پەروین بوڵدان زانیاری ورد لەسەر کۆتا دیداری ئیمرالى ئاشکرادەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



پەروین بوڵدان ڕێ و ڕێبازەکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی ڕوونکردەوە و دەستنیشانی کرد ئەنتێگراسیۆن بە مانای قبوڵکردنی مافەکانی یەکترە. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا، یەكێتی نەتەوەیی بۆ کوردان پێویستییەکی حەتمییە و بۆچونی ڕێبەر ئاپۆیش لەم ڕووەوە ڕوونە.

ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا، زانیاری  وردی دەربارەی کۆتا دیداری ئیمراڵی خستەڕوو کە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامی دا.

'بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە'

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداردا وێڕای تەندرووست باشیی، بە مۆراڵەوە وزەی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە وەرگرتووە و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە."

 بوڵدان ئاماژەی بەوەدا لە دیدارە سێ کاتژمێری و نیوەییەکەیاندا ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤەکانی بەشێوەی یاداشت لەگەڵ شاندەکەدا هاوبەش کردووە و وەک هەموو جارێک بە ئامادەباشییەوە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە.

ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا پەیامی بۆ کێ ناردووە؟

بوڵدان ئاشکرای کرد ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی دۆخی زیندانیان پرسیاری لێ کردوون و بە تایبەت سڵاوی بۆ زیندانیانی ژن لە گرتووخانەی سینجار ناردووە. هەروەها پەیامێکی بۆ ئیسماعیل بێشکچی نارد. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی سەلیم ساداک ناردووە.

'گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا ڕووی نەداوە'

هەرچەند لەگەڵ بەرەپێشچوونی پرۆسەکەدا ڕای گشتی لە چاوەڕوانی گۆڕین و باشکردنی دۆخی دانوستانکاریانەی ڕێبەر ئاپۆدایە کە بەردەنگی پرۆسەکەیە، لەم ڕووەوە بوڵدان جەختی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا نەهاتووەتەگۆڕێ و گوتی: "مرۆڤ ناتوانێت بڵێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا هاتبێتە گۆڕێ. هەرخۆی جگە لە ئێمە و شاندە دانوستانکارەکان دەرفەت بۆ کەسی دیکە نەڕەخساوە دیدار بکات، ئەوەی ئێمەش وەک شاندەکە تەنها مانگی جارێک دەتوانین دیداری ئەنجام بدەین. ئەوەش بڵێین جار جار بنەماڵەکەی سەردانی بەڕێز ئۆجالانیان کردووە، هەروەها جارێک پارێزەران ڕۆشتوون بۆ ئیمراڵی."

دەربارەی ئەنتێگراسیۆن؛ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراسی چۆن دەڕەخسێت؟

بە گوتەی پەروین بوڵدان، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بە دوو قۆناغ هەڵدەسەنگێنێت و لەم ڕووەوە گوتی: "بەڕێز ئۆجالان کاتێک باس لە ئەنتێگراسیۆن دەکات مەبەستی لە یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە، بەڕێزیان دەربارەی پرۆسەکە کە بە دوو قۆناغ پێناسی دەکات ئەمەی گوت"کۆتاییمان بە قۆناغی یەکەم هێنا و تێمان پەڕاند. یانی شەڕ و پێکدانان کۆتایی هات، گەر سیموڵیانەش بێت، چەک دانرا"، بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند بە هەموارکردنەوەی یاساییەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بە دڵنیایەیەوە ئەمەش یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە. بەڕێزیان کاتێک باسی ئەنتێگراسیۆنیان کرد جەختی کردەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنەکە مافەکانی یەکتر مسۆگەر بکات. لێرەدا بێگومان مەبەستی بەڕێزیان چەندین بابەتی پەیوەست بە مافەکانی کوردانە، لە سەروی هەموویانەوە بابەتی پەروەردە و خوێندنە بە زمانی کوردی.

بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەدا هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە کوردان پێویستی بە گەرەنتی یاسایی هەیە. ئەوەیشی دەستنیشان کرد دەبێت ڕێکارێک بگیرێتەبەر کە مافەکانی گەلی کورد لە ناسنامە، زمان و چاندیی کوردیی بپارێزێت. بەڵێ ئەنتێگراسیۆن بەم میکانیزمە یاسایی و ڕێکارانە دێتەدی."

دەربارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی کۆتایی کۆمیسیۆن

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن 'گرنگ و سەنگینە'، بەڵام شرۆڤەیان لەسەر دوو بەشی دا.

دەربارەی ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی

پەروین بوڵدان سەرنجی خستەسەر ئەو هاودەنگییە نەتەوەییە کە دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە ناو کوردان و دۆستانی کورددا دەرکەوت و ئاماژەی بەوەدا ئەم هاودەنگییە ڕۆحی نەتەوەیی بە‌‌هێزتر کردووە و لەم ڕووەوە ئاماژەی بە بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ کرد لەسەر ئەم مژارە.

پەروین بوڵدان گوتی: "لە مێژە ئاشنای دیدگا و بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانین دەربارەی بابەتی یەكێتیی نەتەوەیی. دیارە لەگەڵ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆحی نەتەوەیی گڕوتینێکی دیکەی وەرگرت و ئەم ڕۆحێتە لە هەموو جێگەیەک کە کوردانی لێ دەژین نیشان درا. بەڕاستی یەکێتی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان مێژوویی بوو. هاودەنگییەک بوو لە خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان. پێموایە لە چارەسەکردنی ئەم بابەتەدا لە کاتی گفتوگۆ و دانووستاندا ئەم یەكێتییە کاریگەرە. بەڕێز ئۆجالان لەم بابەتەدا هەوڵدانی بێپایانی هەیە."

پەروین بوڵدان چی گوت لە بارەی هەڵویستی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە؟

پەروین بوڵدان لەسەر پرسی دەرکەوتنی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی لە باشووی کوردستان ئەمەی گوت: "مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە. کە زۆر سەنگینە و بە دڵیناییەوە بە سەنگینی دەبینین و مانادارییەکی مەزن دەداتە ئەم بابەتە. هەمووان ڕۆڵیان هەبوو لە دەرکەوتنی بەهێزیی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەییدا. ئەم ڕۆحێتە پشکوتووە و کاتی ئەوەیە کاریگەری دانێت. بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانیش لەسەر بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ڕوونە. یەکێتی نەتەوەیی بابەتێکی حەتمییە لە پێشماندا. لێرە بەدواوە دەبێت بە ڕێبازگەلی جیاوازەوە لە ئاستی ڕاگەیاندن، دانووستان و گفتوگۆ و تەنانەت لە ژیانی ئاسایشدا پەیڕەو بکرێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار