دارایی ههرێم، لەبارەی رێكخستنەوەی داهاتەكان فەرمانگەكان ئاگادار دەكاتەوە
5 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی ههرێمی كوردستان، لەبارەی وردەكاریی رێكخستنەوەی داهاتەكان و چۆنیەتیی گەڕاندنەوەیان، وەزارەت و فەرمانگەكان لە بڕیاری نوێ ئاگادار دەكاتەوە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 10ی 2ی 2026 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (هاوڵاتى) كەوتووە، لەبارەی پۆلێنكرن و رێكخستنەوەی داهات و چۆنیەتیی گەڕاندنەوەیان و خەرجكردنەوەیان، وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە كار بە میكانزم و بڕیاری نوێ بكەن.
لە بڕیارەكەدا ئەوە هاتووە كە: "بەشەداهاتی زیادكراو، لە تەرازووی پێداچوونەوەی یەكە ژمێریارییەكاندا پۆلێنێكی نوێی بۆ زیاد دەكرێت بە ناوی (سپاردەی دیكەی جۆراوجۆر- رێژە).“
بەپێی نووسراوەكە، وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە، پابەند بن بە خەرجكردنی رێژەكانی داهات بەپێی رێنوێنی و بڕیارەكانی وەزارەتەكە.
بەپێی خشتەیەك كە لە رێنوێنیی دارایی ژمارە 11ی ساڵی 2025 هاتووە، 16 وەزارەت داهاتی جۆراوجۆریان هەیە و بەشێكی ئەو داهاتانە بۆ خودی وەزارەتەكان خەرج دەكرێتەوە و بەشێكیش بۆ گەنجینەی گشتیی حكوومەتە، بۆ نموونە: "داهاتی گشت فەرمانگەكانی كارەبا 80%ی بۆ خودی وەزارەتی كارەبایە و 20%ی بۆ گەنجینەیە، داهاتی كۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانان 6%ی بۆ وەزارەتەكەیە و 94%ی بۆ گەنجینەیە، داهاتی تۆماری كۆمپانیاكان 25%ی بۆ خودی وەزارەتی بازرگانییە و 75%ی بۆ گەنجینەی حكوومەتە."
بەگشتی، 26 جۆر داهاتی وەزارەتەكان پۆلێن كراون كە بەشێكیان بۆ خودی وەزارەتەكانە و بەشێكی دیكەی داهاتەكەش بۆ گەنجبنەی گشتیی حكوومەتە.
