گەمارۆی سەر کۆبانێ بەردەوامە.. تەنها یەک فڕنى نان کاردەکات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لە رۆژى 30ى کانوونى دووەمى 2026وە کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی سەختی مرۆییدایە، کێشەی تەندروستیی، خۆراک، سووتەمەنی و هەموو پێداویستییەکی دیکەی ڕۆژانە بۆ هاوڵاتییان درووست بووە، تا ئێستاش گەیشتنی بەشێک لە هاوکارییەکان بۆ شارەکە ڕێگرییان لێ دەکرێت.
گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حکومەتی سووریا، لە ٦ـی کانوونی دووەمەوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، پاشان هێرشیان کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارەکانی تەبقا و ڕەقە و عەین عیسا و گوندەکانی کۆبانێ جارێکی دیکە بەرەو شاری کۆبانێ ئاوارەبوون.
بەردەوامى گەمارۆکان وایکردووە دانیشتوانى کۆبانێ زۆر بەئاستەنگ پێداویستییەکانى رۆژانەیان دەست بکەویت، لەسەروى هەموویانەوە نان، بەو پێیەى ئێستا تەنها یەک فڕنى دروستکردنى نان لە شارەکە کاردەکات و تاکە سەرچاوەى تەواوى دانیشتوانى کۆبانێیە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانیان.
سەبارەت بە سەختی کارکردن و دەستەبەرکردنی نان، محەممەد حسێن سەرپەرشتیاری کرێکارانی نانەواخانەی ئۆتۆماتیکی کۆبانی دەڵێت، ئەمە تاکە نانەواخانەیە لە کۆبانی کاردەکات، نزیکەی ١٠٠ کرێکاری تێدایە، لە کاتی شەڕ و هێرشەکاندا، کارکردن بە درێژایی 24 کاتژمێر بەردەوامە، دانیشتوانى شارەکەش بەشداری دەکەن لەیارمەتیدانمان.
حوسێن باسى لەوەشکرد، بەهۆی ئاوارەبوونی خێزانەکان لە گوندەکانەوە بۆ شار، ژمارەی دانیشتوان زیادی کردووە، نانەواخانەکە ٢٤ کاتژمێر کاردەکات، ڕۆژانە 40 هەزار کیسە نان بەرهەم دەهێنرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەشێک لە کرێکاران بەهۆی قورسی کارەکەیانەوە تووشی مەترسی هاتوون، بەڵام سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە بەهۆی گەمارۆکانەوە هاتوونەتە ئاراوە، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بە وتەی پزیشکەکانی کۆبانێ، بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، هەموو جۆرە دەرمانێک لەبەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە تەواو بووە، توشبووانی شێرپەنجەش ناتوانن بچنە دەرەوەی کۆبانێ بۆ درێژەدان بە چارەسەرەکانیان.
هەروەها، ناتواندرێت شیر بۆ منداڵان پەیدا بکرێت و بەهۆی پچڕانی کارەبا و کەمی سووتەمەنییەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخۆشخانەکان داخراون، بەگوێرەی سەرچاوە تەندرووستییەکان، ئەگەر دەرمان و شیری منداڵان دابین نەکرێن، کێشەی تەندرووستی گەورە درووست دەبێت.
جگە لەوەش لە بازاڕی کۆبانێ، سەوزە و کەرەستە سەرەکییەکانی خۆراک تەواو بوون، ناتوانرێت سووتەمەنیش پەیدابکریت، لە ئێستادا ژیانی ٦٠٠ هەزار کەس لە مەترسییەکی گەورەدایە.
