوخۆ هاتە ناو سووریاوە. ئەو گرووپانەی کە خۆیان وەکو "ئۆپۆزیسیۆن" پێناسەدەکرد، خستنیە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بەناوی ئەوانەوە دەستی وەردەدایە سووریا. ئەم دەستوەردانانە تەنها لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسیدا نەمایەوە. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە گۆڕەپانەکەدا چالاکن و بەشێک لە جوگرافیای سووریایان بەکردەیی داگیرکردووە. دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە ئاستێک کە لە سووریا هەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات، تەنها بە "بەڵێ"ـی خۆی قبووڵی دەکات. لە بنەڕەتدا خۆی وەک قەیومێک لە سووریا جێگیرکردووە و سووریا بەڕێوەدەبات.
بەڵێ، ئەمڕۆ شەرع و گرووپەکەی دیمەشق بەڕێوەدەبەن؛ بەڵام ناتوانن سەربەخۆ بڕیاری چارەنووسساز بدەن. تاوەکو تورکیا نەڵێت "ئەمە بکەن"، ناتوانن هەنگاو بنێن. تورکیا هەر لە گۆڕەپانی سەربازییەوە بیگرە تا دەگاتە ژێرخانی تەکنیکی، لە گەلێک بابەتدا ڕاستەوخۆ دەستوەردان دەکات. دەڵێت "ئێمە سەربازان و سوپاکەتان پەروەردە دەکەین". سیستەمی ئینتەرنێت و تەلەفۆنی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. میکانیزمە ئەمنییەکان کۆنترۆڵ دەکات، دەستێوەردانی ئابووری دەکات. هەرخۆی بەشێک لە جوگرافیاکەی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. تورکیا دەیەوێت سووریا بگۆڕێت بۆ سیستەمێک کە درێژکراوەی خۆی بێت. کاتێک گەلی سووریا هەوڵدەدات کێشە ناوخۆییەکانیشی چارەسەر بکات، ڕێگری دەکات. بۆ نموونە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی سووریا نییە، کەچی لە وەزیری دەرەوەی سووریا زیاتر لێدوان لەسەر سووریا دەدات. کاتێک سەیری لێدوانەکانی ڕۆژانەی دەکەین، ئەگەر لێدوانێک لەسەر ڕۆژەڤی ناوخۆی تورکیا بدات، دوو لێدوان لەسەر سووریا دەدات. ئەم دۆخە بە ڕوونی ئاستی دەستوەردانەکە نیشاندەدات.
لە لایەکی ترەوە ئاشکرایە کە تورکیا خۆشی لە پرۆسەیەکدایە. ڕێبەر ئاپۆ لە باکووری کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و کێشەی نێوان کورد و تورک دەستپێشخەرییەکی کردووە. ئەم پرۆسەیە تا ئاستێک چووتە پێشەوە. دەوڵەتی تورکیش لەناوخۆیدا دەڵێت کە بەرامبەر بەم پرۆسەیە هەستیارە و دەیەوێت بچێتە پێشەوە. بەڵام لێرەدا ناکۆکییەکی جددی هەیە. لە لایەکەوە دەگوترێت، "من ئامادەم پرسی کورد لەگەڵ کورد چارەسەر بکەم"، لە لایەکی ترەوە لە سووریا ڕێنادرێت کە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئەگەر بەڕاستی خواستی چارەسەری ئەم پرسە لە باکوور هەبووایە، ئەوا پشتیوانی لەو یەکێتییەش دەکرا کە لە سووریا هەوڵدەدرێت بنیات بنرێت، هاوکارییان دەکرد و هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسانەیان نەدەدا."
'هەموو گۆڕانکارییە هەرێمییەکان، کاریگەرییان لەسەر سووریاش دەبێت'
وتیشی: "ئەمڕۆ چەندن هێزی جیهانی لە سووریادا هەن. هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ٧٠ دەوڵەت زیاتر پێک دێت. ڕووسیا، ئیسرائیل و تورکیا لە گۆڕەپانەکە چالاکن. لە سووریا گرووپی جیاواز هەیە و هەر یەکێک لەوانەش پەیوەستە بە هێزێکی جیاوازەوە. ئەم تابلۆیە ئەوە نیشان دەدات کە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات سەربەخۆ نییە لە پێشهاتە گشتییەکانی هەرێمەکە. لە ئیسرائیل، لوبنان، عێراق و سعودیە گۆڕانکاری ڕوودەدات. هەموو ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و ڕاستەوخۆش ئەم پڕۆسانە کاریگەری لەسەر سووریاش دادەنێت.
لەم پڕۆسەیەدا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چ بڕیارێک دەدرێت با بدرێت؛ کاتێک پرسە دەبێتە بڕیارەکان بۆ قوبرس، ئیسرائیل، میسر، ئوردن، سعودیە، تورکیا، ئێران و عێراق، یان تەنانەت بۆ یەمەنیش، بە دڵنیاییەوە دەبێت دۆخی سووریا لەبەرچاو بگیرێت. هەربۆیە ئەمڕۆ هەر گۆڕانکارییەک لە هەرێمەکەدا ڕووبدات، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سووریا دەبێت. بە هەمان شێوە ڕووداوەکانی سووریاش لەسەر هەموو ئەم دۆسیانە کاریگەری یەکلاکەرەوەی دەبێت".
'دەوڵەتی تورک مەرج بەسەر سووریا دەسەپێنێت'
ئاڵدار خەلیل سەرنجی خستەسەر دوایین سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ دیمەشق و گوتی: "هاتنی هاکان فیدان بۆ دیمەشق و ئامانجی شاندی یاوەری ڕوونە: مەرجەکانی تورکیا بەسەر دیمەشق دەسەپێنن و دەبێت پلانەکانی داهاتووی تورکیاش قبوڵ بکەن. پەیامەکەیان ئەوەیە: "ئەگەر ڕێککەوتن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکرێت، ئەوا بەپێی مەرجەکانی ئێمە دەبێت". تورکیا مەرجەکانی خۆی بەسەر هەموو کەسێکدا دەسەپێنێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمە فشاری سەربازی لەسەر ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی درووست دەکات، بە ئاشکرا لە میدیاکاندا هەڕەشە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات".
'پڕۆژەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە پراکتیکدا جێبەجێکراون'
ئاڵدار خەلیل باسی لەوەشکرد پڕۆژەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٢٠١١ـەوە لە جێبەجێکردندایە و گوتی: "ئەوەی باسی دەکەین پڕۆژەیەکی تیوری نییە؛ لە پراکتیکدا جێبەجێکراوە، سیستەمێکی دامەزراوەییە. بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە ئەم تیۆرەمان گۆڕا بۆ پراکتیک و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم سیستەمە ئەوە نیشان دەدات: کۆمەڵگەیەک، بە شێوەیەکی ناناوەندی و بە ئیرادەی کۆمەڵایەتی خۆیەوە، چۆن دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات؟ چۆن دەتوانێت ئابووری، بەرگری، پەروەردە، تەندرووستی، ڕێکخستن و پێوانە سەرەتاییەکانی دیاری بکات؟ ئەو سیستەمەی ئێمە پێشنیاری دەکەین ئەمە نیشان دەدات. ئەم سیستەمە ئەو سیستەمەیە کە یەکێتی سووریا دەهێنێتە ئاراوە".
